رۆژنامەی ھەولێر

تا بیر کــرنەوەمان نـەگــــــــــۆڕێت، ژینگە و ژیانمان ناگۆڕێت خــوێندنەوەیـەکــی خێـرا بـــــــــــــۆ پـەرتووکی (شەبەنگی ژینگە)

ئاسۆ شکاک*
ئەو ووتەی سەرەرە ئاماژەدانە بە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ پەیوەست بە بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بەرانبەر بە ژینگە و ژیان و کۆمەڵگە، زۆر جار لە کۆڕ و سیمینار و چالاکی و دیبەیتە ژینگەییەکان ئاماژە بەو خاڵە گرنگە دەکەم کە ئێمەی ژینگە دۆست و ژینگە پارێز دەبێت بە تێڕوانینێکی ڕۆشنبیرییانە مامەڵە لەگەڵ کێشە ژینگەییەکان بکەین، ئەویش بەکردار، و بەنووسین دەتوانین پەیامەکە بگەیەنین، چونکە هەر یەکێکیان گرنگی و قورسایی و گەیاندنی خۆی هەیە، ئەوەندەی ئێمە بەدواداچوونمان کردبێت، تا ڕادەیەکی باش توانراوە پەیامە ژینگەییەکە لە ڕێگەی خامەی نووسەرانەوە لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، یاخود پەرتووک و توێژینەوە ژینگەییەکان ئامانجەکە بگەیەندرێت.
یەکێک لەو پەرتووکە گرنگانەی کە لەم ماوەیەدا کەوتە کتێبخانەی کوردییەوە، پەرتووکی (شەبەنگی ژینگە)یە، لە نووسینی ئاری ئاغۆک، دوای خوێندنەوەی سەرجەم وتار و بابەتەکان، چەند سەرنجێکی گرنگم لا دروست بوو هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی خێرا بیانخەمە ڕوو.
بابەتەکانی ناو ئەم پەرتووکە، وەک بابەتی گشتی تایبەتە بە هەلایەنی ژینگە وەک (پەروەردە، ڕۆشنبیری، کەلتووری، ڕێنمایی، هۆشیاری و، هتد).
لەبەرئەوەی نووسەری پەرتووک لە بواری پەروەردە کار دەکات، ئەوا زۆرترین بابەتی ناو ئەم پەرتووکە تایبەتە بە پەروەردە و قوتابخانە کە لە کۆی ٢٧ وتار(١٠) وتار تەرخان کراوە بۆ ئەم لایەنە، بۆیە ئێمەش(٣) نموونە لە بواری پەروەردە دەخەینە ڕوو.

– ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوە
کاتێ وادەی تاقی کردنەوەی قوتابیان دەست پێ دەکات، لە هەر قۆناغ و وەرزێک بێ، ئەوا قوتابی هەست بە شلەژانی دەروونی دەکات، بەتایبەتی قوتابیانی قۆناغی دوانزی ئامادەیی، بۆیە هەموو خیە (تەرکیز)ەکان، لەسەر دەرچوون و سەرکەوتنی قوتابییە، بەڵام لەم نێوەندەدا بابەتێکی گرنگ هەیە کە وەک ڕۆحی پەروەردە و تاقی کردنەوە وایە بەڵام بەشێک لەقوتابی و ناوەندەکانی خوێندن بایەخیان پێ نەداوە، ئەویش ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوەیە، ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە و کاریگەری لەسەر دەروون و ئەنجامی قوتابی دەبێت، بۆیە مامۆستا ئاری ئاغۆک لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوە وتارێکی گرنگی نووسیوە پەیامی بابەتەکەی لە پێنج خاڵدا کۆ کردۆتەوە؛ ئەوانیش:
١-ژینگەی دەروونی قوتابی
٢-دەنگ و ژاوەژاو
٣-فێنکی و کەشێکی لەبار
٤-دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش
٥-بوونی گوڵ و گوڵزار

هەر یەک لەو خاڵانە بە وردی شیکردنەوەی بۆ کردیە کە هەمووی لە پێناو سەرکەوتن و دەرچوونی قوتابییە، ئەویش بابەتی ژینگەیەکی باش لە هۆڵی تاقیکردنەوەدا.

