رۆژنامەی ھەولێر

پەنجەرەیەك بۆ پەروەردە (١) ڕۆڵی مامۆستا لە دروستكردنی كەسایەتیی قوتابی

خەرمان كەمال پیرباڵ
پەروەردە لە هیچ کاتێکدا تەنها بریتی نەبووە لە گواستنەوەی زانیاری لە مامۆستاوە بۆ قوتابی، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ بنیاتنانی مرۆڤێکی هۆشیار، بەرپرسیار و خاوەن بەها مرۆییەکان. لە سەردەمی پەرەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە زانیاری، گرنگی ڕۆڵی مامۆستا نەک کەمتر بووەتەوە، بەڵکو زیاتر بووە؛ چونکە ئەرکی سەرەکی مامۆستا ئەمڕۆ بریتییە لە ئاراستەکردنی بیر، بنیاتنانی کەسایەتی و فێرکردنی شێوازی بیرکردنەوە، نەک تەنها گواستنەوەی زانیاری.
مامۆستا، دروستكەری کەسایەتی، توێژینەوەکانی دەروونناسی پەروەردەیی ئاماژە بەوە دەکەن کە منداڵان و گەنجان زۆرتر لە ڕێگەی بینینی ڕەفتارەکانەوە فێردەبن وەک لە گوێگرتن لە قسە. بۆیە مامۆستا، بە هەڵسوکەوت، دادپەروەری، ڕاستگۆیی و شێوازی مامەڵەکردنی، دەبێتە نموونەیەکی ژیانی بۆ قوتابی. هەر وشەیەکی هاندان، هەرهەڵوێستێکی دادپەروەرانە و هەر ڕەفتارێکی ئەخلاقی دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لە ژیانی قوتابی جێبهێڵێت.
پەروەردە لە سەردەمی دیجیتاڵ؛ئەمڕۆ زانیاری لە تەلەفۆنێکی دەستیدایە، بەڵام دانایی لە هزر و ئەزموونی مامۆستادایە. قوتابی دەتوانێت هەزاران بابەت لە ئینتەرنێت بخوێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت بەبێ ڕێنیشاندانی مامۆستا هەموو زانیارییەک هەڵسەنگێنێت.
لە لایەكی ترەوە، متمانەبەخۆبون، سەرمایەیەکی شاراوەیە؛ زۆرێک لە قوتابیان توانای گەورەیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دەشاردرێنەوە. مامۆستای سەرکەوتوو ئەوەیە کە پێش ئەوەی هەڵە ببینێت، توانا بدۆزێتەوە؛ پێش ئەوەی سزا بدات، هاندان بکات؛ و پێش ئەوەی ڕەخنە بگرێت، متمانە دروست بکات. هەندێك جار ووشەیەكی كورت وەك (تۆ دەتوانیت) دەبێتە هۆكاری گۆڕینی چارەنووسی قوتابیەك.
ئەگەر داهاتووی كۆمەڵگا لەناو پۆلەكانی خوێندن دروست دەبێت ئەوا مامۆستا دروسكەری ئەو داهاتووەیە. هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەپێش بكەوێت ئەگەر مامۆستاكانی لە پێگەی شایستەیاندا نەبن. بۆیە پێویستە بەردەوام كار بكرێت بۆ بەهێزكردنی ئاستی پیشەیی مامۆستایان، باشتركردنی بارودۆخیان و بەرزكردنەوەی كولتووری ڕێزلێگرتن لە مامۆستا.