رۆژنامەی ھەولێر

بڕیاری لێخۆشبوون لە ٥٠%ـی قەرزی کۆنی کارەبا بەردەوامە و هاوبەشانی کارەبا قەرزەکانیان دەدەنەوە

ڕائیب جادر – هه‌‌ولێر

حەوت ڕۆژە پرۆسەی لێخۆشبوونی قەرزی کۆنی کارەبا بەردەوامە، ھاوبەشانی کارەبا بە دوو ڕێگە قەرزەکانی خۆیان دەدەنەوە، بەشێوەی کاش لە فەرمانگەکانی کارەبا، لەگەڵ بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئی پسوولە، ئەمە لە کاتێکدایە تائێستا نزیکەی ٦٥ ھەزار ھاوبەش قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی “ڕووناکی”ـیان داوەتەوە.

بڕیاری داشکاندنەکە
لە ڕۆژی ٢٢ی ٧ی ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بڕیاری لەسەر داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دا، بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنی ٥٠% بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی، لە ٣ـی ئابەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو ١٠ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.
تیمی پڕۆژەی “ڕووناکی” جەختی لەوە کردووتەوە، ئەمە دوایین لێخۆشبوونی ناوازەیە و بە چەند ھۆکارێک گرنگی تایبەتی ھەیە، یەکەم، ئەم دەرفەتە چی دیکە درێژ ناکرێتەوە. دووەم، داشکاندنەکە ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و ھاوبەشان تەنیا پێویستە بڕە پارەی داشکێنراوی قەرزی کۆن بدەنەوە.
پڕۆژەکە دووپات دەکاتەوە، پێویستە ھاوبەشان لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی ڕووناکی بەردەوام بن و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا بیبژێرن، بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی سیستەمی خۆکارەوە کارەباکەیان دەپچڕێت. دڵشێر بەردەڕەشی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی، ئاشکرای کرد، تا ڕۆژی پێنج شەممە نزیکەی ٦٥ ھەزار ھاوبەش قەرزی خۆیان داوەتەوە، ئەو پڕۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیاری لێخۆشبوون بەردەوامە، دووپاتی دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان پلان ھەیە دەوامی فەرمانگەکانی کارەبا درێژ بکرێتەوە، لە کۆی دوو ملیۆن ھاوبەشی کارەبا ھەتا ئێستا یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار ھاوبەش لە پڕۆژەی ڕووناکی تۆمار کراون، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ٦٠%ـی ھاوبەشان چوونەتە ناو سیستەمی نوێ.

ھاوبەشان بە گەرمی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن
دەربارەی لێخۆشبوون لە ٥٠%ی قەرزی کۆنی کارەبا، ھاووڵاتییان بە گەرمی پێشوازیان لە بڕیارەکە کردووە و سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەن و دەڵێن، بڕیارێکی زۆر باش بوو. ھاووڵاتی کامەران عەزیز، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: بڕیارەکە لە کات و ساتی خۆیدا بوو و لەگەڵ بارودۆخی ئێستا دەگونجێت، ملیۆنێک و ٣٠٠ ھەزار دینار قەرزدار بووم سەردانی فەرمانگەی کارەبام کردووە و لەو بڕە پارەیە تەنیا ٦٥٠ ھەزار دینارم داوەتەوە، بەڕاستی ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت زۆر باش بوو و سوپاسی دەکەین و ھەر شتێک پێویست بکات و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندا بێت بەبێ یەک و دوو دەدات، لە ھەمان کاتدا داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم ئەو ماوەیە درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر لەو بڕیارە سوودمەند بن.
نزار حەجی، ھاووڵاتییەکی دیکەیە، بۆ دانەوەی قەرزەکەی سەردانی فەرمانگەی کارەبای “ئاکرێ”ـی کردووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە جیاتی ئەوەی ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار دینار قەرزی کۆنی کارەبا بدەمەوە، تەنیا ٩٠٠ ھەزار دینارم داوەتەوە، ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێم زۆر باش بوو، لە جیاتی ھەموو قەرزەکە بدەینەوە، تەنیا نیوەمان داوەتەوە، ئەوەش باری ئێمەی سووک کرد، ھیوادارین لە کەرتەکانی دیکەش وەکو ئاو و ھاتووچۆ لێخۆشبوون بکرێتە ٥٠% بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بتوانن قەرزەکانی خۆیان بدەنەوە و زیاتر لە بڕیارەکانی حکوومەت سوودمەند بن.
کەریم ستار، ھاووڵاتییەکی سیدەکانە، بۆ دانەوەی قەرزەکەی سەردانی بەشی فرۆشیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کردووە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” درکاندی، سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار دینار قەرزدار بووم، ئەوە چەندین ساڵە نەم دەزانی ئەو ھەموو بڕە پارەیە لە کوێ بێنم و قەرزەکەم چۆن بدەمەوە، بەڵام پاش بڕیاری حکوومەت ھەڵێکی زێڕین بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەتایبەتی ئەوانەی قەرزدارن ھاتووەتە پێشەوە، بۆ ئەوەی خۆ لەو قەرزە ڕزگار بکەم، ئێستاش سەردانی بەشی فرۆشیاری کارەبای سۆرانم کردووە و تەنیا نیوەی پارەکەم داوەتەوە، ئەوەش بڕیارێکی زۆر باش بوو خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی چینی ھەژاران لێی سوودمەند دەبن.

