رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم دکتۆر ڕێبوار سەعید

یاسین قادر بەرزنجی
سەبارەت ئەم هونەرمەندەی لە هەورامانی جوان و سەرچاوەی هونەر چاوی هەڵهێناوەو لە ساڵی ١٩٩٧ وە چووەتە لەندەنی وڵاتی شێوەکارانی گەورەو وڵاتی زانست و هەر لەوێ خوێندنی تەواو کردووە، شێرکۆ بێکەس وتوویەتی:
[ئەم هونەرمەندە لە یەک کاتدا کەلتوری نەتەوەیەو هونەری شارستانیشە، ئاسۆیەکی جیهانبین و کوردبین و مرۆڤایەتیشه، لای ڕێبوار باڵاکان چوون بە ناو یەکدا، وەک بەناویەکدا چوونی درەخت و دارستانە چڕوپڕەکان، وەک تێکەڵاو بوونی فرمێسک و خەندە، وەک دەست لەملکردنی قوربانی و ئازادی].
کاک ڕێبوار ٩٧ لە کۆلیژی هونەری زانکۆی میدڵسێکس بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوەو لە هەمان زانکۆ ماستەر و ساڵی ٢٠١٢ ش دکتۆرا.
ئەم هونەرمەندە هێژایە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان پلەی پڕۆفیسۆری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوەو لە ٢٠١٣ وە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بووەتە ڕاگری کۆلیژی هونەرە جوانەکان لە هەمان زانکۆ.
ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوی باڵندە باران بووە لە فەڕەنساو ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی خەڵاتەکانی میلینیۆم لەندەنە، هەروەها سەرۆکی بۆردی هونەری هاوچەرخی سلێمانی و ڕێکخراوی art jn common ە لە لەندەن.
ئەم هونەرمەندە پڕ بەرهەمە خاوەنی ٣٠ پیشانگای تاکەکەسییە لەکوردستان وئەوروپاو ئەمریکاو ژاپۆن و ئوسترالیا، د.محەمەد ئەلکەنانی سەبارەت ڕێبواری بەشداری ٧٥ پیشانگای هاوبەش لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە وتوویەتی:
[کاری ئەم هونەرمەندە لە پێشبینی دەچێت، ڕێبوار ڕەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هاوچەرخەکانە، لەوانە مافی یەکسان بۆ ژنان و کارەساتەکانی مێژووی کوردستان و کیمیاباران…].
ئەم هونەرمەندە خاوەن بەخشش و ڕوناکبیرو نووسەرو شیعر دۆستە خاوەنی ٤ کتێبی چاپکراوی توێژینەوەی هونەری و ئەدەبییە بە زمانەکانی کوردی وفەڕەنسی و ئینگلیزی، هەروەها تابلۆو هێڵکاری بۆ پێنج دیوانە شیعر نەخشاندووە.
کاک ڕێبوار هەردوو براکەشی شێوەکارن، کاک (بەختیار)یان گەورە ترین خزمەتی بە ئەرشیفی شێوەکاریی کوردی کردووەو ناوازەترین کتێب و ئەلبوومی بۆ شێوەکارانی کۆچکردوومان لەچاپداوە، مایەوە بڵێم هونەرمەندە ئازیزەکەی ئێمە، کە شێرکۆ بێکەسی شاعیری گەورە بەرهەمەکانی بە نزیک لە ڕۆحی زانیوەو هەستی کردووە تابلۆکانی قەسیدەی ئەون و بوون بەهێڵ، لە هەر کوێ بووبێت، خەمی کوردی لە کۆڵ ناوەو هەمیشە لەگەڵ ئازاری کوردستانەکەیدا ژیاوە.
سەرفرازی و بەردەوامی و ئەفراندن بۆ هاوڕێی دێرین و خۆشەویست و مایەی شانازیمان پڕۆفیسۆر ڕێبوار سەعید دەخوازم.