فەزیلە شۆرش
لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا، کورد و کوردستان مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدان و تێکۆشانیان لە مێژووی هاوچەرخدا، بە چەندین شێواز و قۆناغی جیاواز تۆمار کردووە. بێگومان هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی ئەم خەباتە و شۆڕشە پڕ شکۆیانەی گەلی کوردە، کە بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و پێشەوای سەردەم، سەرۆک بارزانی بووە؛ ئەم خەباتەش لەژێر چەتری سەرۆک بارزانیدا بۆ پاراستنی شکۆی کورد و کوردستانیان بەردەوامە. مێژووی کورد شایەتحاڵە کە هەر بستێکی ئەم خاکە، بە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان ئاو دراوە. بێگومان لەم خەباتە دوورودرێژەدا، ئافرەتان بێبەش نەبوون، بەڵکو بە ڕۆح و گیان لە قوربانیدان بۆ پاراستنی هەرێم بەردەوامن. ئافرەتان لە پێناو شکۆ و ئازادیی کوردستاندا، هیچ کات هەستیان بە ماندووبوون و قورسایی سەرشانیان نەکردووە و ناکەن؛ چونکە خۆشەویستی و قوربانیدانیان تەنیا بۆ خاکێک نییە، بەڵکو بۆ مانەوەی سەرفرازانەی گەلێکە لەسەر خاکێکی پیرۆز، کە چەترێکە بۆ پێکەوەژیان. قەوارەی هەرێم هێمای بوون و مانەوەی نەتەوەیەکە، بۆیە بەرگریکردن لێی ئەرکێکی سەرشانی هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانەیە.
پێویستە هەمیشە شانازی بە پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانەوە بکەین، چونکە شانازیکردن بە هەرێم، شێوەیەکە لە پاراستنی. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ هەموو جیهان دەردەکەوێت کە لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهاندا، جێگەی هەرێم پڕبایەخ و مایەی شانازییە؛ هەروەک دیمان لە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، بە ئامادەبوونی مەرجەعی کورد و کوردستان، سەرۆک بارزانی، لە شاری پاریس و لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا شەقامێکی تایبەت بە ناوی “پێشمەرگە” لە پارکی (ئۆندرێ سیتروێن – Parc André-Citroën) کرایەوە. هەروەها لە ڕێکەوتی ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦دا لە شاری هەولێر، بە شێوەیەکی فەرمی باڵاترین مەدالیای ڕێزلێنان (ئەستێرەی ئیتاڵیا – Star of Italy) لە لایەن وڵاتی ئیتاڵیاوە بەخشرایە سەرۆکی هەرێم، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی. ئەم کارە گرنگانە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە پێگەی کوردستان، مەرجەعی کورد، سەرۆکایەتیی هەرێم و پێشمەرگە قارەمانەکان. پاراستنی ئەم قەوارەیە ئەرکی سەرشانی تاک بە تاکی کوردستانیانە و پێویستی بە یەکگرتوویی و دادپەروەری هەیە. ئەگەر هەر تاکێک دەستی برد بۆ بەفیڕۆدانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی هەرێم، ئەوا دەکەوێتە بەر نەفرەتی دایکی شەهیدان و خەمخۆرانی نیشتمان. بەداخەوە کەسانێک هەن بە هەر ناو و جووڵەیەک بن، ئەم هەموو قوربانیدانە و خوێنی شەهیدان و ئازاری جەرگسووتانی دایکانیان لە بیر کردووە، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکان، زادی قەوارەی هەرێمن.
کەسایەتییە خائینەکان بەرژەوەندیی خۆیان و دوژمنانی کوردیان پێش بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان خستووە و خۆیان تێوەگلاوە لە گەوجاندن و پرۆپاگەندە، بۆ بێ ئومێدکردنی کوردستانیان لە سەربەخۆیی. هەوڵدان بۆ گەیاندنی زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێم، ململانێیەکی ناڕەوایە. ئەم کەسایەتییانە دەرهاویشتەی مەلەکردنیانە لە گێژاوی خیانەتدا، هەر بۆیەش بە ئاسانی لە لایەن نەیارانی کوردستانەوە ئاراستە دەکرێن و دەبنە هۆکاری دروستبوونی برینێکی قووڵ لە دڵی هەر کوردێکی بەئەمەگ و دایکی شەهیداندا.

