فازڵ میرانی
بەشی یەکەم
ئەمە تۆمارکرێکە بۆ مێژوو. لەبەر ئەوەی مێژوو، لەنێوان ئەو شتانەی کە تۆماریان دەکات، گۆڕانکارییەکانی ڕەفتاری مرۆڤ و دەرەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییانەش تۆمار دەکات، سەیر نییە، کە هەندێک جار هەڵسەنگاندنە زانستییەکان لەبەردەم شاڵاوی هەڵسەنگاندنە عاتیفەکان (بە ئەرێنی یان نەرێنی) پاشەکشە بکەن.
ململانێی مرۆڤایەتی بووەتە هۆی قەدەغەکردنی ئەو ناوانەی کە مێژووەکەیان بەستراوەتەوە بەو شتانەی کە لایەنێک ڕقی لێیان بووەتەوە، هەر بەو شێوەیەش هەندێک ڕەنگی دیاریکراو قەدەغە کراون لەبەر ئەوەی لەلایەن نەیارەکانیانەوە بەکار هێنراون.
ئەم بابەتەش بووەتە هاوشێوەی ئەو تێبینییەی لە ڕەخنەگرتن لە نمایشی شانۆییدا دەردەکەوێت؛ بەو پێیەی ئەگەر دەرهێنەرێک ئامرازێک بۆ نمایشێک بەکار بهێنێت، بۆ یەکێکی تر قورس دەبێت بەکاری بهێنێتەوە، مەگەر بە شێوازێک بەکاری بهێنێت کە بەکارهێنانی دەرهێنەرەکەی پێش خۆی بسڕێتەوە.
ئەمە مرۆڤە و ئەمەش بیرکردنەوەیەتی، تەنانەت دوای سەدان هەزار ساڵ لە ژیان و ئەوەی پێی دەوترێت شارستانییەت.
پرۆسەی سیاسیی عێراق بە دوو قۆناغی سەرەکیدا تێپەڕیوە؛ پێش ٢٠٠٣ و دوای ٢٠٠٣.
تایبەتمەندیی پرۆسەی سیاسیی پێش ٢٠٠٣ هاوشێوەی دوای ئەو ڕێکەوتە نییە، کەسایەتییەکانیشی لەم دوو قۆناغەدا زیادبوونی ناو و ڕوخساری نوێ و ونبوونی هەندێکی تری بەخۆوە بینی.
ڕەنگە سەردەمی ڕژێمەکانی پێشوو پەردەیەک بووبێت کە ڕێگەی گرتبێت لە دەرکەوتنی ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی کە لە دەسەڵاتدا تاقی نەکرابوونەوە، ئەمەش قۆناغێک بوو کە زۆر کەس بەئاگا نەبوون لە سوودوەرگرتن لێی؛ سوودیان لێ وەرنەگرت بۆ قووڵکردنەوەی فیکر و ئەزموون و ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی واقیعی کە لەلایەن خەڵکەوە پەسەند بێت، بۆیە هەرکە دەرفەتێکیان بۆ حوکمڕانی یان بەشێک لە بڕیاری دەسەڵات بۆ ڕەخسا، هەڵسوکەوتێکی وایان لێ وەشایەوە کە خەڵکی تووشی سەرسوڕمان کرد، سەیر نییە و هیچ ڕێگرییەکیش نییە کە ڕێگە لە خەڵک بگرێت بەراورد لەنێوان دوو ڕژێمدا بکەن.
من و کەسانی تریش دانی پێدا دەنێین کە بێدەنگبوونمان لە هەندێک کاتدا، بۆ پاراستنی پرۆسەکە بووە لە داڕمان و ئێستاش هەر وایە؛ بەڵام لایەنەکانی تری پەیوەندیدار بە بڕیاردان و خەڵکیش لەوە تێ نەگەیشتن کە ئەمە بێدەنگییەکی ناچارییە؛ چونکە زۆرێک لە بڕیاربەدەستان لەبەردەم سەرنجڕاکێشیی دەسەڵاتدا خۆیان پێ ڕانەگیرا، بۆیە ئیتر حەزیان بە گوێگرتن لە ئامۆژگاری نەدەکرد.
ئێمە لە عێراقداین، لەبەر ئەوەی لێرەین و بۆ هەر کەسێک کە سروشتی زۆربەی عێراقییەکان بناسێت، لە قسەکانم تێ دەگات؛ بەڵام لە کۆتاییدا تەنانەت ئەگەر ڕەخنەش بگرێت، دژایەتی بکات یان دوور بکەوێتەوە، جگە لە بێدەنگی هیچ ڕێگەیەکی تر نادۆزێتەوە وەک گوزارشتێک لە ڕەتکردنەوە، کە هاوشێوەی چەکێکە بۆ گەیاندنی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە سووربوونی لایەنەکانی تر لەسەر هەڵە.
نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە بتوانن جیاکاری بکەن لەنێوان پەیوەندییە کەسییەکان و هەڵەی کەسێک یان گرووپێک کە پۆستی فەرمییان لە بەڕێوەبردندا هەیە. ئەگەر بتەوێت بە دانایی و نەرمی ئامۆژگارییان بکەیت، وا بیر دەکەنەوە کە لەبەر هێمنییەکەت بابەتەکە هێندە گرنگ نییە، ئەگەر بە ڕەقیش ڕووبەڕوویان ببیتەوە، دژایەتیت دەکەن و ئامرازەکانی دەسەڵات وەک هۆکارێک بۆ شەڕ بەکار دەهێنن. ئەم جۆرە شتانە بەو قەبارەیەی دوای ٢٠٠٣ ڕوویان دا، پێشتر ڕوویان نەدابوو؛ چونکە جۆری سیاسییەکانی ئەو سەردەمە، سەرەڕای ئەوەی هەندێکیان خاوەن ئاراستەی تێکەڵ بە کەموکووڕی بوون، بەڵام بابەتیبوون و جەوهەری پرسەکانی عێراق لای لایەنی ئۆپۆزسیۆن زۆر پاکتر بوو لە ئۆپۆزسیۆنی دوای ٢٠٠٣ و ئەو کەسایەتییانەی کە هەندێکیان ئەزمووندار بوون؛ بۆیە ئەوان لە پێش ٢٠٠٣دا خۆیان و کاریگەرییەکانیان زۆر باشتر بوون لە خۆیان و کاریگەرییەکانیان لە دوای ٢٠٠٣.
