ئــــــازاد پێنجـــوێنی
دوو پەڵە هەوری دڵشاد لەو ئاسمانەوە نیگایان بۆ یەکتری دەگۆڕیەوە؛ بەرەو پیری یەکتر دەڕۆشتن؛ یەکتریان لەئامێز دەگرت و بەخێرایی ون دەبوون.
چەند دووکانێکی بچووکی خواردن و خواردنەوەی بەجەمەلۆن دروستکراو لە بەر سێبەری درەختە چڕەکاندا چەند سەد مەترێک لە دوور یەکتریەوە بوون؛ پەنجەرەی هەندێکیان لە ئەنجامی بایەکی هێواش زیکەزیکێکی نەرمونۆڵیان دەردەکرد. هێشتا کاتی نەهاتووە بۆ کردنەوەی دووکانەکان چونکە بەیانیان تاک و تەرا خەڵکی دەهاتنە ئەو شوێنە گەشتیاریە.
ئەو کوڕ و کچانەی کە بە دزی هەموو کەسێکەوە دەهاتن لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەدەکرد چونکە خۆشەویستی ئەمڕۆ پێویستی بە ژێر درەخت و کەشوهەوای پاک نیە، هەرئەوەندەی بە مەرامیان گەیشتن ئیدی هەموو هەوڵێک دەدەن لەو کۆیلایەتیەی یەکتری ڕزگاریان بێت!
جیاوازیەکە لێرەدایە؛ خۆشەویستی بەدڵ هەوڵ دەدات تا هەموو شتێکی بەرامبەری ببات بۆ خۆی بەڵام ئامادە نیە هیچی پێ ببەخشێ و کەلاوەیەکی پێ خۆشە ئەوەی بیەوێ بەدەستی بهێنێ و دواجار خۆی لێ ون بکات؛ بەڵام ئەوینداری ڕاستەقینە هەموو شتێکی پێ دەبەخشێ و چاوەڕوانی هیچ لە ئەوینەکەی ناکات ئەمەی دووەمیان کاری ڕۆحە و هەر ئازارێک لە یەکێکیانەوە دەربکەوێت هەردووکیان ئازار دەکێشن و پێوەی دەتلێنەوە ئامادەشن تا دوا هەناسە لە بەردەم بەڵێنەکەیاندا گیان بەخت بکەن، چونکە ئەهلی دڵن، هیچ شوێنێک نیە بۆی بچن تەنها دڵیان نەبێ.
هەرچی سەبارەت بە دۆخی ئەو باخچەیە کە لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بوو، چەند ڕووناکیەکی کزی گڵۆپی سەر پەنجەرەی دووکانەکان بو لە چەند ڕەنگێک پێک هاتبوون؛ ڕۆشنایییان ئەو ئاوەیان دەبریسکاندەوە و مەودای لێڵی و تاریکیان کەم دەکردەوە کە بە ناوەڕاستی شوێنە گەشتیاریەکەدا دەڕۆشت و خوڕەی دەهات.
لە ڕاز و نیازی جوانیەکەیدا ژنە بە لەنجەولارەوە پێی دەنا بەسەر گەڵا هەڵوەریوەکاندا و هێواشهێواش دەستی ئەوینەکەی گرتبوو، هەنگاوی وردی دەنا؛ وەک ئەوکیژە دێ هاتیانەی کە ئێواران لەسەر کانی بەرماڵان دەگەڕانەوە چ دیمەنێکی ناوازە ئەوەندەی تر جوانی بەخشیبوو؛ بەو باخچەیە و لەگەڵیشیدا لەسەر بەرزی دواچڵی دارچنار و سنەوبەرەکان باڵندەکان کەوتبوونە خوێندن و باڵەفڕێیان بو لەم چڵ بۆ ئەو چڵ و فڕینیان بۆ سەر دارەکانی تر وەک ئەوەی بەخێرهاتنیان بکەن.
بە ناو ناوکەل (مەمەڕ)ی باخچەکەدا بە هێواشی ڕێیان دەکرد و توندیش دەستی یەکیان گرتبوو.
ـ ئازیز هەردووکمان برسیمانە لەسەر داوای تۆ، هێلکەی کوڵاوم هێناوە؛ با بچینە بن ئەو شۆڕەبیە لێی دانیشین؛ سێبەرەکەشی گونجاوە.
