عارف ڕوشدی
کۆمەڵێک خەڵکی هیچلەبارنەبوو، تەنیا خەونێکی چلێسانە دڵ و دەروونی تەنیون، بە ناوی (ڕکابەری)یەوە هاندەری ناحەزانن بۆ ئەوەی زیان بە هەرێمی کوردستان بگەینن. وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا باس لەوە دەکات: “پرسی زیادکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لەسەر مێزی دانوستاندایە و دەگەینە ئەنجامێک”، کابرای زمانکوردیی خۆبەڕکابەرزان (ئۆپۆزسیۆن) داوای ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیلی بەشی هەرێمیش دەکات! بە بیانوی ڕووکەشیی هاتنی بەنزینی هەرزانتر لە بەغداوە؟!
ئەوە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکارە بەشی هەرێم زیاد بکرێت (کاتی خۆی هەرێم ڕازی بووە بەو بڕە نەوتە بە مەرجێک، ئەگەر بەشی پێویستی ناوخۆیی هەرێم پڕ نەکات، بەغدا ئەو کورتهێنانە پڕ بکاتەوە). هەروەها ئەگەر بەشی هەرێم لە (میزانیەی سەروەری) دابین بکرێت (کە تا ئێستا یەک دیناریشیان نەداوە)، دەتوانرێت هاوشێوەی بەغدا بەنزینی پاڵپشتیکراوی هەرزان لە ئاستێکی بەرزی پاکتردا لە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم بهێنرێت.
سەیرە ئەم جۆرە خۆبەڕکابەرزانانە ئەوەندە لە ئاستێکی نزمدا بیر دەکەنەوە، نموونەیان لەسەر ڕووی زەمین بە زەڕەبینیش پەیدا نابێت! لە وڵاتاندا ئۆپۆزسیۆن نیشتمانپەروەرە و لە چوارچێوەی نیشتمانپەروەریدا ململانێ لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا دەکات. لەبری ئەوەی ڕابگەیەنن: “ئەگەر ئێمە دەسەڵاتدار بین، هەموو مافە دەستوورییە نەدراوەکانی هەرێمی کوردستان بە زیادەوە دابین دەکەین”، بە پێچەوانەوە بانگەشەی ڕادەستکردن و ڕووتکردنەوەی هەرێم دەکەن لە هەموو دەسەڵات و مافێک! بۆیە ئەوەی ئەوان ئەنجامی دەدەن، دوژمنکارییە نەک ڕکابەرایەتی.
لە لایەکی دیکەشەوە، ڕادەستی کام بەغدا بکرێت؟ بەغدایەک کە ژمارەی سەروو پێوانەییی تۆمار کردووە لە گەندەڵی، داڕمانی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاریدا!

