خوسرهو جاف
ئەم ناوە (گڵگامێش) لە زمانی عەرەبیدا هیچ مانا و مەفهوومێکی نییە، بەڵام لە زمانی کوردیدا (گڵگامێش) یانی گامێری بەهێز، توانا و پەلاماردەر.
هاتنی عەرەب بۆ دۆڵی دووڕووباران کە ئێستا لەم دوادواییانەدا بە ناوی عێراق ناسراوە، لە دوای پەیدابوونی ئایینی ئیسلام و شەڕی (قادسیە)ی نێوان کۆنەدەسەڵاتی ساسانی و پەلاماری ئیسلامە تازەپێگرتووەکەدا ڕووی داوە. لە ئاکام و سەرەنجامی ئەو شەڕەدا لەشکری ئیسلام (تیسفۆن)ـی داگیر کرد، کە بە پایتەختە سەرەکییەکەی ئیمپراتۆریەتی ساسانییەکان دەناسرا و سەرجەم ٤١٢ ساڵ فەرمانڕەوایییان کردووە.
ئیدی لەوەتەی مرۆڤ خوڵقاوە، (مەرگ و میر) بە دەردێکی بێدەرمان، ئازاردەر و بێچارە ناسراوە. زۆر لە دەسەڵاتدارانی مێژووی ڕابردوو کۆشاون تا دەردی بێدەرمانیی (مردن) چارەسەر بکەن و بگەنە تیۆری (ڕازی بەقا)، بەڵام هیچیان پێ نەکراوە و مردن هەر وەک خۆی ماوەتەوە. تازە تەواوی ئایینە ئاسمانییەکان و ئایینەکانی تریش هەر هەموویان لەو ڕووەوە دانیان بە بێچارەیی مردندا ناوە. بەڵام باوەڕ وا بووە، بەو ئەندازەیەی مەرگ بێچارەیە، ڕۆح بەردەوامە و هەتاهەتایە.
ئەوەی لە میتۆلۆژیا و ئەفسانەی میللەتاندا هەیە و گەیشتووەتە ئێمە زۆرن، بەڵام (گڵگامێش) کە بۆ خۆی ئەفسانەیەکی سۆمەرییە — و تا ئەوەی زانراوە سۆمەرییەکان وەک ڕەگەز ئاری بوونە و لەسەر ڕەگەزی سامییەکان نەدراون لە قەڵەم —، پاڵەوانی ئەم ئەفسانەیە شا گڵگامێشە، کە بۆ خۆی هەم پاڵەوان و هەم شای (ئوور) بووە. هێز و توانای بەدەنیی (گڵگامێش) بێهاوتا بووە، هیچ کەسێکی ئەو سەردەمە توانای هێزی شان و بازووی گڵگامێشی نەبووە.
ئەو پاڵەوانە هاوڕێیەکی بەهێز و توانای خۆشەویستی هەبووە بە ناوی (ئینکیدۆ)، مەرگ مەودای نەدا و دەمرێت. گڵگامێش بەو مردنە گەلێک غەمگین و پەژمەردە دەبێت و چەندین هەفتە بەدیار تەرمەکەیەوە دادەمێنێت و ڕۆژانە غەم و خەفەتی بۆ دەخوارد، تا دەبینێت وا کرمێک لە کونەلووتی وەدەرهات. ئەو دیمەنە گڵگامێش هەراسان دەکات و دەکەوێتە بیری چارەسەرکردنی مەرگەوە، تا زیندووە بکۆشێت چارەسەری (مردن) بکات. بڕیاری دا بە دوای چارەسەری (مەرگ و مردن)دا، بڕوات بۆ تەواوی گۆشە و کەناری وڵاتانی دوور و نزیک.