خەڵکێکی زۆری دھۆک لەو بڕیارە سوودمەند دەبن
ئەندازیار حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بڕیارە مێژووەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا پێشوازییەکی زۆر باش لەلایەن ھاوبەشانی کارەباوە لێکراوە، بەتایبەتی خەڵکی دھۆک، خەڵکێکی زۆری سنوورەکە لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، ھەر ئەوەش وای کردووە قەرەبالغییەکی زۆر لە فەرمانگەکانی کارەبا ھەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، گوتیشی: ئەو کەسانەی پارەی خۆیان دەدەن زیاتر ھاووڵاتی ئاسایین، واتە ھاوبەشانی ماڵانن، بەدوایشدا ھاوبەشانی کشتوکاڵی دێن، داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم پێویست ناکات قەرەبالغی لە فەرمانگەکانی کارەبا دروست بکەن، با ھەر لە ڕێگەی ئی پسوولە پارەی خۆیان بدەن و پێویست بە سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا ناکات.
ئەندازیار حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: داشکاندن و لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا تاوەکو ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت و بۆ پۆلی ماڵان داشکانەکە ٥٠% دەبێت، بۆ پۆلی کشتوکاڵی ٥٠% و بۆ ھاوبەشەکانی دیکەش ٢٥%، داشکانەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە.
ھاوبەشانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران ٩٥ ملیار دینار قەزردارن
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: داوا لە ھاوبەشانی کارەبا لە سنوورەکە دەکەم قەرزەکانیان زیاتر لە ڕێگەی ئی پسوولە بدەنەوە، چونکە خەڵکێکی وا ھەیە لە دەرەوەی سەنتەری شارە بۆ ئەوەی ھاتووچۆ نەکەن و ماوەیەک لە فەرمانگەکانی کارەبا نەمێنەوە با ھەر لە ڕێگەی ئی پسوولە پارەی خۆیان بدەن، ئەگەر کەسێکیش بۆی نەگونجا با سەردانی بەشی فرۆشیاری کارەبای سۆران بکات و قەرزەکەی خۆی بداتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەشی گوت: ھاوبەشانی کارەبا بە ھەر پێنج پۆلەوە نزیکەی ٩٥ ملیار دینار قەرزدارن، قەرزەکەش زیاتر ھی ماڵانە کە ٦١ ملیار دینار دەبێت، لەو چەند ڕۆژەدا خەڵکێکی زۆر پێشوازیان لەو بڕیارە کردووە، قەرەبالغییەکی زۆر لە بەشی فرۆشیاری سۆران دروست بووە، بێجگە لەو کەسانەی کە لە ڕێگەی ئی پسوولە قەرزی خۆیان دەدەنەوە، بابەتەکەش ئارەزوومەندانەیە و ناچاری نییە، بەڵام زەحمەتە جارێکی تر داشکاندن بەو ڕێژەیە زۆرە بکرێت بۆ قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا کە لەسەر ھاووڵاتییانە.