حەسەن حەمەد ئاندێکی
سێزدەی ئاب لە ڕۆژژمێری جیهانیدا، تەنها رێکەوتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وێستگەیەکی پڕبایەخە بە ناوی ڕۆژی جیهانیی چەپلەرەکان (International Left-Handers Day). ئەم ڕۆژ یا ئەم بۆنەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بە فەرمی دەستی پێکردووە، ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لەبارەی ژیانی ئەو کەمینە کە نزیکەی سەدا دەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدەهێنن. ئەم ڕۆژە، بانگەشەیەکی مرۆڤدۆستانەیە بۆ ڕێزگرتن لە فرەڕەنگییە سروشتییەکان و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ چەپلەرەکان، بەتایبەتی لە جیهانێکدا کە زۆربەی ڕەها و پێوانەی ئامرازەکان بۆ کەسانی دەستڕاست دیزاین کراون.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، چەپلەرەکان توانیویانە بەوپەڕی لێهاتووییەوە خۆیان بگونجێنن و تواناکانیان بسەلمێنن.لە ڕوانگەی توێکاریی زانستی و بایۆلۆژییەوە، بەکارهێنانی دەستی چەپ هەڵبژاردنێکی ڕووکەش یان خوویەکی کەسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بۆماوەیی و گەشەسەندنی پێکهاتەی مێشکە. زانایانی دەمارناسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم جیاوازییە بەشێکی زۆر ئاسایی و تەندروستە لە پەرەسەندنی مرۆڤدا. مێشکی مرۆڤ دابەش بووە بۆ دوو نیوەگۆی سەرەکی، کە هەریەکەیان ئەرکی دیاریکراوی خۆیان هەیە. لە لای زۆربەی چەپلەرەکان، نیوەگۆی ڕاستی مێشک باڵادەستتر و چالاکترە، ئەمەش وایان لێدەکات خاوەنی تۆڕێکی دەماریی یەکجار بەهێز بن کە پردی پەیوەندیی نێوان هەردوو نیوەگۆکە خێراتر دەکات. ئەم تایبەتمەندییە بایۆلۆژییە بێهاوتایە، دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسێسکردنی زانیارییە ئاڵۆزەکان لای ئەم کەسانە خێراتر و وردتر بێت لە چاو کەسانی ئاساییدا.لەسەر ئاستی داهێنان و بیرکردنەوەی فرەڕەهەند، چەپلەرەکان وەک ئەستێرەیەکی پرشنگدار دەدرەوشێنەوە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم توێژە لە بوارەکانی وەک هونەری شێوەکاری، ئاوازدانان ،دیزاین و تەکنەلۆژیادا خاوەنی تێڕوانینێکی زۆر جیاواز و قووڵترن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بیرکردنەوەی دەرەوەی چوارچێوە باوەکان؛ ئەوان کێشەکان بە گۆشەیەکی بێوێنە دەبینن و چارەسەری خێرا و داهێنەرانەی بۆ دەدۆزنەوە. هەڵبەت ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەوان بێ ماندووبوون دەگەنە لوتکە، بەڵکو داهێنانەکانیان تێکەڵەیەکە لەو بەهرە سروشتییە و ئەو هەوڵ و کۆششە بەردەوامەی کە لە ژینگەیەکی ناهەمواردا دەیدەن بۆ سەلماندنی پێگەی خۆیان.گۆڕەپانی کێبڕکێ و وەرزش، یەکێکی ترە لەو بوارانەی کە چەپلەرەکان تێیدا باڵادەستییەکی ستراتیژیی ئاشکرا نیشان دەدەن.
لە یارییە تاکەکەسییەکانی وەک تێنس، بۆکسێن، شمشێربازی و مەلەکردندا، هەندێک جار سوودێکی ئێجگار گەورە لەو جیاوازییەی شێوازی یارییان وەردەگرن. نهێنیی ئەم سەرکەوتنە لەوەدایە کە زۆرینەی ڕەهای ڕکابەرەکانیان بە درێژایی ژیانیان ڕاهاتوون لەگەڵ وەرزشەوانانی دەستڕاستدا یاری بکەن. هەر بۆیە، کاتێک ڕووبەڕووی چەپلەرێک دەبنەوە، شێوازی جوڵەی خێرا، گۆشەی لێدانەکان و پەرچەکردارە پێشبینینەکراوەکانیان، ڕکابەرەکانیان تووشی سەرسوڕمان و شڵەژان دەکات.
ئەم خێراییە لە بڕیاردان و وەڵامدانەوەی ماسولکەییدا، وایان لێدەکات هەمیشە هەنگاوێک لە پێشەوە بن.مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەتیش، لاپەڕەی زێڕینی بۆ ژمارەیەکی بێشومار لە زانا، فەیلەسوف، سەرکردەی سیاسی و وەرزشوانی مەزن تۆمارکردووە کە لە بوارە جیاوازەکاندا بە دەستی چەپ جیهانیان گۆڕیوە. ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، جارێکی تر پێمان دەڵێت کە چەپلەربوون نە خاڵێکی لاوازییە و نە جۆرێکە لە کەمایەسی، بەڵکو بەپێچەوانەوە، دیارییەکی گرانبەهای سروشتە. مێشکی ئەم کەسانە وەک گەنجینەیەکی پڕ لە لێکدانەوەی لۆژیکی و خەیاڵی بێسنوور وایە کە بەردەوام دەبێتە سەرچاوەی بەرهەمهێنان، گەشەسەندن و هێنانەکایەی سەرکەوتنی گەورە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. ڕۆژی جیهانیی چەپلەرەکان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ تێڕامان لە جوانی و گرنگیی جیاوازییە مرۆییەکان. کۆمەڵگەی تێگەیشتوو و پێشکەوتوو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە سەرجەم تاکەکانی بێ جیاوازیی لەئامێز دەگرێت و ژینگەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت.
بەکارهێنانی دەستی ڕاست یان چەپ، هیچ کات پێوەر نییە بۆ دیاریکردنی سنورەکانی توانای مرۆڤ؛ بەڵکو ئەوەی بەڕاستی بەهای هەیە، بریتییە لە قووڵایی زانین، هێزی داهێنان، ئیرادەی پۆڵایین بۆ بەرهەمهێنان. لەم سەردەمە نوێیەدا، پێویستە مرۆڤایەتی زیاتر گرنگی بەم توانا شاراوە و بێوێنانە بدات کە لە ناخ و مێشکی کەسانی چەپلەردا هەیە. بۆیە، سێزدەی ئاب پەیامێکی بەهێزە بۆ پیرۆزڕاگرتنی ئەم فرەڕەنگییە سروشتییە، چونکە هەر ئەم جیاوازییانەیە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەوڵەمەندتر و ڕەنگینتر دەکات. سەرچاوە:
1. www.lefthandersday.com
2. McManus, I. C. (2002). Right Hand, Left Hand: The Origins of Asymmetry in Brains, Bodies, Atoms and Cultures. Harvard University Press.
3.Corballis, M. C. (2014). Left Brain, Right Brain: Facts and Fantasies. PLOS Biology, 12(1), e1001767.