لە گەشتەکەیدا سەدان شەڕی کردووە و پەلاماری زۆری داوە؛ شێر، جانەوەر و پیاوی دووپشکشێوە پەلاماری داوە و کوشتوویەتی. توانیی بڕواتە جیهانی مردووانەوە، لەوێدا غەوڵ و دەعبای بەردینڕوخساری زۆر دیوە (بە ناوی ئورشانابی (Urshanabi) و، تەنها زیندووی دوای تۆفانی پەیدا کرد، بەڵام لە گەشتە پڕ ڕووداوەکەیدا هیچی بەدەست نەهێنا و بە دەستی خاڵی گەڕایەوە. بەڵام ئەوەی سەلماند کە خواکان کاتێک مرۆڤیان خوڵقاندووە، سەرنوشتەی مرۆڤیان بە مردن تۆمار و دەستنیشان کردووە.
مرۆڤ سەرەنجام هەر دەبێ بمرێت. ئەوانەی لە زانست و حیکمەتی ئێستای مرۆڤدا ژیاون و دەژین، لایان وایە مەرگ گرفتێکی هونەرییە؛ مرۆڤ نامرن لەبەر ئەوەی خواکان بڕیاریان دابێت، بەڵکوو ڕووداو و گۆڕانکاریی بایۆلۆژی و فیسیۆلۆژی دەبنە هۆکاری مردن. ئیتر ئەوە نەخۆشییە سەخت و کوشندەکانە، وە ئەو مەسەلە هونەریانە (فەنی) چارەی هونەریشیان هەیە. باوەکوو تەواوی چارەسەری ئەو کارە فەنیانە هێشتا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام سەرەنجام کۆتایی هەر دەردێک دەرمانێکی هەیە، هەتاوەکوو دەردی پیریش ڕۆژێک لە ڕۆژان چارەسەرێکی بۆ دەدۆزرێتەوە، ئەمڕۆ نا سبەی. گرفتەکە تەنها کاتە و بەس.
ڕاستە تا بە ئەمڕۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە هیچ توانا و دەسەڵاتێکی بەرانبەر (مەرگ) بەدەستەوە نییە و لاشی وایە سەرکەوتن بەسەر مەرگدا مەحاڵە و کار و کردەوە و فکرێکی نەزۆکە، بەڵام ئەگەر ئەقڵی مرۆڤ و زانستی مرۆڤ زاڵ بوو بەسەر بیمارییە سەختەکاندا وەک ئەلزەهایمەر و شێرپەنجە؛ بێگومان با جارێک لە هەقیقەتی مەرگ نەدوێین و هەروا بزانین ئاکام و سەرەنجامی تەواوی مرۆڤایەتی هەر مەرگە. بەڵام لە چەند گۆشەی زانستیی جیهانەوە (زانست) وەک توانا و تیمار لە تەقەلادان، هەرنەبێت بۆ دوورخستنەوەی مەرگ و هۆکارەکانی. خۆی ئەوە بە شۆڕشێکی زانستی دەژمێردرێت و تەماحەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دەبن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی مرۆڤ و پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییە بکوژەکان.
بەندە وەک ئیماندارێک بیردەکەمەوە؛ زانست هەرچەندە بگاتە هەر پلە و پایەیەک، مەحاڵە بتوانێ (مەرگ) ببەزێنێت، مەحاڵە بتوانێ پەنجە لە ڕۆح گیر بکات. لام وانییە ڕۆژێک لە ڕۆژان زانست بگاتە ئەو پلە و پایەیەی مەرگ و مردن (فت) بکات. بەڵێ زانست گەیشتووەتە پلە و پایەیەکی درەخشانی وا شایەنی بیرلێکردنەوەیە، یەک دوو سەدە لەمەوبەر زۆر شتی ئێستا بە مەحاڵ دادەنرا.
