چالاک ئەحمەد
پەتای کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەگەر بۆ جیهان قەیرانێکی تەندروستی و ئابووری بووبێت، بۆ ئەو وڵات و هەرێمانەی پشتیان بە داهاتی نەوت بەستبوو، دوو هێندە قورستر بوو. هاوکاتبوونی ئەم پەتا جیهانییە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەم ئاڵنگاریی گەورە بوو لە بەرانبەر ئیرادەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. لێزانانە و بە کەمترین زیان ئەو قەیرانە بەڕێوەبرا، بەڵام زنجیرەی ئاستەنگەکان لەوەدا نەوەستان؛ تا کار گەیشتە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و بڕینی ڕاستەوخۆی سەرچاوەی داهاتی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
مەبەستی سەرەکی لەم نووسینەدا ڕیزکردنی تەواوی ئەو قەیرانانە نییە کە بەرۆکی هەرێمەکەیان گرتووە، بەڵکوو وەڵامدانەوەی پرسیارێکی جەوهەرییە، کە ئەویش بریتییە لە: چاوپۆشین لە ڕاستییەکان و خۆبەدەستەوەدان، یان پاڵپشتیکردنی شۆڕشی ئاوەدانی و راوەستان لە بەرانبەر گوشارە سیاسییەکانی بەغدا؟
ئاشکرایە کە بەغدا بە مەبەستی بچووککردنەوە و کاڵکردنەوەی دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم، “کارتی مووچە”ی کردووەتە چەکێکی سیاسی. هاوکات لەگەڵ دروستکردنی کێشەی مانگانە بۆ قووت و بژێویی خەڵک، هەوڵ دەدرێت ناڕەزایەتیی جەماوەری دروست بێت تاوەکوو سەرنجی هاووڵاتییان لەسەر پرۆژە ستراتیژییەکانی وەک شەقام، بەنداو، سایلۆ، بەدیجیتاڵکردنی سیستم و پرۆژەی ڕووناکی لاببرێت. خۆ ئەگەر هاووڵاتی مانگانە لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانی پێ نەگات، بە سروشتی حاڵ سەرنجی کەمتر دەچێتە سەر ژێرخان و پرۆژە درێژخایەنەکان؛ ئەمەش ڕێک ئەو ئامانجەیە کە بەغدا کاری لەسەر دەکات.
بەراوردکارییەکی واقیعی؛ لۆجیکی خزمەتگوزاری لە بەرانبەر قەیرانسازیدا
کاتێک سەیرێکی واقیعی ئەمڕۆی خزمەتگوزارییەکان دەکەین لەگەڵ ڕابردوودا، جیاوازییەکە بە ڕوونی دەبینرێت:
کەرتی کارەبا (پرۆژەی ڕووناکی): پێشتر هاووڵاتییان تەنیا بۆ چەند ئەمپێرێکی دیاریکراوی کارەبای موەلیدە، مانگانە لانی کەم ٥٠ هەزار دیناریان دەدا و بەردەوامیش لە دڵڕاوکێی پچڕانی کارەبادا بوون. بەڵام ئەمڕۆ بە سیستمێکی مۆدێرن و کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بێ پچڕان، تێکڕای تێچووی مانگانەی زۆربەی خێزانەکان لەو بڕە نزیکە، مەگەر ماڵێک خۆی ئاستی بەکارهێنانی زۆر زیاتر بێت.
کەرتی ئاو: لە شاری هەولێر و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان، وەرزی هاوین کێشەی بێئاوی، کڕینی ئاو بە تانکەر و شکانی بەردەوامی بۆرییەکان ببووە کابووسی ساڵانەی هاووڵاتییان. بەڵام بە جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیژییەکانی ئاو، ئەم کێشەیە بە یەکجاری بەرەو چارەسەری بنەڕەتی برا.
کەرتی بانکی و خزمەتگوزاریی خانەنشینان (پرۆژەی هەژماری من): وەستانی خانەنشینان لە سەرەی دوورودرێژ و ڕووداوی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی بەساڵاچووان لە سەرەی مووچەدا، تەنها پرۆژەیەکی وەک (هەژماری من) چارەسەرەکەی بوو، کە خۆشبەختانە لە ئێستادا بەشی هەرەزۆری مووچەخۆران لێی سوودمەندن.
کەرتی کشتوکاڵ و بەنداوەکان: دروستکردنی بەنداو و سایلۆکان نەک هەر ئاسایشی ئاو و خۆراکیان بۆ هەرێم زامن کردووە، بەڵکو کەرتی گەشتوگوزاری و ئابووریی جووتیارانیشیان ژیاندووەتەوە.
ئامانجەکانی بەغدا لە بەکارهێنانی کارتی مووچە
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هەنگاوی جیدی بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و دروستکردنی سەربەخۆیی ئابووری دەنا، حکومەتی بەغدا چەکی مووچەی بەکار هێنا بۆ سێ ئامانجی سەرەکی:
1. داپۆشینی دەستکەوتە ژێرخانییەکان: دروستکردنی ناڕەزایەتی تا سەرنجی جەماوەر لە پرۆژە گەورەکانەوە بۆ قەیرانی مووچە بگۆڕدرێت.
2. کەمکردنەوەی سەربەخۆیی ئابووری: پەکخستنی توانای دارایی هەرێم لەڕێگەی پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکان و بەستنەوەی بژێویی خەڵک بە مەرجی سیاسییەوە.
3. پەکخستنی کاروانی گەشەپێدان: سەرقاڵکردنی حکوومەت بە ئیدارەدانی قەیرانی ڕۆژانەی مووچە، تا توانای جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێی نەمێنێت.
لە کۆتاییدا:
مێژووی ئابووریی وڵاتان دەیسەلمێنێت کە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی بەهێز، سەرمایەی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەکە، نەک تەنیا خەرجکردنی پارە بۆ بەکاربردنی ڕۆژانە. کابینەی نۆیەم ڕێک ئەم سەرمایەی بونیات ناوە، مۆدێلێکی لە خزمەتگوزاری و ئاوەدانی چەسپاند کە بەغدا بە مەترسیی بۆ سەر باڵادەستیی خۆی بینی، بۆیە مووچەی کردە ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی ئەم کاروانە. بەڵام پرۆژە جێبەجێکراوەکان و گۆڕانکارییە ماددییەکان لەسەر ئەرز، شایەتێکی زیندوون و ناسنامەی کابینەی نۆیەم وەک “کابینەی پرۆژە و ئاوەدانی” لە مێژوودا دەچەسپێنن.