-گرنگی سیمیناری ژینگەیی لە ناوەندەکانی خوێندن
بە هۆی ئەوەی ئێمە وەک ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە، زۆرترین چالاکییمان لە ناوەندەکانی خوێندنە، یەکێک لەو چالاکییانەش برییتیە لە ئەنجامدانی سیمیناری ژینگەیی بۆ قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن، نووسەری ئەم پەرتووکە لە ڕێگەی ئەم وتارەوە بابەتێکی باشی ورووژاندوە، بۆ ئەوەی ڕێکخراوە ژینگەییەکان، مامۆستایان، خۆبەخشانی ژینگە و پسپۆرانی ئەو بوارە، هەوڵ بدەن بۆ قوتابیان سیمینار ئەنجام بدەن، جا لە هەر قۆناغ و ئاستێک بە پێی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان بێت، ئێمە ئەو ئەزموونەمان هەیە و دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی باشی داوەتەوە لە قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانە، کە پەیامەکانی سیمینار گەیاندنی هۆشیاری ژینگەییە، بەشێکی زۆری قوتابیەکان ئێستا بوونەتە چالاکوانی ژینگەیی، بۆیە لە ڕێگەی وتارێک نووسەر ئامانجی خستۆتەڕوو، هەروەها چەند لایەنێکی خستەڕوو کە نووسیویەتی: (بەپێی بە دواداچوون و ئەزموونی کارکردنمان لەو بوارە، دەتوانین سیمیناری هۆشیاری ژینگەیی لە (٣) دەرگاوە بگەیەنینە ئەقڵ و بیرکردنەوەی قوتابی کە نموونەی زیندوون و ساڵانێکە ئیشی لەسەر دەکەین)، ئەوانیش بریتین لە:
١- گرێدانی سیمینار لە قۆناغی باخچەی منداڵان
٢- گرێدانی سیمینار لە قۆناغی بنەڕەتی
٣- گرێدانی سیمینار لە قۆناغی ئامادەیی
لەو پۆلینکردنەدا نووسەر هەر قۆناغێکی جیا کردۆتەوە، کە هەر قۆناغێک بە پێی ئاستی بیرکردنەوە و تەمەنی قوتابییەکە دەتوانرێ پەیامی هۆشیاری ژینگەیی بگەیەندرێ.

– ساڵی نوێی خوێندن و دووپاتکردنەوەی ژینگەپارێزی
هەموو ساڵێک لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن، لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێنماییەکی کارگێری دەردەچێ، بۆ ڕاییکردن و بەردەوامی ساڵی تازە، دیارە لایەنی ژینگە و تەندروستیش بەشێکی گرنگن لەو ڕێنماییانە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، نووسەر لەم کتێبەدا بە ناونیشانی (ساڵی نوێی خوێندن و دووپاتکردنەوەی ژینگەپارێزی) بە فراوانی باسی لە ڕێنمایییە ژینگەیی و تەندروستییەکان کردوە، وەک لایەنێکی پەروەردەیی، دەبێت ڕێنماییەکان جێ بە جێ بکرێت ئەمەش لە پێناو تەندروست باشی و سەلامەتی و پاک و خاوێنی قوتابی و قوتابخانەیە، هەروەها ڕێکخراوە ژینگەییەکانیش هەمیشە هاوکار بوونە، ئێمەش وەک ڕێکخراوی ئاڤیار، لە پێناو گرنگی دان بەم ڕێنماییانەی وەزارەتی پەروەردە هەمیشە هاوکاربووینە، یەکێک لەو چالاکییانە بریتی بووە لە (هەڵمەتی شوشتنی تانکیی ئاوی خواردنەوەی قوتابخانەکان) پێش ئەوەی دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە لەگەڵ لایەنە ژینگەییەکان ئەم هەڵمەتەمان رێک خستووە و ئەنجامێکی باشی هەبووە، لە ناوەڕۆکی ئەم وتارەدا بە ٦ خاڵ ئاماژەی بە ڕێنماییەکان کردووە:
١- شوشتنی تانکی ئاوی ناوەندەکانی خوێندن
٢- خاوێنکردنەوەی دەستشۆر و شوێنی ئاو خواردنەوەی قوتابیان
٣- خاوێنکردنەوە و چاککردنەوەی تەوالێت و ئەوانەی لەکار کەوتوون
٤- پاککردنەوەی سەربانی ناوەندەکانی خوێندن و سولاوک و ڕێڕەوی ئاو
٥- خاوێنکردنەوەی پۆل و ڕەحلەکان و چاککردنەوەی کارەبای ناو پۆل
٦- دڵنیابوون لە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە و نوێکردنەوەی

لە ناوەڕۆکی ئەم خاڵە دەستنیشانکراوانە بە فراوانی باسی لە گرنگی و بەکرداری کردووە، بۆیە ئەم بابەتەی نووسەر زۆر گرنگە وەک بە بیرهێنانەوەیەک بۆ کارگێری ناوەندەکانی خوێندن.

