حەمەسوار عەزیز
لە ڕووی فۆرمەوە ئەم ئەزموونە شانۆییە، هەنگاوێکی پێشکەوتری خوێندنەوەی دەقی شانۆییە، ڕاستییەکەی ئەم نمایشە ناکرێت بە خوێندنەوەی دەقی شانۆیی ناوزەد بکرێت، تاکە جیاوازی ئەم نمایشە لەگەل نمایشێکی ئاسایی ئەوەیە کە ئەمە نمایشێکی شانۆییە کە ئەکتەرەکانی دیالۆگیان لەبەر نەکردووە.
ئەو فۆرمە شانۆییەی کە پێی دەوترێت (خوێندنەوەی شانۆیی) نمایشێکە پێویستی بە جووڵە و جلوبەرگ و کۆنتاکتی ڕاستەوخۆی نێوان کارەکتەرەکان نییە، ئامانجی بنەڕەتی ئەم جۆرە نمایشە ئەوەیە کە ئەکتەر بتوانێت لە ڕێگەی دەنگ و فۆنەتیک و تۆنەوە، وێنەی شانۆیی دروست بکات، ئەو وێنەیەی کە لە خەیاڵ و زەینی وەگرو بینەر دروست دەبێت، بۆیە ھەموو ئەو ھەوڵانەی کە دەدرێت بۆ ناساندن و دامەزراندنی کارەکتەر لە ڕێگەی جووڵە و جلوبەرگ و کۆنتاکتی ڕاستەوخۆی نێوان کارەکتەرەکان، ئەو فەزایە ڕاڤەیی و تەئویلییە لە بینەرو وەرگر وەردەگرێتەوە کە مڵکی خۆیەتی لەم فۆرمە نمایشەدا.
لەم جۆرە نمایشە وەرگرو بینەر دەبن بە دەرھێنەر، ئەوان لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەوترێت (وێنەی دەنگی)، گوتار و شێوەی نمایش بنیاد دەنێن، فۆرمی ھەر کارەکتەرێک و شێواز و جلوبەرگ و پەیوەندی بە کارەکتەرەکانی ترەوە، پرسێکە تایبەتە بە وەرگر و بینەر، خەیاڵ و زەینی بینەر ئەو بۆشاییانە پڕ دەکاتەوە کە لەم جۆرە نمایشەدا ھەیە، بۆیە ئەگەر دەرھێنەرێک لەم جۆرە نمایشە ھەبێت، ئەوە بینەرە، ئەگەر سینۆگرافەرێک لەم جۆرە نمایشە ھەبێت، بینەرە، ئەگەر ڕاڤەکار و دراماتۆرگێک لەم جۆرە نمایشە ھەبێت، بینەرە، ئەگەر ھەر جۆرە گوتارێک لەم نمایشە ھەبێت، ئەوە بەرپرسیارێتی بینەرە کە ئەو گوتارە لە ڕێگەی بەرکەوتنی بە وێنە دەنگییەکەوە دابڕێژێت.
