شێرکۆ حەبیب
بەشی سێیەم
پێویستە ڕۆژنامەنووس پێش لە نووسینی هەواڵە ئەمانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرێت:
١- راستگۆیی و نوێکردنەوە
بەو مانایەی کە لە کات و ساتی خۆیدا و هەنووکەیی بێت، هەواڵەکان پێویستە سەرنجیان لەسەر ڕووداوێکی هەنووکەی بێت، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکەدا ڕۆژنامەنووسان زانیاری و ڕاستی نوێ پێشکەش بکەن. ڕۆژنامەکان لە پێشبڕکێدان و ڕکابەری یەکتر دەکەن، هەروەها لەگەڵ دەزگاکانی تری ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و تۆڕە ئۆنلاینەکان. لەم ژینگە کێبڕکێیەدا لەناو ڕۆژنامەگەریدا،هۆکاری کاتییش لە پێش هەموو شتێکەوەیە بۆ بردنەوە. بۆ نموونە، ڕەنگە ڕۆژنامەنووسێک چیرۆکێک ئامادە بکات، تەنیا بۆ ئەوەی بزانێت کە پێشتر لە ڕۆژنامەیەکی دیکەدا بڵاوکراوەتەوە- کارێک کە بە “تێکدانی هەواڵ” ناسراوە. ئەمەش گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی کاتیی لە هەواڵەکاندا دەردەخات، زۆرجار هەواڵێک کاتێک بەسەردەچێت، قورسایی و گرنگی خۆی لەدەست دەدات.
٢- نزیکی: نزیکی واتە نزیکیی شوێنەکە لە خوێنەرەوە، تا ڕووداوەکە لە ناوچەی جوگرافیای خوێنەرەوە نزیکتر بێت، زیاتر ئارەزووی لای خوێنەری ئەو ناوچەیە دەبێت. خوێنەر زیاتر گرنگی بە شتەکانی دەوروبەری خۆی دەدات نەک لە شوێنەکانی دوور لە خۆی، ئەمەش بەهۆی پەیوەندی و کاریگەرییەکەی لەگەڵ دەوروبەرەکەی. ڕەنگە ئەم تیۆرییە بۆ ڕووداوە نەتەوەییەکان یان ئەوانەی کە بە پێی بەرژەوەندییەکانی بە کەسانی دیکەوە گرێدراون، نەگرێتەوە.
٣- کاریگەری: تا چەند هەواڵ کاریگەری لەسەر خوێنەر هەیە؟ تا هەواڵەکە گرنگتر بێت و لێکەوتەکانی بۆ بینەرێکی فراوان گرنگتر بن، زیاتر جێگەی سەرنجی خوێنەر دەبێت.
٤- گرنگی: هەواڵی ڕووماڵکردنی ڕووداوێکی گرنگ کە پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە، بەهۆی لایەنە ئەرێنی یان نەرێنییەکانی، زیاتر جێی بایەخی خوێنەر بوو.
٥- قەبارە: تاخوێنەر یا بینەر زیاتر حەزی لە هەواڵێک بێت، بەها و دیاربوونی زیاتر دەبێت بە بەراورد بە هەواڵەکانی تر. هەواڵ لە ڕووی قەبارەوە دوو جۆر هەیە: هەواڵی کورت و هەواڵی درێژ، هەروەها پێی دەوترێت هەواڵ یان پارچە هەواڵ. ئەم جۆرە هەواڵە ژمارەیەکی زۆرتری خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، چونکە بەزۆری بابەت گەلێکی جێی سەرنجی کۆمەڵگا دەگرێتەوە و زیاتر زارەکییە و پەرەگرافی زۆری تێدایە. تا ڕووداوەکە گەورەتر بێت، باشترە و تا دراماتیکتر بێت، کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی ئەوەی بە بەشداریکردنی بینەر ناسراوە.
