رۆژنامەی ھەولێر

ئیسماعیل تاڵەبانی و کەمال محەمەد بەرهەمێک پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەن

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە هەنگاوێکی مرۆڤایەتی بۆ پشتگیری لە نەخۆشانی شێرپەنجە، شاعیری ناسراوی کورد ئیسماعیل تاڵەبانی و هونەرمەند کەمال محەمەد، بەرهەمێکی هاوبەشی هیوابەخش بە ناوی “گەڕانەوەی هیوا”، پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەن.

ئیسماعیل تاڵەبانی، شاعیری ناسراوی کورد بۆ هەولێر گوتی: من و هونەرمەند کەمال محەمەد بەرهەمێکی هاوبەش پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا دەکەین؛ بەرهەمێک کە لە دڵەوە هاتووە و ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی هیوایە. ئەم کارە پەیامێکی مرۆڤایەتی و هەستیارییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی هیوادا لەگەڵ نەخۆشی شەڕ دەکەن و هیوا بووە بە ماڵی دووەمیان. ویستمان ئەوەیە بە زمانی هونەر پێیان بڵێین کە ئەوان لە هیچ رووێکدا لە ئێمە کەمتر نین، بەڵکو مرۆڤێکن وەک هەمووان، پڕن لە توانای ژیان، ئیرادە، خۆشەویستی، مرۆڤدۆستی و هیوابوون بۆ داهاتوو.
گوتیشی: لە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمەدا هەوڵمان داوە ئەو راستییە بگەیەنین کە تا رەحمی خودا هەبێت، نائومێدی مانای نییە. مرۆڤ دەبێت هەمیشە هیوای بە گەورەیی خودا هەبێت، چونکە زۆر جار هەمان هیوا دەبێتە هێزی بەردەوامبوون و بەسەرهێنانی سەختترین ساتەکانی ژیان. هەر بۆیە وشە و ئاوازی ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای ئومێد، ئارامی و پشتگیریی دەروونی دامەزراون.
ئیسماعیل تاڵەبانی باس لە بڵاوبوونەوەی کلیپەکە دەکات و دەڵێت: کاری کلیپی ئەم بەرهەمە لە رۆژی شەممە، 8ی ئاب دەست پێ دەکات و بڕیارە لە 20ی ئابدا، لە مەراسیمێکی شایستە لە نەخۆشخانەی هیوا، بۆ یەکەم جار پێشکەش بکرێت. دواتریش بە تەواوی بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئەوەی پەیامەکە بگات بە ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک. رەنگە هونەرمەند کەمال محەمەد بە هۆی بوونی لە دەرەوەی وڵات نەتوانێت بە جەستە ئامادەی مەراسیمەکە بێت، بەڵام رۆح و هەستی ئەو لەم پرۆژەیەدا ئامادەیە و ئەوەی هەردووکمان دەیڵێین ئەوەیە کە ئەرکی شاعیر و هونەرمەند تەنیا دروستکردنی بەرهەمی هونەری نییە، بەڵکو دەبێت لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا لە تەنیشت کۆمەڵگە و مرۆڤەکان بوەستن.
ئەو شاعیرە باس لە گرنگیی پەیامی ئەو بەرهەمە دەکات و دەڵێت: ئێمە باوەڕمان وایە ئەو نەخۆشانەی لە هیوادان، پێویستیان تەنیا بە چارەسەری پزیشکی نییە، بەڵکو پێویستیان بە وشەیەکی خۆش، پەیامێکی هیوابەخش و هەستکردن بەوە هەیە کە کۆمەڵگە لەبیری نەکردوون. ئەگەر بەرهەمێکی هونەری بتوانێت تەنیا خولەکێک خەندە بخاتە سەر لێوی نەخۆشێک، یان هیوای لە دڵی خێزانێک زیاد بکات، ئەوا ئێمە ئامانجی خۆمان بەدەست هێناوە.
دەربارەی رۆڵی شاعیران و هونەرمەندانی کورد لە پرسە مرۆڤایەتییەکاندا، ئیسماعیل تاڵەبانی دەڵێت: لە مێژووی گەلەکەماندا، شاعیران و هونەرمەندان هەمیشە لە پێشەوەی رووداوە گەورەکانی کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بوون. لە کاتی شادی و لە کاتی کارەسات و ناخۆشیدا، ئەوان دەنگی خەڵک بوون و بە زمانی شیعر، گۆرانی و هونەر هەستی گەلەکەیان گواستووەتەوە. ئێمەش بە درێژایی هەمان رێگە هەوڵ دەدەین لە رێگەی وشە و ئاوازەوە خزمەتێکی بچووک بە مرۆڤەکان بکەین و بیسەلمێنین کە هونەر، کاتێک لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت، دەبێتە یەکێک لە جوانترین پەیامەکانی ژیان.
ئیسماعیل تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا: لە یەزدانی مەزن دەپاڕێمەوە شیفای خێرا و تەندروستی تەواو بە هەموو نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا ببەخشێت، هێز و ئارامی بدات بە خێزانەکانیان و، بە هیوایەکی نوێ و جەستەیەکی تەندروست بگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و نێو ئازیزانیان. هیوادارم ئەم بەرهەمە ببێتە دەستگرۆیەکی بچووک بۆ دڵەکان.