ئەم فۆرمەی (ئەژی حەمەنوری) پێشکەشی کرد، نزیک بوو لەوەی کە ئێمە شانۆیەکی ئاسایی ببینین، دیالۆگی ڕاستەوخۆ ھەیە، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان کارەکتەر ھەیە، جلوبەرگ ھەیە، جووڵە بە پێی پێویست ھەیە، زۆرێک لەو دیمەنانەی کە جووڵەی تیادا نەبوو، ئەکتەرەکان بە دانیشتنەوە دیالۆگیان دەکرد، دەکرێت لە نمایشێکی ئاساییشدا ھەروا بێت، بەتایبەت کە ئەو تێکستە بە ھۆی لۆکەیشن و ژینگەی تێکستەکەوە کە ماڵە، جووڵەی زۆری ھەڵنەدەگرت. گرنگترین سەرنجیش لەم بوارە شێوازی ئەداکردنی ئەکتەر بوو، ئەکتەر لەمجۆرە نمایشە ناچێتە نێو جەستەی کارەکتەر، ئەکتەر تەنھا کارەکتەر پێشکەش دەکات، بۆیە ھەموو جۆرە تەقەموس و ڕۆچوونێکی زیادە، زیان بە پڕۆژەکە دەگەیەنێت، ئەمجۆرە نمایشە زۆر پێویستی بە پڕۆسەی نامۆبوون و داماڵینی ئەکتەرە لە کارەکتەر، ناکرێ بە درێژایی نمایش بینەر وا ھەست بکات کە سالار ماھیر خاڵە حاجییە، شیلان نمازە، ئەم جۆرە دامەزراندنە لە ئەدای ئەکتەر کە تیاییدا سۆز و عاتیفە دەبێتە بەشێکی گرنگی دامەزراندنی فۆرمی کارەکتەر، زیان بە نمایش دەگەیەنێت، نمایش لەم جۆرە شانۆییە وەزیفەی ئەوە نییە کە کاریگەری سۆزداری بەسەر بینەردا دابنێت، وەزیفەی ئەوەیە کە ھزرو گوتاری تێکستەکە پێشکەش بکات و بینەریش سەرپشک بێت لە کردنەوەی کۆدەکانی تێکست و نمایش.
لە ڕووی ئەداکرنەوە، ئەکتەرەکان تواناییەکی نایابیان نیشان دا لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی کارەکتەر لە ڕێگەی دەنگ و تۆن و ئیلقا و بارگاویکردنی دەنگ و دیالۆگ بە ھەستەوەری جیاواز و بەکاربردنی ئاماژەکانی ڕوخسار، ئەم دامەزاندنە دەنگی و ھەستییە لە ڕێگەی دیالۆگەوە توانی جۆرێک لە متمانە لەنێوان بینەرو ئەکتەر دروست بکات و ئەکتەرەکانیش بتوانن ھەموو فۆرمەکانی کارەکتەر لە دەنگ و ئیلقا و تۆنە جیاوازەکانی کۆ بکەنەوە، سالار ماھیر لە کارەکتەری خاڵە حاجی بە ھۆی پانتایی کارەکتەر و ھێزی کارەکتەر لە دروستکردن و دامەزراندنی ڕووداو و گەشەی درامی، بەشێوەیەکی بەرچاو توانیی ئەدایەکی دروستی ئەو کارەکتەرە بکات و جۆرێک لە جیاوازی بە فۆرمی گشتی نمایشەکە ببەخشێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو لیڤڵە کۆمیدییەی کە تەریب بوو بە ئەداکردنی سالار بۆ کارەکتەرەکە، توانی چێژێکی زیاتر بە بینەر ببەخشێت، بە ھەمان شێوە ئەدای شیلان لە کارەکتەری نماز ئەدایەکی ھەستاوی و بەرز و کاریگەر بوو، ھەرچەندە ھەندێجار ئەم جۆرە ئەدایە وەزیفە و ئامانجی نمایش دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زیاد لە پێویست ڕوو دەچێتە نێو دونیای کارەکتەرو ئامادەیی ئەکتەر وەک چاودێر ئاڵۆز دەکات، ئاشنا رەئوفیش لە کارەکتەری دایکدا، ئەدایەکی دامەزراو و پڕ متمانە پێشکەش دەکات، ھەروەک چۆن گۆران عوسمان و ڕەوشت بەکر دەتوانن ئەو وەزیفە درامییە لە ڕێگەی دیالۆگ و گوتاری دەنگی و ھەستی پیادە بکەن، ئەدای ئەژین حەمەنوری لە کارەکتەری ڕەسول ھەرچەندە فەزایەکی زیاتری بەر کەوتبوو بەھۆی ئەوەی تاکە کارەکتەر بوو کە فەزای جووڵەی تەقلیدی لە ھەموو کارەکتەرەکانی تر زیاتر بوو، بەڵام پێم وایە ئەدای ئەژی لەم کارەکتەرە نەیتوانی سنووری ئەدایەکی چاوەڕوانکراو تێپەڕێنێت و فۆرمێکی جیاواز پێشکەش بکات وەک ئەوەی ئەژی لە زۆرینەی نمایشەکانی تری ئەو کارە چاوەڕوان نەکراوە دەکات.
