ڕائیب جادر – هەولێر
ھێزێکی فیرقەی ١١ی سوپای عێراق بە شۆفڵ و حەفارە ھەڵیکوتایە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد لە گوندی تۆپزاوەی پارێزگای کەرکووک، بەڕۆژی ڕووناک دەستی بەسەر ٣٠٠ دۆنم زەویدا گرتووە، خەندەق و ساڕی سەربازییان لێداوە و ڕێگری لە جووتیاران دەکەن بچنە سەر موڵکەکانیان. جووتیارانیش دەڵێن، سوپا و حەشد دەیانەوێت بە زەبری ھێز زەوییەکانمان داگیر بکەن.
بەشێک لە جووتیاران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، بەرپرسی سوپاکە بە ئێمەیان گوت فەرمانم پێیە کە ھەموو ئەو زەوییانە داگیر بکەم و یەک کەسیش لە ئێوە ناتوانێت دەنگ بکات، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کێشە دروست دەکەن و لێ ناگەڕێن کاری جووتیاری لەسەر زەوییەکانی خۆمان بکەین، پێش ماوەیەک ھەشت دۆنم زەوی دیکەیان لە ئێمە برد و کردیان بە سەربازگە، ئێستاش دووبارە ھاتوونەتەوە و دەیانەوێت ئەوەشی کە ماوە ئەویش ببەن.
پێداگری جووتیارانی کورد لە مانەوەیان لەسەر زەوییەکانیان لە سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ خاڵی بەھێزی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی تەعریبە.
بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشوو لە بەرژەوەندی عەرەبی ھاوردە زەوییەکانی جووتیارانی کورد بە گرێبەستێک لێی زەوت کراون، ئێستا ھەر چەندە بەشێوەی یاسایی خاوەنداریەتی زەوییەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام بەھۆی ڕێگری سوپا ناتوانن بەکاربھێنن، پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسی تایبەت بە زەوی و زاری پەسەند کرد، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، جووتیاران، دەڵێن، ڕاستە ئەو یاسایەی لە پەرلەمان دەرچووە بۆ ئێمە دڵخۆشکەر بووە، بەڵام جێبەجێکردنی ئاسان نییە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین بڕیارەکەی پەرلەمان وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پێویستە زەوی و زاری جووتیارانی کورد کە چەندین ساڵە لەلایەن عەرەبی ھاوردە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، زۆرجار جووتیارە عەرەبەکان دەڵێن، ٣٠ ساڵە ئەو زەویانە ھی ئێمەنە و کاری کشتوکاڵی تێدا دەکەین، بەڵام من دەڵێم لەوەتەی ئەو زەوییانەی کە ھەنە تاپۆکانیان بە دەست کوردەوە بووە، ئەو یاسایەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکراشی کرد: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، بۆیە چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە.

