رۆژنامەی ھەولێر

وانەیەکی سەیروسەمەرە!

جەعفەر ئێمینکی
بۆچی هەوڵەکانی ناشیرینکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن؟!
بەنزین هەرزان بێت یان گران بێت، وەک یەکن؟ کارەبا کەم بێت یان زۆر بێت، وەک یەکن؟ گەندەڵی نەخۆشیەکی جیهانییە و بەغدا ناوەندی گەندەڵییە، بەڵام تیرەکان زیاتر بەرەو هەولێر ڕادەکێشرێن. هەرچەندە هەولێر بەردەوامە لە ئاوەدانکردنەوە، بە مۆدێلێکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەن لە ناوچەکەدا، هەر دیسان ئامانج هەولێرە و ناشیرین ‌کردنەکەی بەردەوامە! کێشەکە لە خەڵک نییە، بەڵکو لە لاوازیی ماشێنی پارتایەتیمانە:

چیرۆکەکە لێرەدایە: ئایا ئاوازی نیشتیمانیمان بە ئاوازی خۆشگوزەرانییەوە گۆڕیوە؟
زیاتر لە هەزار ساڵە شیعەکان لە خۆیان دەدەن و بە ملیۆنەها کەس ڕوو لە نەجەف دەکەن، لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵییەشدا مەزهەبی خۆیان خۆشدەوێت و دۆزی خۆیان ناگۆڕن، گەندەڵکاران و مەزهەبەکەیان تێکەڵ ناکەن. سوننەکانی عێراق، لەگەڵ ئەو هەموو بێسەروبەرییەوە، بەرگری لە دۆزی خۆیان دەکەن و کۆڵ نادەن؛ هەوڵدەدەن ناوچەکانیان بکەن بە سووننستان و بگەنە ئامانجی خۆیان!! تورکمانەکان بەرگری لە دۆزی خۆیان لە عێراق دەکەن و بەردەوام داوای مافی خۆیان دەکەن، هەوڵدەدەن کەرکوک بکەن بە پایتەختی تورکمانستان!! مەسیحییەکانی عێراق، لە ناوەوە و دەرەوە، بەردەوام بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن، بەتایبەت لە دەشتی نەینەوا، و هەوڵدەدەن خەونە دێرینەکانیان بەدی بهێنن!!
لەناو ئەو هەموو ململانێ دێرینانەدا، وا دەردەکەوێت تەنها کورد خەونە دێرینەکەی خۆی لەبیر کردبێتەوە: کەرکوک و خانەقین و شەنگالی لەبیر کردبێتەوە، کوردستانی سەربەخۆی لەبیر کردبێتەوە؟ ئەگەر وانییە، بۆچی ئەوەندە بە ڕق و کینەوە لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەوەستن؟ بۆچی ئەوەندە بە بەردەوامی خەریکی ناشیرین‌ کردنی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستانن؟ بۆچی ئەوەندە بە کینەوە ناوزڕاندنی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن؟ بۆچی ئەوەندە هەوڵی بێهیواکردنی لاوانی کوردستان دەدەن، تا ئەو ڕادەیەی باوەڕ بە درۆی دوژمن دەکەن، بەڵام باوەڕ بە ڕاستی و دڵسۆزیی کورد ناکەن؟
لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، کە لەناو جەرگەی ڕووداوەکاندا بووین، کەس بەقەد من ڕەخنەی بونیادنەری لە خاڵە لاواز و نەرێنییەکان نەگرتووە، لە پێناو باشترکردنی باری گشتیی کوردستان. ئێستا باردۆخەکە هەزار جار لە ساڵانی نەوەدەکان باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پۆپۆلیزم هەموو سنوورێکی لە کوردستان بەزاندووە؛ بە ڕۆژی ڕوون جەنگی دەروونی لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکرێت، بە هەزاران پەیج و ئەکاونتی درۆیین بۆ ناشیرین‌ کردنی ڕێبازی بارزانی و بۆ ناشیرین ‌کردنی پێکەوەژیان لە کوردستان. پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندا، لە هەموو بارودۆخێکدا — گەرما و سەرما — بەردەوامە لە خۆشەویستی خاک و نیشتمان، بەڵام کالفامەکان بەرزوبوونی نرخی بازاڕ و کێشەی خزمەتگوزارییەکان دەکەنە پرسی ستراتیژی، لەسەر حسابی پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی؟!
کێشەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێی هەمان کالفامانەن، ئەوانەی بەردەوامن لە دووبارەکردنەوەی چیرۆکی ناوزڕاندن و ڕووخاندن، بێ ئەوەی ئاوازی نیشتیمانی بەدەنگێکی بەرزتر بدرێت — هەمان کەسانەی دەیانگوت هەموو چارەسەرێک لە بەغدایە. دەرکەوت وا نییە. ئێستا جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ پەلاماردانی هەرێمی کوردستان بە هەمان مەبەستی جاران، بەڵام بە زمانێکی دیکە: ئێستا بە زمانی حیزب و هێزی سیاسی قسە ناکەن، بەڵکو خۆیان کردووە بە وەکیلی هاووڵاتی و بە درۆ بە زمانی خەڵک قسە دەکەن. ئەمە زۆری نامێنێت و کۆتایی دێت: گرانیی بەنزین کۆتایی دێت، کێشەی کارەبا کۆتایی دێت، ڕێگاوبان هێشتا باشتر دەبن، جەنگی کەنداو و ئۆکرانیا لەوانەیە ئەمساڵ کۆتایی پێبێت و هەرزانی بکەوێتە بازاڕەوە. ئەو کاتە ناتوانن باسی ژینگە و گەشتوگوزار و ئاسایش بکەن، ناتوانن باسی کوالیتیی بەنزین بکەن. گومانم هەیە ئەم جارە پەلاماری پێکەوەژیان بدەن، بەڵام ئەویش بێگومان کۆتایی دێت، چونکە پێکەوەژیان لە کوردستان شتێکی خۆرسکییە و بە خۆرسکیی خۆی دەمێنێتەوە.