ساڵی ١١٩٩ی زایینی، شانی چەپی شا ڕیچاردە شێردڵ تیرێکی بەرکەوت، ئەو زامە بەرەبەرە تەواوی بەدەنی گرتەوە و بەو تیرە کۆچی دوایی کرد؛ لە کاتێکدا زامێکی وەک زامی شانی شا ڕیچاردە شێردڵ، ئەمڕۆکە چاککردنەوەی وەک ئاوخواردنەوەیە. ئەو کاتە نەخۆشیی گانگرین (قەنگاریا) تەواوی لەشی ڕیچاردی گرتەوە، نەیشدەتوانرا شانی ببڕنەوە، بۆیە بەو زامە کۆچی دوایی کردووە. تا سەدەی نۆزدەهەمیش زانست نەیدەتوانی ئەو جۆرە برینانە تیمار بکات، لە ئاکامی شەڕەکاندا تەنها چارەیەک کردوویانە دەستبڕینەوە یان بڕینەوە وەک دوا تیمار بەکار براوە. تازە بڕینەوەی بێ مۆرفین؛ دەرمانی بێهۆشی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا دۆزراوەتەوە.
لە پێش ئەو دەرمانەدا ددانهەڵکەندن هەر بەبێ بەنج، بێ مۆرفین و بەبێ سڕکردن کراوە، کابرا هەر دەبوو بەرگەی ژانەکەی گرتبایە لەبەر ئەوەی دەرمانی کلۆرۆفۆرم نەدۆزرابووەوە. ئەو کات لە شەڕی واترلۆدا ساڵی ١٨١٥ ز، یان هەر شەڕێکی گەورەی ئەو کاتانە، لە دەوروبەری گۆڕەپانی شەڕەکاندا بڕینەوەی دەست و پێ، کاروکاسبیی ئاسنگەران و دارتاشەکان بووە. دوو سەدە دوای شەڕی (واترلۆ)، سیستەمی تیمارکردن لە بنەماوە گۆڕاوە و تا بە ئێستاش هەر لە گۆڕانکاریدایە.
لە پێش سەدەی بیستەمدا زۆربەی زۆری منداڵی ساوا هەر بە منداڵی بە نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە دەمردن؛ نەخۆشینی وەک سوورێژە، ئاوڵە، گرانەتا؛ یەک سێهەک (یەک لەسەر سێ)ـی منداڵان هەر بە منداڵی دەمردن. ئێستا لە زۆر وڵاتاندا لە هەر هەزار (١٠٠٠) منداڵێک، تەنها پێنج منداڵ ڕەنگە بمرێت.
بەندە ئامارێکم لایە پەیوەندە بەم باسەمەوە؛ خێزانی (ئێدواردی یەکەم) شای بەریتانیا (١٢٣٧-١٣٠٧)، منداڵەکانی لە ئەوپەڕی خواردنی باش و ئاگاداریی تەواودا هاتبوونە جیهانەوە؛ چاکترین دکتۆر و پزیشکی ئەو سەردەمانە چاودێریان بووە، کەچی بە نەخۆشیی جۆراوجۆرەوە مردوون. شاژن (ئیلینۆر) (١٢٤١-١٢٩٠) سەرجەم شازدە منداڵی بووە، بەم شێوەیەی خوارەوە ژیاون و مردوون:
١. کچێکی بێناو لەدایکبووە ١٢٥٥ ز، لە یەک ساڵاندا مردووە.
٢. کچێکی بە ناوی (کاسرین) لە حەوت ساڵاندا مردووە.
٣. کچێکی بە ناوی (جوان)ـی یەکەم لە پێنج مانگاندا مردووە.
٤. کوڕێکی بە ناوی (جۆن) لە پێنج ساڵاندا مردووە.
٥. کوڕێکی بە ناوی (هێنری) لە شەش ساڵاندا مردووە.
٦. کچێکی بە ناوی (ئیلینۆر) لە سیوچوار ساڵاندا مردووە.
٧. کچێکی بێناو لە پێنج مانگاندا مردووە.
٨. کچێکی بە ناوی (جوان)ـی دووەم لە سیوپێنج ساڵاندا مردووە.
٩. کوڕێکی بە ناوی (ئەلفۆنسۆ) لە دە ساڵاندا مردووە.
١٠. کچێکی بە ناوی (مارگرێت) لە هەشتاوچوار ساڵاندا مردووە.
١١. کچێکی بە ناوی (بێرێنگاریا) لە دوو ساڵاندا مردووە.
