یاسین قادر بەرزنجی
سنوور ئارام بە ئارام بە
دەریا
ئازیزەکەی من وا لە
سەفەریا
نازی ڕابگرن نازبڕاو
نەبن
دڵی ڕابگرن دڵشکاو
نەبن
ئەمە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانی خاتوو ئەمەل سەعید کوردە، کە لە شیعرو ئاوازی مامۆستا (دلێر ئیبراهیم)ه، کاک دلێری هونەرمەندو مامۆستاو سەرکردەی خەباتی ڕێکخراوەیی و پێشمەرگە و هاوڕێی بەڕێزو ڕاستەقینە.
سەرەتا لەسەر دەستی هونەرمەند سەلاح ڕەووف فێری ئامێری کەمان بووەو هەر بەهۆی ئەویشەوە ساڵی ١٩٧٣ بووەتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی، لەو سەرەتایەیدا سوودیکی باشی لە زانیارییە تیۆرییەکانی هونەرمەند فەرەیدوون دارتاش بینیوە، چونکە ئەو دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بووە، کە چووشەتە پەیمانگای مامۆستایان سوودمەند بووە لە هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی، کە مامۆستای موزیکیان بووە.
کاک دلێر خزمەتی مامۆستایی لە گوندی دێکۆنی بەری گڵەزەردەو مەرگەو قوتابخانەکانی شێخ مەحمودو مەڵکەندی و دەباشان بردووەتە سەر.
لە تیپی مۆسیقای سلێمانی چەندین ساڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر و لیژنەی هونەری بووە، ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت، خاوەنی پەیوەندییەکی پتەوە لەگەڵ هونەرمەندو ڕوناکبیراندا، بەوەش بووەتە کەسایەتییەکی خۆشەویست و بەڕێز لای هەمووان.
ساڵی ١٩٧٦خولی فێربوونی موزیکی بۆ قوتابییە منداڵەکان کردووەتەوەو دەیان گوڵە بەهرە لای ئەو گەشاونەتەوە، لەگەڵ هونەرمەند عوسمان محەمەد ئەمین هەردوو تیپی مۆسیقای قوتابخانەکانی شێخ مەحمودو نەورۆزیان لەیەکداوەو (تیپی مۆسیقای منداڵانی سلێمانی) یان درووست کردووە، ئەم تیپە دوو ساڵ لە ڤێستیڤاڵی ساڵانەی چالاکی قوتابخانەکانی هەموو عێراقدا خەڵاتی یەکەمینیان بەدەست هێناوە، کە یەکێکیان لەسەر شانۆگەری (بەیتی ڕێزانکێ) بووە، لە نووسینی ڕەوانشاد سمکۆ ناکام و دەرهێنانی مامۆستا عوسمان چێوارو ئاوازو موزیکی دلێر ئیبراهیم بوو.
لە ژیانی هونەریی خۆیدا، ئاواز یان ئامادەکردن، یان دابەشکردن، یاخود پێشەکیی بۆ ئەم هونەرمەندانە داناوە :
عوسمان عەلی، کەریم کابان، عەبدولقادر حەسەن و حەسەن گەرمیانی و چەند گۆرانیبێژێکی تر داناوە.
ئاوازی بۆ گۆرانییەکی شانۆگەریی (زەلکاو)ی تیپی پێشرەو داناوەو هونەرمەند عەدنان کەریم وتوویەتی.
ساڵی ١٩٨٢ بووەتە پێشمەرگەو لە ڕیزەکانی یەکێتیدا خەباتی کردووەو لەشاخ بووەتە بەرپرسی تیپی شەهید کارزان و گەلێک چالاکییان نواندووەو چوار نەواریشیان تۆمار کردووە، ساڵی ١٩٨٤ لە سورداش سەرپەرشتیی ئاهەنگی نەورۆزی کردووە، هەروەها ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ هونەرمەند ئاراس ئیبراهیمی برای و چەند هونەرمەندێکی تر لە شاری سەقز ئاهەنگی نەورۆزو هەلەبجەیان ساز کردووە، کە جگە لە مۆسیقاو سروودو گۆرانی ژانرەکانی دیکەی هونەریشی تیادا نمایشکراوە.
لەکاتی پێشمەرگایەتیدا لەگەڵ هونەرمەندو نووسەر شوان کابان چوار ژمارەیان لە گۆڤاری (هۆرە)ی تایبەت بە موزیکیان دەرکردووە، ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩٠ بەرپرسی کۆمیتەی شاخی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان بووە.
دوای ڕاپەڕین دەزگای خاک کتێبی (تیۆری موزیک) یان بۆ لەچاپداوە، لەگەڵ کتێبێک بۆ منداڵان بەناوی (نانەبەرە)، ساڵی ١٩٩٠ چووەتە وڵاتی سوید و تا ئێستا لەوێ نیشتەجێیە، ئەم هونەرمەندە گەورەیە ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی (مامۆستا ئیبرایم ئەحمەد)ی پێ بەخشراوە.
مایەوە بڵێم، وێڕای هاوڕێیەتیمان،ساڵی ١٩٧٧ پێکەوە لە شانۆگەریی (هەبوو نەبوو) دا کارمان کرد، بەندە وەک ئامادەکارو دەرهێنەری وکاک دلێریش وەک ئامادەکاری موزیک و ئاوازەکانی.
بەهیوای بەرهەمی نوێ و ژیانێکی پڕ لە تەندرووستی و سەرفرازیم بۆ برای شیرینم مامۆستا دلێر ئیبراهیم.