پیاوە بە ژنەکەی وا وت؛ ژنەش پێ وت:
ـ جارێ واز لە خواردن بهێنە ئادەی دەستەکانتم بۆ درێژ بکە؛ پیاوەکە دەستەکانی بۆ درێژ کرد.
ژنە بە دەستوپەنجە سپیە سۆڵ و ناسکەکەیەوە دەتوت گوڵە زەردەکانی حاجی شێخە کە چۆن خۆر بە نزمی لەم دیو قەڵای کچێوە لێی دەدات و ڕەونەق دارتری دەکات.
بە سەری پەنجەکانی دەستی پیاوەکەی گرت و ماچێکی کردن و لێی ورد بوویەوە چاوی لەسەر ڕاگرت، وای لەوچاوانەی لەجوانیدا بیلبیلەی شەپۆلی دەدا.
ـ ئۆوو نینۆکەکانت زوو هاتوونەتەوە. لە خۆم دەچی، کالسیۆمت باشە؛ کەواتە بابڕۆین دانیشین، ئەی بەڵێنم لێ وەرنەگرتووی هەمیشە خۆم بۆت بکەم؟ جاری پێشوو بیرم چوو زۆر خەفەتم پێ خوارد ئەم جارە ناهێڵم ئەوە ڕوو بداتەوە نازانی چەند لە خەمی نینۆکەکانتا بووم.
بەبێ کاردانەوە لە بەردەم سیاجی ئاوەکە وەستابوون و چاویان لەسەر چەند قازێکی ناو ئاوەکە بوو کە خنەخن و باڵەفڕێیان بوو، پرژەی ئاوەکەیان دەکرد بەسەریاندا و جارێک خۆیان نوقم دەکرد و جارێکیش سەریان دەهێنایە دەرەوە و بە قافڵە دەچوونە نزیکی ژێر جسری ئاوەکە و لە پڕێکدا ون دەبوون، بە کاوەخۆ و دەستلەملان چونە ژێر دارشۆڕەبیەکی تەمەندرێژ کە زۆربەی قەدەکانی لە ناو ئاوی باخچەکەدا دەبینرا و دەبریسکایەوە؛ هەرچی سەبارەت بەم نینۆککردنەش داواکاریی ژنە بوو هەر لە سەرەتای پەیوەندیانەوە بەڵێنی لە پیاوە وەرگرتبوو کە هەرگیز خۆی نینۆک نەکات؛ جگە لەوەش هەرکات نینۆکی بۆ دەکرد کۆی دەکردنەوە و نەیدەهێشت بکەونە سەر زەوی؛ دەیوت بۆ من یادگاریەکی جوانە و لە بەردی عەزیزی بەنرخترە لەلام.
دواجار عەلاگە خواردنەکەی لە پیاوە وەرگرت و خستیە پشتی خۆیەوە؛ نینۆکەرەکەی لە جانتاڕەشەکەی دەرهێنا پیاوەکەش کتێبێکی لە گیرفانی چاکەتەکەی دەرهێنا بەیتەکانی مەولانای ڕۆمی بوو ؛بە ژنەکەی وت:
ـ کەوایە منیش چەند بەیتێکی مەولانات بۆ دەخوێنمەوە.
لەودیو باخچەکەشەوە جموجۆڵی خەڵکی و ئۆتۆمۆبیل دەبیسرا؛ سەیر ئەوە بوو هەرکە باسی مەولانا هاتە گۆڕێ، دەنگی هیچ شتێک نەما تەنها خوڕەی ئاوەکە و دەنگی باڵندە و تەقەی نینۆکەرەکە نەبێ.
دەتوت لەم شارە بەرفراوانەدا تەنها ئەم دوو دڵخوازەی لێ دەژیێت. دەستی کرد بە نینۆککردن؛ پەنجەکانی ڕاستی بۆ کرد نۆرەی پەنجەکانی دەستی چەپە لە گەورەکەوە دەستی پێ کرد تاوەکو هاتە سەرەی پەنجەتووتە؛ وچانێکی دا و بە زەردەحەنەیەکی قووڵەوە چاوە کاڵەکانی بڕیە پیاوەکە.
ـ زۆرزۆرم خۆش دەویت و نینۆکێکت بە دنیا ناگۆڕمەوە.
پەنجەتووتەی پیاوەکەی گرت و بەیەک جار نینۆکە زیادەکەی لێکردەوە بەڵام نەیتوانی بیخاتە سەر ئەو نینۆکانەی کەلەسەر کۆشی داینابوون، ئاخر لێی کەوت.