٦- سود: بەرژەوەندی کەسی یان گشتی لە هەواڵەکاندا گرنگییەکی سەرەکی هەیە. خوێنەران ئارەزووی ئەو هەواڵانە دەکەن و بەدوایاندا دەگەڕێن کە سوودی کەسییان پێشکەش دەکات و تا هەواڵێک بۆ زۆرینە سوودی زیاتری هەبێت، بەهاکەی زیاتر دەبێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەواڵ نابێت بە شێوەیەکی وشک یان ڕۆتینی ڕاستییەکان یان ڕووداوەکان بخاتەڕوو، بەڵکو زیاتر سەرنجی لەسەر لایەنە سەرنج راکێشەکانی ئەو راستییانە بێت کە لەخۆی دەگرێت. بۆ ئەوەی هەواڵەکان جێگەی سەرنجی زۆرترین ژمارەی خەڵک بێت، پێویستە بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی، بیرۆکە، یان هەستەکانیان بێت. بۆیە هەواڵ دەبێت واقیعی بێت، راستی بەرجەستە و تۆکمە و یەکلاکەرەوەی تێدابێت بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشێت.
هەروەها هەندێک شتی تریش هەن کە پێویستە ڕۆژنامەنووس گرنگی پێبدات، وەک: ناوبانگ، ململانێ، نامۆیی، جێگیربوون، و کات. کوالیتی هەواڵەکە و ئەو ڕۆژنامەیەی کە هەواڵەکان بڵاودەکاتەوە، وەک چۆن هەموو هەواڵەکان لە یەک ئاست و ناوەڕۆکدا نین، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، هونەری، هەواڵی سروشتی و هتد، هەروەها جۆری ئەو ڕۆژنامەیەی کە هەواڵەکان بڵاودەکاتەوە، جا ڕۆژنامەی ڕۆژانەی بەیانیان بێت یان ئێواران و ژمارەی چاپەکانی یان هەفتانە بێت.
ئەو بابەتانەی کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵ بۆ ئەوەی هەواڵەکە سەرکەوتوو بێت و زۆرینە بیخوێنێتەوە:
١- هەواڵەکە دەبێت ڕاست بێت، واتە لە ڕاستیدا ڕوویداوە. بۆیە پێویستە ئەو زانیاری و ڕاستی و ناو و شوێن و بەروار و کەسانە یان دامەزراوانەی کە لە هەواڵەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، تا دەتوانرێت ورد بن. هەر کەموکوڕییەک لە ڕاپۆرتکردنی ڕووداوە هەواڵییەکەدا، لە ڕووی وردبینییەکەیەوە، لە بنەڕەتدا هەواڵەکە تێکدەدات و متمانەی وەرگر بەو سەرچاوەیەی کە ڕاپۆرتی کردووە، لەناو دەبات.
٢- لە رووی زمانەوانی دەبێت سادە و ڕوون بێت. ئەم تایبەتمەندییە بۆ هەواڵەکان زۆر پێویستە، ئەمەش وا دەکات کە بۆ تێگەیشتن و مێشکی خەڵک گونجاو بێت. بەگشتی پێویستە ڕۆژنامەنووسان بە زمانێک بنووسن کە دەرچووی قوتابخانەی ناوەندی بە تێکڕا لێی تێبگات.
٣- ڕوونی، واتە هیچ تەموو مژیەک لە هەواڵەکاندا نەبێت، یان بە واتایەکی تر وەڵامدانەوەی شەش پرسیارەکە وەک لە بڕگەی سێیەمی پاشخانی هەواڵدا ئاماژەمان پێدا.
٤- ڕاستگۆیی و بێلایەنی: ڕاستگۆیی لە خستنەڕووی ڕاستییەکان، دوورکەوتنەوە لە شێواندن و چەواشەکاری و درۆکردن، هاوسەنگی لە پێشکەشکردندا، و بێلایەنی و جیاکردنەوەی بۆچوونێک لە بۆچوونێکی دیکە.
نموونەی هەواڵ
بە سەرنجدان بە ئاڵۆزیی پڕۆسەی هەواڵ و فرەیی دیدگاکان لەسەر چەمکی هەواڵ لە ژێر ڕۆشنایی داتای نوێی مۆدێرن و ئەوەی پیشەسازی هەواڵ بەرهەمی هێناوە، کە بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، زانایانی ڕۆژنامەگەری و هەواڵنووسان و توێژەرانی میدیا لە ژێر ڕۆشنایی کێبڕکێی ڕۆژنامەگەریدا و ئەو گۆڕانکارییە کولتووری و ئابووری و سیاسییەی کە ئەمڕۆ جیهان شاهیدییە، لە واقیعی هەواڵیان کۆڵیەوە.