*لایەنە گشتیەکانی ژینگە، لە ئامێزی ئەم پەرتووکەدا
وەک ئاماژەم پێ کرد ئەم پەرتووکە وەک کۆ وتار لە چەند لایەنێکەوە بابەتە گشتیەکانی ژینگەی خستۆتە ڕوو، ئەمەش وەک هاندان و ئاشنابوونێکی کۆمەڵگایە بۆ بابەتی ژینگە بە هەموو لایەنەکانییەوە، لێرەدا (٣) نموونەی ناونیشانی ناو ئەم پەرتووکە دەخەینەڕوو، ڕوونکردنەوەی خۆمانی لەسەر دەدەین.

– ژینگەی خاوێن لە پرۆژەی ڕوناکیدا
کاتی پڕۆژەی روناکی هاتە ئەنجام دان، زۆربەمان لەیەک دیوەوە سەیری ئەنجامیمان دەکرد، بەڵام لایەنێکی دیکە و گرنگ لەم پرۆژەیە بەدی دەکرێت ئەویش کاریگەری و دەرەنجامە باشە ژینگەییەکانە لەم پڕۆژەیە، بۆیە لەم پەرتووکەدا بە ناونیشانی (ژینگەی خاوێن لە پڕۆژەی ڕوناکی دا) نووسەر زۆر بابەتیانە و زانستییانە باسی لە لێکەوتە باشەکانی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە کردوە، کە کاریگەرییەکی زۆر باشی هەیە لەسەر تەندروستی بوونەوەر و گیانەوەرەکان و ژینگە بە گشتی، لەم وتارە دا لە بەشێکیدا دەڵێت: لایەنە ئابورییەکەی و تێبینی بەشێک لە هاووڵاتیان لە گرانی نرخی کیلۆوات بۆ کەسانی پسپۆڕ جێ دێڵین، بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستەکردن و قسەکردنە، بریتیە لەو داتا ئیجابییانەی کە ئاماژەی پێ کراوە، بۆ نموونە ١٢٦٠ مۆلیدەی گەڕەک کوژێندراونەتەوە، ئەگەر لە ڕەهەندە ژینگەییەکەیەوە شرۆڤەی بکەین ئەوا ١٢٦٠ دەنگ و ژاوەژاوی ناژینگەیی لە گەڕەک و شار نەماون، لە کاتێکدا هەموومان دەزانین ژاوەژاوی ژینگەیی کاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر لایەنی دەروونی مرۆڤ، کە دەرەنجام (هەڵچوون و تووڕەبوون) کەم دەبێتەوە تا ڕێژەی سفر، هەروەها لابردنی ئەو ژمارە زۆرەی کە دیمەنێکی ناشارستانییە، جگە لەمەش خاوێن بوونەوەی ژینگەی گەڕەک و شار و نیشتیمان، لابردنی ئەو بڕەش یەکسانە بە ٢٤٠هەزار تۆن دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.

– دەستپێشخەری ژینگەیی، دەزگای ڕوانگە بە نموونە
هەر کاتێک پرۆژەیەکی جوان و باش بۆ ژینگە ئەنجام دەدرێ جا لەلایەن هەر ناوەند و دەزگا و فەرمانگەیەک بێت، سوودی بۆ ژینگە و کۆمەڵگە هەبێت ئەواجێگەی ستایش و ڕێزە و دەبێتە هاندانێکی باش بۆ لایەن و شوێنەکانی تر، بۆیە لە وتارێکدا بەناونیشانی
(دەستپێشخەری ژینگەیی، دەزگای ڕوانگە بەنموونە) ئاری ئاغۆک باس لە نموونەیەکی زیندووی ئەم دەزگایە دەکات کە لە بواری ژینگە ئەنجامیان داوە و دواتر ئەنجامێکی ئیجابی هەبووە، دەستنیشانکردنی ئەم بابەتە و خستنەڕووی لە ڕێگەی وتارێک جێی دەستخۆشیە بۆ نووسەر پەرتووک، ئەوەتا لە بەشێکی ئەم وتارەیدا دەڵێت:
یەکێک لە پڕۆژانە بریتییە دەستپێشخەرییەکی ژینگەیی ئەویش چاندنی ٢٠هەزار دارزەیتونی ئیسپانییە، لە لایەن دەزگای ڕوانگە بە هاوبەشی ئاژانسی (جی ئای زێد) ی ئەڵمانی ئەنجام دراوە، دوای دوو ساڵ کارکردن و چاودێری کردن و ئاودانی نەمامەکان لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە بەڕێوە چوو، بێگومان چاندنی هەر دارێکی بەرهەمدار، گرنگی و تایبەتمەندی و سوودی خۆی هەیە (دارزەیتون) یش لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و ئابوورییەوە سوودێکی ئێجگار زۆری هەیە، خاک بەهێز دەکات و هەوا پاک و خاوێن دەکاتەوە.

