سلێمان تاشان – ههولێر
لە عێراق پێش بە قەیرانێکی نوێی سیاسی و تەناهی گیرا کە دەکرا کاریگەریی زۆری لەسەر حکوومەتی عێراق و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ کەنداو بە گشتی و سعوودیە هەبێت.
رۆژی هەینی حەوتی ئاب ئەو ڕۆژە بوو کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە لە عێراق بەڵێنیان دابوو هێرشێکی گەورە بکەنە سەر سعوودیە و دامەزراوە ئابووری و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و تۆڵەی کوژرانی ئەوانە بکەنەوە کە لە ئاکامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکی و سعوودیە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو گیانیان لەدەست دا.
هادی عامری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی بەدر و لە فەرماندە دیارەکانی حەشدی شەعبی پەیامێکی ئاراستەی سهركرده و چهكدارانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق کرد و داوای لێكردن ههر كاردانهوهیهك له دژی دهستدرێژیی ئهمریكا-سعودیه كه عێراقیان كرده ئامانج دوابخهن و بهرگهی ئهو ئازارانه بگرن بۆ چاكهی گهورهتر. ئەو گوتی بهڵێن به ههموو موجاهیدهكان دهدهن كه لهڕێگهی كهناڵه دیپلۆماسییهكانهوه مافی کوژراوەکانیان وهردهگرنهوه.
چەند سەعاتێک دوای هەڵوێستی هادی عامری، بەرەی مقاوەمەش بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و گوتی بڕیاری وەڵامدانەوەی سعوودیە کە ڕۆژی هەینی دواین ڕۆژی مۆڵەتی بوو، بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.
بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا، ئاشکرای کرد، وەک بەدەمەوەچوونێك بۆ داواکەی هادی عامری، هێرشیان بۆسەر خاکی سعوودیە ڕاگرتووە، بەڵام دەبێت ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بزانن ئەوان سوورترین لەسەر پڕۆژەی مقاوەمە.
لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعوودیە لە ٢٩ی تەمووزی ئەمساڵ بۆ سەر عێراق ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لە شەش پارێزگای عێراق کرانە ئامانج کە بە دەیان کەس کوژران و بە دەیانی دیکە بریندار بوون. لە نێو کوژراوان ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی ئێرانیش هەبوون کە تەرمەکانیان بۆ ئێران گواسترانەوە.
هەڵبەت هێرشەکەش لە وەڵامی ئەو هێرشە بوو کە لە عێراقەوە کرابووە سەر سعوودیە و زیانی بە دامەزراوەکانی نەوتی سعوودیە گەیاندبوو.
ئەم هێرشە هۆکار بوو لەوەی گەشتەکەی عەلی زەیدی بۆ سعوودیە هەڵوەشێتەوە کە دوای تەواوکردنی گەشتەکەی بۆ واشنتن و تاران، بەتەما بوو جێبەجێی بکات هەر چەندە ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی باڵای سعوودیە سەردانی بەغدای کرد و گفتوگۆ و دانوستان و لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ گەشتی عەلی زەیدی بۆ سعوودیە بەردەوامە.
حکوومەتی عێراق کە بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە کەوتووەتە دۆخێکی تایبەتییەوە لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی بەرەی مقاوەمە، هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوەی هەیە ئاڵۆزتر نەبێت چونکە وەڵامدانەوەی گرووپە میلیشیاکان نەک خزمەتی حکوومەتی عێراق ناکات بگرە قەیرانی نوێی سیاسی و تەناهی بۆ حکوومەتی عێراق دەهێنێتەوە کایەوە. هەر خۆی عێراق سەرئێشەی کەمی نییە و بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگەکانی ڕابردوودا داهاتەکەی دابەزیوە و دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزیش زۆر دواکەوت.
دەگوترێ شاندێک سەردانی تارانی کردووە کە پەیامی حکوومەتی عێراق بە حکوومەتی ئێران بدات و لە لایەک ڕێگری لەو هێرشانە بکات کە بڕیار بوو بکرێنە سەر سعوودیە و لە لایەکی دیکە پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بۆ چەککردنی گرووپە میلیشیاکان تا کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ بە خەڵکی عێراق و لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابوو.
حکوومەتی عێراق دەیەوێت وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک لە ئاگری جەنگ دوور بێت و خاکەکەی نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێی مێژوویی وڵاتان.

