رۆژنامەی ھەولێر

هەموو ئایینەکان داوای ژینگە پارێزی دەکەن

ئاری ئاغۆک*
( ٢- ٣)

کاتێ دەڵێین هەموو ئایینەکان داوای ژینگە پارێزی دەکەین، ئەوا هەر ئایینێک بە تێروانین لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکانی خۆیان دەبێت شرۆڤەیان بۆ بکەین، کە لە زەوی خودا دا هاوبەشیەکی هەمیشەیی بەدی دەکرێ لە مێژووێکی دێرینەوە تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە، بۆیە ئەو هاوسەنگیە جگە لەمرۆڤ ئەوا گیانلەبەرانیش بەشێکن لە تەواوکاریەکان لەبەر ئەوەی گیانەوەران بەکار و ڕەفتارەکانیان ڕۆلێکی جوان و گەورەیان هەیە لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی ژینگەیی، بۆیە خودای گەورە دەفەرموێت: ( وإن لکم فی الانعام لعبرة) ( النحل ٦٦).
هەر لەبەر ئەمەشە ئافرەتێک سزا دەدرێت لە لایەن خوداوە لەسەر کوشتنی پشیلەیەک: ( دخلت امرأة النار فی هرة حبستها فلم تطعمها ولم تدعها تأکل من خشاش الأرض).
هەر لەبەر ئەمەشە ئافرەتێکی لەشفرۆش لێخۆشبوونی خوای گەورە بەدەست دەهێنێت چونکە ژیانی سەگێکی تینوو رزگار دەکات:
( غفر لامرأة مومس مرت بکلب علی رأس رکي ( أي، بئر) یلهث، قال: کاد یقتلە العطش، فنزعت خفها، فأوثقتە بخمارها، فنزعت لە من الماء، فغفر لها بذلک ).*(١).
ئەم بابەتانە دەبنە وانە و پەندێک بۆ ئێستا و داهاتوو کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە بایەخەوە لە ئاژەڵانیش دەروانێ.
گرنگی ژینگە لە لای (جوو)ش بە هەمان شێوە زۆر بە ئەمانەتەوە باسکراوە، نووسەر شێرکۆ عوسمان عەبدوڵڵا لە کتێبی: ژینگە پارێزی لە ڕوانگەی ئایینەکانەوە بەناونیشانی: گرنگی ژینگە کە لای جوو، لە گۆشەیەک دا دەڵێ: ژینگە بۆ ئێمەی جوو زۆر گرنگە، چونکە لە لای ئێمەی جوو، زەوی ژینگەی مرۆڤ و زیندەوەرانە، بە گیاندار و ڕووەکەوە، هەر هەمووی موڵکی خودای تاک و تەنیایە، بۆیە یەکێک لە فەریزەکانی سەر شانی ئێمەی جوو، پاراستنی ژینگەیە، پێویستە لەسەر جوو زۆر بە جدی ژینگە بپارێزێت و پاراستنی زەوی و ژیان لە گەردنی دایە.
پەیڕەوێک لەلای ئێمەی جوو هەیە و زۆر بەلامانەوە گرنگە، ئەو پەیڕەوە بوو بە پەیڕەوێکی پیرۆز کە دەڵێت: نە هیچ شوێنێک تێک بدە، نە هیچ زیادە ڕەوییەک بکە.*(٢).
ژینگە پارێزی لە ڕوانگەی کاکەییەکانیشەوە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، بە تایتل و پەیامی ( پەروەردگار جوانی خۆش دەوێت) دکتۆرە ناز سەید فەلەکەدین کاکەیی لە هەمان کتێب لە گۆشەیەک دا دەڵێت: لە پێناو بەختەوەری خۆمان و ئاسودەیی نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئاییندەیەک ساخلەم و بێ وێنە، بۆ ئەوەی بتوانین پەروەردگار زیاتر بناسین و لە خەڵوەتی دەروون لە ناو لێدانی ڕەگی دڵمان باوەڕەکانمان بەهێز بکەین، بە بێ بیرکردن لە هەستی دونیایی و فانی بە لێدانی مۆسیقای تەمبوور رۆح لە ناو جەستەی بێ گیان تازە بکەین و دەروون بۆ مەلەکوتی هەتا هەتایی ڕێنمایی بکەین بە پاکژی، ئەمەش بەشێکە لە ڕێزلێنان لە سروشت.*(٣).
کەواتە ئەم نموونانەی سێ ئاین و باوەڕی جیا، لەسێگۆشەی ژیان دا لە یەک هێڵی گشتی یەک دەگرنەوە ئەویش پاکی و جوانی و ڕێزگرتنە لە سروشت و زەوی و گیانەوەر و …هتد. بۆیە هەر ئایینێک بە تێڕوانینی خۆی لەو چەمکە دەڕوانێ، لەرێگەی نووسراو کتێبەکانیانەوە، دواتر دەچێتە خانەی بەکرداری و لەژیانی ڕۆژانەیان ڕەنگیداوەتەوە.

*سەرچاوە: ژینگە پارێزی لە ڕوانگەی ئایینەکانەوە، ئا: ئاری ئاغۆک.
ل٢٧، ٤٤، ٤٦