– ڕێزگرتن لە پاکەوانی ژینگە
لەگەڵ ئەوەی ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە تایبەتە بە چەند لایەنێکی ژینگەیی، کە هەمووی لەخزمەت ئەو بوارە گرنگەی ژیاندایە، یەکێک یتر لەو وتارانە سەرنجی ڕاکێشام بە ناونیشانی (ڕێزگرتن لە پاکەوانی ژینگە)یە، نووسەر لە ڕێگەی پەیامێکی هۆشیارییەوە داوامان لێ دەکات، ڕێز لە مرۆڤێکی ماندوو و ڕێزلێگیراوی کۆمەڵگە بگرین، کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەک بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شار، ئەوانیش پاکەوانی ژینگەن.
بەداخەوە هەر کەسێک بە جۆرێک، ناوێکی بۆ ئەم مرۆڤە جوان و خەمخۆرانە داناوە، بەڵام نووسەر لەم وتارەیدا، (بە پاکەوانی ژینگە) ناویان دەهێنێت، بێگومان ناوێکی جوان و پڕ بە سەنگی خۆیەتی چونکە بەڕاستی ئەوانە پاکەوان و پاکڕاگری شارن، کە هەموومان خۆمان بە قەرزاریان دەزانین، بۆیە نووسەر لە بەشێکی ئەم نووسینەیدا دەڵێت: گەلێ جار شەوانە ئێمە لە شیرینی خەوداین، بەڵام (پاکەوانی ژینگە) لە شەقام و بازاڕ و پارک و شوێنە گشتییەکان زبڵ و خاشاک کۆ دەکەنەوە و ئەو شوێنە دەپاکن، لە پێناو ئەوەی ڕووکارێکی جوانی شار نیشان بدرێت، بەتایبەتی کاتێ گەشتیارێک یا میوانێکی بیانی سەردانی شوێنێک دەکات ئەوا یەکەم دیمەن دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشی بریتییە لە پاکی و جوانیی شار.

* ئەنجامی کۆتایی
لەبەر ئەوەی گەشتی خوێندنەوەکەم خێرا بوو بۆ ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە گرنگە، بۆیە ئەم شەش نموونە زیندوەم خستەڕوو و خوێندنەوەی تایبەتیم بۆ کردن، ئەمەش لە پێناو زیاتر ئاشنابوونی خوێنەری کورد بە بابەتی ژینگەیە، چونکە نووسەر و ڕۆشنبیر دەتوانێ بە هێزی وشە هانی خەڵک بدات تا هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ژینگە بکەن، خامە و نووسین دەبنە دەروازەیەک بۆ پاراستنی ژینگە، دواتر کردار دەبێتە تەواوکاری ئەو ڕێگا دوورەی کە هەریەکەمان لە شوێنی خۆمان هەنگاوی بۆ داوێین، نووسەر کە باس لە خەم و کێشەکانی ژینگە دەکات ئەوا باسکردنە لەو ڕاستییەی کە ڕۆژانە بە چاوی خۆی دەیانبینێت و دواتر دەیگوازێتەوە سەرکاغەز بۆ ئەوەی کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند بێ، لە کۆتایی دا دەڵێین با تەنیا نووسین نەبێتە ئەو دەرخەرەی کە بەکاری دێنین، بەڵکو جموجۆڵەکانمان ببێتە ئەو ڕاستییەی کە بە بەڵگەوە بە کردار دەیسەڵمێنین.
* سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگە