محەمەد دڵشاد جبرائیل*
ئەو قەڵا دێرینەی کە تەنها بە بەرد و دیوارەکانی نا، بەڵکو بە دڵی فراوانی دانیشتووانەکەیەوە دەناسرێتەوە، ئەم شارە مەکۆی ئاشتی و لانکەی پێکەوەژیانە، ئەو شوێنەی کە تێیدا کورد، تورکمان، مەسیحی، وەک مێژوویەکی هاوبەش، لە بەر سێبەری قەڵایەکدا دەژیین کە مڵکی هەموو لایێکە.
هەولێر ماڵی هەمووانە بەبێ جیاوازی، هەولێر هەرگیز شارێکی تاکڕەنگ نەبووە و نابێت؛ ئەم شارە مڵکی هەموو ئەو کەسانەیە کە بە درێژایی مێژوو بە دەستی ئاوەدانی و دڵسۆزی خزمەتیان کردووە، برایەتی کورد و تورکمان و مەسیحییەکان لە هەولێردا، تەنها دروشم نییە، بەڵکو ژیانێکی رۆژانەیە، بگرە لە بازاڕی قەیسەرییەوە تا کۆڵانەکانی عەنکاوە، هەروەها لە گەڕەکە تورکماننیشەکانەوە تا گەڕەکە کوردییەکان، ڕۆحی ئەم شارە بە تەبایی و خۆشەویستی لێ دەدات.
بەرەنگاربوونەوەی لێدوانە ڕەشەکان
بە داخەوە، هەندێک جار دەنگی نالۆژیکی و خۆویستی لەلایەن ناحەزان و ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتیی کۆمەڵایەتیی شارەکەمان تێک بدەن، دەبیسرێت. دەبێت هەموومان بزانین، خۆویستی و جیاکاری، دژمنی یەکەمی پێشکەوتنی هەولێرن، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە زمانی ڕق و کینە بە سۆزی خەڵک یاری بکەن، هیچ رەنگدانەوەیەکیان لە مێژووی ڕەسەنی هەولێردا نییە؛ تەباییەکەی ئێمە وەڵامی هەرە توندە بۆ هەموو ئەو کەسانەی نایانەوێت هەولێر بە سەلامەتی و ئارامی بمێنێتەوە، جوانیی هەولێر لە دەنگی مزگەوتەکان و کەنیسەکان و بەو کولتوورە دەوڵەمەندەی کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدارن، ئێمە لە هەولێر، نەک تەنها دراوسێین، بەڵکو خاوەنی یەک چارەنووسین، بۆ ئاوەدان کردنەوەی شارەکەمان، ئەو کات دەبێتە دەستکەوتی هەموومان، هەر ئازارێکیش بەر هەر پێکهاتەیەک بکەوێت، هەموومان هەستی پێ دەکەین، با بە دەستی برایەتی، ڕووبەڕووی هەر دەنگێکی ناحەز ببینەوە، چونکە بەهێزی ئێمە لە یەکگرتووییماندایە، هەولێر بۆ هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیان و برایەتی دەمێنێتەوە.
*بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی تورکمان