١٢. کچێکی بێناو دوای لەدایکبوون مردووە.
١٣. کچێکی بە ناوی (ماری) لە پەنجاوسێ ساڵاندا مردووە.
١٤. کوڕێکی بێناو دوای لەدایکبوونی مردووە.
١٥. کچێکی بە ناوی (ئەلیزابێس) لە سی و چوار ساڵاندا مردووە.
١٦. کوڕێکی بە ناوی (ئێدوارد) بووە و سەرەنجام بوو بە شا (ئێدواردی دووەم).
با ئەوەش بوترێت ئەو ژن و مێردە هیچ نەخۆشییەکیان نەبووە کە ئەو ژمارە زۆرە منداڵیشیان مردووە.
با بگەڕێینەوە سەر (گڵگامێش) و بە دوای هەتاهەتا ژیاندا، ئەو پڕۆژەیەی کە بە دوایدا ڕۆیشتبوو. ئایا سەد ساڵی تر، پێنسەد ساڵی تر، تۆ بڵێی ١٠٠٠ ساڵی تر مرۆڤ زاڵ دەبێتە سەر مردن؟ تۆ هەرچەندە بەڵگەی زانستی بۆ من بهێنیتەوە، نەشیاوە و نەکراوە مرۆڤ نەمرێت. ئایینە ئاسمانییەکان، لۆژیک و (مەنتیق)ـی ئینسانیەت نەشیاوە و ناکرێت بێ مردن بن. زانست بگاتە هەر پلە و پایەیەک، مەرگ هەیە و زیندووبوونەوەش هەیە.
تۆ شتێک هەیە بیزانە، لەوەتەی مرۆڤ هەبووە هەرگیز بێ خودا نەبووە، بۆیە بەندەی موخلیس لەوە دڵنیام مەرگ و ژیان بە دەست پەروەردگارە و بەس. ڕەنگە بتوانرێت تەمەنی مرۆڤ بە دەوا و دەرمانی سبەی درێژ بکرێتەوە، بەڵام مەرگ هەر مەرگە و مردن هاوڕێ و سەرەنجامی هەموو گیانلەبەرێکە. سیستەمی بەشەریەت وا دەستی پێ کردووە تا ئەبەدیەتیشی. زانستی مرۆڤیش بگاتە هەر پلە و پایە و ئەندازەیەک، سەرەنجامی تەواوی زیندووان تێداچوون و مەرگە. بە ڕای بەندەی موخلیس، ئەگەر مەرگ و میر نەبوایە، مرۆڤ مرۆڤی دەخوارد.
لەوانە گوزەشت، لە مێژووی ڕابردوودا دەسەڵاتی جۆراوجۆر پێک هاتووە و لەو سەردەمانەشدا کەسانی فەیلەسوف، لێزان و چاوساقی گەورەی پایەبەرز ژیاون. مرۆڤ، دەسەڵاتی مرۆڤ و فەرمانڕەوایی مرۆڤ چەندین ئیمپراتۆریەتی پێک هێناوە و سەرەنجام لەناوچوونە. زۆربەشیان پەیڕەوی سیستەمی فرەخوا (پولیتایزم؛ polytheism) بوونە و فەرمانڕەواییەکەشیان بە وردی بەڕێوە بردووە، بەڵام هەبووە بیری لە تاکخودایی کردووەتەوە. بیر لە یەکانەییەکەی پەروەردگار (خودا) کراوەتەوە، هەتاوەکوو لە دەسەڵاتی دوورودرێژی فیرعەونەکانی میسردا یەکێک لە شاکانیان دامودەزگای فرەخودایی تووڕ داوە و سیستەمی تاکخودایی (مۆنۆتایزم)ـی هەڵبژارد و، تا زیندوو بوو دەسەڵاتەکەی پەیڕەوی سیستەمی تاکخودایی بووە؛ دوای مردنین ئەو، دووبارە سیستەمی فرەخودایی بە ئەوپەڕی دەسەڵاتەوە گەڕاوەتەوە سەر بیروبۆچوونی فرەخودایی.

