رۆژنامەی ھەولێر

هاووڵاتییانی توركیا خەو بە تەلەفۆنی زیرەكەوە دەبینن؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

نرخی تەلەفۆنی زیرەك لە توركیا، ژمارەی پێوانەیی شكاندووە و گرانترین نرخە لە هەموو جیهاندا، ئەمەش هاووڵاتیانی توركیای نیگەران كردووە، چونكە ناتوانن بەو نرخە بەرزە بیكڕن.

ئەو تەلەفۆنە زیرەكەی لە توركیا گرانترینە لە جیهاندا، لە تەلەفۆنەكانی تری جیهان زیرەكتر نییە و هەمان تەلەفۆنی زیرەكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە توركیا باجی سەر تەلەفۆن زۆر زۆرە، بۆیە نرخی تەلەفۆنی زیرەك لە كڕین نایەت و تەنیا ئەوانەی دەوڵەمەندن دەتوانن بیكڕن.
ئەگەر نموونەی ئەمریكا وەربگرین، بەشێوەیەكی گشتی تەلەفۆنی زیرەك نرخەكەی ١١٨١ دۆلاری ئەمریكییە، بەڵام لە توركیا هەمان تەلەفۆنی زیرەك نرخەكەی ٢٥٩٢ دۆلاری ئەمریكییە. لیرە دەردەكەوێت دوو بەرامبەر نرخی ئەمریكایە، هۆكارەكەی ئەوەیە، باجی سەر تەلەفۆن لە توركیا زۆر زۆرە، بۆیە هاووڵاتیان داوا دەكەن ئەو باجە كەم بكرێتەوە.
بانگی دۆچە، لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامداوە و بڵاوی كردووەتەوە، لە توركیا نرخی تەلەفۆنی زیرەك لە هەموو جیهاندا گرانترینە، واتە لە هیچ شوێنێكی تری دونیادا نرخی تەلەفۆنی زیرەك وەكوو توركیا گران نییە.
نموونەی بە تەلەفۆنی زیرەكی ئایفۆن ١٧ی پڕۆ هێناوەتەوە، كە نرخەكەی لە توركیا دوو بەرامبەر زیاترە لەو نرخەكەی لە ئەمریكا دەفرۆشرێت و نرخی ئەو تەفۆنە ١٢٠ هەزار لیرەی توركییە، واتە مووچەی پێنج مانگی خانەنشینێكە.
نرخی تەلەفۆنی زیرەك لە ژاپۆن هەرزانترینە، واتە ژاپۆن یەكێكە لەو وڵاتانەی نرخی تەلەفۆنی زیرەك تێیدا هەرزانترینی جیهانە.
سوید یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەوە بەناوبانگە نرخی تەلەفۆنی زیرەك تێیدا زۆر گرانە، بەڵام هێشتان نرخەكەی لە توركیا گرانترە و نرخی تەلەفۆنی زیرەك لە سوید ١٣٨٥ دۆلاری ئەمریكییە، ئەمەش لە كاتێكدایە داهاتی ساڵانەی تاك لە سوید شەش بەرمبەر توركیایە.
پرسیارێك هەمیشە دەكرێت، بۆ چی هاووڵاتی توركی تەلەفۆنی زیرەك لە وڵاتانی تر ناكڕێت و نایهێنێتەوە بۆ توركیا، بەڵام حكوومەتی توركیا رێگەی لەو كارەش گرتووە، واتە هاووڵاتی ناتوانێت لە هەرێمی كوردستان یان لە ئەمریكا تەلەفۆنی زیرەك بكڕێت، چونكە ئەو تەلەفۆنەی دێتە ناو خاكی توركیا، تەنیا مانگێك كار دەكات و دەبێت ببرێت بۆ تۆمار كردن و ٥٤ هەزار لیرە وەكوو باج بدەیت ئەوكات تەلەفۆنەكە دەكرێتەوە، بۆیە هاووڵاتی دەبێت تەنیا لە توركیا بەو نرخە گرانە بیكڕێت.
بەشێكی زۆری هاووڵاتی توركیا لە سۆسیال میدیا گلەیی دەكەن، بەوەی بۆچی نرخی تەلەفۆنی زیرەك ئەوەندە گرانە، تەنانەت گرانترینی جیهانە و دەبێت چەندین مانگ كار بكەن تا بتوانن تەلەفۆنێكی زیرەك بكڕن.
ئەم یاسایە لە توركیا زیاتر لە ١٥ ساڵە بوونی هەیە، واتە نرخی گرانی تەلەفۆن زیاتر لە ١٥ ساڵە لە توركیا جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك نەبووەتە رۆژەڤی پەرلەمانی توركیا و تەنانەت لەناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە، باس لە گرانی نرخی تەلەفۆنی زیرەك نەكراوە، بۆیە بەشێك لە هاووڵاتیانی توركیا لە سۆسیال میدیا، گلەیی لە پەرلەمان دەكەن و دەڵێن ئەمە كاری پەرلەمانتارانە رێگری لەو باجە زۆرە بكەن كە دەكرێتە سەر تەلەفۆنی زیرەك، تا هاووڵاتی بتوانێت تەلەفۆنی زیرەكی دەست بكەوێت و خەوی پێوە نەبینێت.