بۆ دادپەروەری، سروشتی بابەتەکە بەو پێیەی بە حوکمڕانییەوە بەستراوەتەوە، یەکێک لە ماناکانی ئەوەیە ئەو کەسانەی ناسنامەیەکیان وەک پەردەیەک دەوێت بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە وەک دەروازەیەک بۆ دەرفەتی کار تێ گەیشتوون، بچنە ناو کارگەی حزبییەوە؛
ئەمەش گەورەترین زیانی هەبووە و زیانە گەورەکەتری لە داهاتوودا دەردەکەوێت، تەنانەت ئەگەر ئەو شێوازە لە بانگەشە و کۆکردنەوەیەش کۆتایی پێ بێت.
لەم دەروازەیەوە و لە دەرگای سەپاندنی گوتاری پێکهاتەکانەوە، ناو و ئاراستەگەلێک هاتنە ناو پرۆسەی سیاسییەوە کە کاریان لەسەر هەڵەکانی چینێکی دەسەڵاتدار دەکرد؛ ئەو دەسەڵاتدارانەی نەیاندەویست یان تێ نەدەگەیشتن کە حوکمڕانی پێویستی بە لێهاتوویی و دانایی هەیە، بۆیە بارودۆخێکیان دروست کرد کە کەسانی تر سوودیان لێ بینی بۆ ئەوەی ببنە ئۆپۆزسیۆن، پاشان ببنە نەیار و دوژمن، دواتریش ببنە ڕکابەر؛ زۆربەی نوێیەکانیش هێندەی ئەوەی هەڵەکانی پێشووان دەکەنە بیانوو، بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن. دەمەوێت بگەمە لووتکەی بیرۆکەکە: ئەم پرۆسەیە درێژەی کێشا، پچڕا و پێکەوە لکێنرایەوە، کە لە ڕووکەشدا وا دەردەکەوێت بەتوندی کۆنترۆڵی بڕیاری بەدەستەوە بێت، بەڵام وردتر ئەوەیە کە لایەنەکانی تر بەهێزترن، ئەوان بوون کە گۆڕانکاری و لادانێکیان دروست کرد کە زۆر کەس هەستیان بە ڕوودانی نەکرد؛ چونکە ڕیتمی هەڵەکان هێندە خێرا بوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەی کەسانێک بۆ پۆستە گەورەکان پێشنیاز بکرێن کە پێش ٢٠٠٣ بەشێک نەبوون لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە؛ ئەگەر ئەوەش ڕووی دابێت، ئەوا بە پێداچوونەوەی مێژووی کەسییان، دەردەکەوێت کە ڕاستیی ناسناوی ئۆپۆزسیۆنبوونیان کێشەی تێدایە؛ کێشە لە بەخشەرەکە، کێشە لە بەڵگەنامەکە و کێشە لە وەرگرەکەشدا هەیە.
ئەگەر کارکردن لە ئۆپۆزسیۆندا بنەمای بەدەستهێنانی پێگە نەبێت دوای گەیشتن بە دەسەڵات، ئەوا درزێکی گەورەیە لە شەرعیەتی زۆربەی ئەو بزووتنەوانەی کە یاسایان بۆ پاداشتکردنی تێکۆشەرانی ئۆپۆزسیۆن و تاوانبارکردنی سەر بە ڕژێمی پێشوو دەرکردووە.
سەرەڕای ئەمەش، فەزا و زەمینە لەسەر کەسانی سەربەخۆ یان سیاسییە گەنج و سەرەتایییەکان تەسک کراوەتەوە.
جیاواز لەمە و لەویش، گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی مونشەق لە ناو جەرگەی بزووتنەوەیەکی سیاسییەوە، ئایا بە مێژووەکەی پێش جیابوونەوەی ڕووبەڕووی لایەنگرانی دەبێتەوە، یان شەرعیەتی خۆی بۆ دوای جیابوونەوەکە دادەمەزرێنێت؟ ئایا ئەو بۆ دژایەتیکردنی حزبی دایکی هەیە یان دژی تەواوی سیستەمەکەیە؟
پێش هەموو ئەمانە و دوای ئەوانیش: بەرپرسیاری ئەخلاقی بەرامبەر بە شێوازی کارکردن لە کوێدایە؟ ئەگەر بۆمان هەبێت بە عەقڵێکی سیاسی و یاساییی لێهاتوو دابنیشین بۆ پێداچوونەوەی شێوازی کارکردنەکە، ئایا دەتوانین فریای ئەم واقیعە بکەوین کە زۆر بەرەو خراپی چووە، بۆ ئەوەی هەر لایەنێک دان بە هەڵە و گوناهی خۆیدا بنێت؟ یان خۆبەزلزانین و سووربوون لەسەر گوناه، بە بیانووی گەورەییی هەڵەی لایەنەکانی تر، دەبێتە ڕێگر لەم کارە؟
ماویەتی.