ژنە ماخۆلانای بو کەوتە گەڕان و سۆراخی سەر زەویەکە.
زۆر لە ژنە پاڕایەوە کە واز بهێنێ و خۆی ماندوو نەکات بەڵام کۆڵی نەدا؛ بۆ ئەوەی وای لێ بکات واز لە گەڕان بێنێت بە دەنگی بەرز ئەم بەیتەی ئەو مەولانا ڕۆمیەی بۆ خوێندەوە، کە هەردووکیان زۆر شەیدای بوون.
ـ بەڵێ کەوتە خوێندنەوە، ئەویش گوێی ڕاخستبو بۆ بەیتەکان و چاویشی لەسەر زەویەکە بو بۆ دۆزینەوەی نینۆکەکە.
پیاوە زۆر بە دەنگێکی گڕ و خۆش
(ڕوناکی دوو دیدەی منی، دوور مەبە لە چاوی من). هەردوو دەستی وەک باوەش کردەوەو وتی:
سوڵتانەکەم توخوا دوور مەکەوە لێم بەرگەت ناگرم.
ژنە بە پڕتاو خۆی هەڵدایە ئامێزی پیاوەکە و توند نووساندی بەخۆیەوە
پێی وت، هەرگیز لێت دوور نابم و لەم ئەشقەم پەشیمان نیم.
ژنەش بەیتێکی مەولانای لەبەربو شانی پیاوەکەی ماچ کردو بەدەنگە ناسکەکەی.
ئەوەندە تامەزرۆی دیدارتم، نازانم ئارام بگریم، یان ئارام بمرم؛ یەکسەر دەستی کرد بە گریان.
پیاوەکە چەند تاڵ قژی زەردباوی ژنەکەی گرت کە هاتبوونە سەر ڕوخساری بۆی خستنە دواوەو فرمێسکەکانی بۆسڕی.
مەگری باوانم مەگری هەموو ڕاز و نیازی سەرزەویم مەگری.
ژنەکە توندتر باوەشی پیادا کرد تەنانت کتێبەکەی مەولاناش لول بو لەباوەشیاندا. کۆڕێکی شیعرخوێندنەوەیان سازدابو بەبەشداری ڕۆحی مەولاناو دارودرختو باڵندەو باخەوانێکی بەساڵچوش کەلەدورەوە باخچەکەی گسک دەدا.
ژنە بەهەنسکەوە منداڵ ئاسا چرپاندی بەگوێی پیاوەکەدا،
ـ ئاخر بۆیە ئارام دەگریم، نامەوێ بمرم چونکە کەمردم تۆ نابینمەوە لێم گەڕێ بابگریم.
گەڵای دارەکان بەلێشاو لەدارەکانیان دەبوونەوە ئیدی پاییزە چاوەڕێی ئەوەین بەردەوام ئەوگەڵایانە لەئامێزی دایک و باوکیان دورکەونەوە سەرمەستانەش بەسەر سەری ئەم دوانەدا وەک مەسنەوی سەمایان دەکردو هەوایەکی فێنکیش زۆربەی گەڵاکانیان ئاوارەی ناو ئاوەکە دەکرد.
کات بۆ ئەو دوو دڵحوازە زوو تێ دەپەڕێت خەڵکی لەبێخەبەریدا شاریان سڕ کردوە، تەنها نهێنیەکی جوان بۆ ژیان لەم باخچەدا کە بوونی هەبوو؛ ئەوانی نوقمی باوەش و خۆشەویستی یەکتری کردبو هەرچی بەیتەکانی مەولاناشە ژنە دێڕێکی دەخوێندەوە و پیاوەکەش دێڕێک و بەردەوام بوون.
پاش کەمێک بێدەنگی، تەنها دەنگی ژنەکە دەبیسرا؛ دەبێ بیدۆزمە، هەردەیدۆزمەوە، بەڵێنم داوە دەبێ بیدۆزمەوە؛ لە چاوترووکاندنێکا لە ژێر دارشۆڕەبیەکەدا ون بوون.
باخەوانەکە کەچەند ساتێک لەوەپێش باخچەکەی پادەکردەوەو چەند جارێ دیمەنەکەی ئەوانی بینی بو خۆزگەی پێ خواستبوون وائەم جارەش ئاوڕ دەداتەوە و چاو دەگێڕێ بۆ تەواوی باخچەکە کەسیان نابینێ.
ئاخێک هەڵدەکێشێ و بەگسکەکەی گەڵاکان دەدات بەیەکدا و، لە بەرخۆیەوە سەیری نەی بکە چۆن دەناڵێنێ بۆ تەنیایی و ونبوونی خۆی، سەیری نەی بکە چۆن دەناڵێنێ بۆ خۆشەویستی خۆی.
باخەوانەکە وای وت.
پێدەچێ ڕۆحی مەولانا بەتەواوی لەم باخچەیەدا بێ؛ ئەوەتا باخەوانێکی ماندوش بەیتی مەولانا دەڵێتەوە.
چییان بەسەرا هات ئەم دوو ئەویندارە؟ زەوی قووتی دان، ئاوەکە هەڵییلووشین، ئێ خۆ نەشچوونەتە دەرەوەی باخچەکەوە؛ ئینجا زانرا وەک فاڵەکەی حافز چوونەتە ناو بەیتەکانی مەولاناوە و ڕۆحیان بەتەواوی ئاوێتەی ڕۆحی کۆڕی بەیتەکانی ڕۆمی بووە.
دەنگێک تەواوی باخچەکەی تەنی؛ نە ئەوان بوون نە باخەوانەکە. دەنگەکە ئەمە بوو: هەرشتێک بۆ ئەوەی بیدۆزیتەوە دەبێ بۆی بگەڕێییت، جگە لە ئەوین کە دۆزیتەوە ئنجا بەدوایدا دەگەڕێییت؛ ئەم دەنگە دەنگی مەولانای ڕۆمی خۆی بوو، بەوەدا زانیم چونکە هەورەکان چاویان لە بێخەبەریی خەڵک و ژاوەژاو داخستبوو. تەنها چاویان لەسەر ئەو باخچەیە و گەڕانەوەی ئەو ژن و پیاوە بوو؛ پێدەچوو مەولانا لەنێو ڕۆحی خۆی ونی کردبێتن تا مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە نەیانبینن؛ چونکە بە بینین و نزیکبوونەوە لێیان هەموو شتێک خراپ دەبێ، ئەوە بوو ڕۆحی مەولانا خۆی پێ نەگیرا و بە باخەوانەکەی وت:
ـ چاو مەگێڕە بۆ دۆزینەوەیان؛ هیچت دەست ناکەوێ؛ باخەوان گیان خەریکی کاری خۆت بە! گوڵەکان چاوەڕێتن تا دڕکیان لێ دوور خەیتەوە وەکچۆن من ئەوانم لە دڕکوداڵی زەمانە دوور خستەوە، ئاخر گەڕان بەدوای ئەو نینۆکەدا تەنها بیانوویەک بوو خۆیان پێیان خۆش بوو ون ببن و بەدوای یەکدیدا بگەڕێن چونکە یەکتریان دۆزیبووەوە.
نەرمە هەوایەکی شێدار خۆی کرد بەباخچەکەدا زیکە زیکی تاکی دووکانەکانی زیاد کرد ناڵە و هاژوهووژی گەڵاکان ئەو ناوەیان پڕ کرد؛ دەنگی هۆڕنی سەیارە و هاتوهاواری خەڵکی سەری هەڵدایەوە ئەو باخچەیە لە بێخۆشەویستیدا تەنانەت ڕەنگی سیاجەکانیشی زەرد هەڵگەڕا. کەس نەیدەزانی گەڵا هەڵوەریوەکان بۆ کوێ ئۆغر دەکەن؛ هەرواش خواردنەکەیان دەستی بۆ نەبرابوو لە بەر دارەکەدا مابووەوە.
ئەو هەوایەی چۆن یاری بە چڵوپۆپی دارەکان دەکرد ئاواش یاریی بە لاپەڕەی کتێبەکەی مەولانا دەکرد کە لە نزیک دارەکە کەوتبوو.
لە یەکێک لە لاپەڕەکانیدا ئەمەی لێ نووسرابوو: ئەشق گەشتێکە ئەگەر دەستت پێ کرد ئیتر مەگەڕێڕەوە.
کەواتە مەولانا جوانی فەرمووە، کە بۆ ئەوینداران دنیا ون دەبێ؛ بۆیە بڕیارم دا عاشق و مەعشوق لەم چیرۆکەدا ون بکەم وەکچۆن شەمس ون بوو لە مەولانادا.