گرنگترین لایەن لە دامەزراندنی ئەم ئەزموونە شانۆییە ئەوەیە کە ڕاھێنانێکی گرنگە بۆ ئەکتەری کورد کە متمانە بە خۆی بکات، متمانە بە ھەستەکانی بکات، متمانە بە دەنگ و تۆنی دەنگی بکات و بتوانێت جەستەی ڕابێنێت و لەو ھەموو جووڵە زیادە و ناپێویستە ڕزگاری بکات کە ھەمیشە کێشەیەکی گەورەی بۆ ئەدای ئەکتەری کورد دروست کردووە، دەبێ ئەکتەر ڕابێت کە جووڵە بە قەد پێویستی حاڵەت و ھەڵویستەکان بەکار ببات، کۆنتڕۆڵی دەست و شان و ھەموو بەشەکانی جەستەی بکات، توانا شاراوەکانی دەنگ و تۆنەکانی دەنگ بدۆزێتەوە، بتوانێت ھەستەکانی و توانا و بەھرە دەنگییەکانی بەشێوەیەکی تەندروست و دوور لە زیادەڕۆیی و دووپاتکردنەوە بەکار ببات.
ئەم جۆرە نمایشە دەرفەتێکە کە ھەموومان بە فۆرم و گوتاری شانۆی کوردییدا بچینەوەو شانۆ لەو ھەموو زەخرەفە زیادەو سینۆگرافیا قەبەکراوەو کەرەستە زیادانە دابماڵین کە بوونەتە بار بەسەر شانۆی کوردییەوە، ئەگەر ئەکتەری ڕاھێنراو و ئامادەمان ھەبێت، پێویستمان بەو ھەموو دامەزراندنە زەخرەفییە نابێت کە تەختەی شانۆ داگیر دەکات و ڕووبەری ئامادەیی ئەکتەر بەرتەسک دەکاتەوە، پێویست بەو ھەموو جووڵە زیادە و ڕاکەڕاکە نابێت، پێویست بەو ھەموو ڕەنگ و پەڵکەزێرینەیە نابێت لە دامەزراندنی ڕووناکی و ئەندازەی ڕووناکی دەبینرێت، پێویستمان بە پڕکردنەوەی ھەموو بستێکی شانۆ نابێت بە کەرەستە و ئێکسسوارێک کە وەک مردوو تەنها دەبێتە لەمپەر لە بەردەم دامەزراندنی سیستمی ئەدای ئەکتەر. ئەم فۆرمە شانۆییە فێرمان دەکات کە دەکرێت سادەیی پڕ بێت لە چێژ و جوانی، دەکرێت جارێکی تر شانۆ تەسلیمی خاوەنە ڕاستەقینەکەی خۆی بکەینەوە کە ئەکتەرە، دەکرێت فەزایەکی زیاتر بە بینەر بدەین کە بەشدار بێت لە نمایشەکە و لە ڕێگەی تیۆری مەرجەکی مایرھۆڵدەوە بۆشاییەکانی شانۆ و نمایشت لە زەینی خۆی بۆ پڕبکاتەوە، دەکرێت دەرفەتێک بە جووڵەی درامی ناوەکی بدەین لە جیاتی ئەو ھەموو جووڵە دووبارەیە کە ھیچ بەرھەم ناھێنێت.
لە کۆتاییدا ھیوادارم ئەم پڕۆسە گرنگ و ستراتیژییە بەردەوام بێت و بەلایەنی کەمەوە مانگی نمایشێک پێشکەش بکرێت و سەرەتاش زۆر بایەخ بە تێکستی کوردی بدرێت، گرنگە جارێکی تر ئەو میراتە گرنگەی شانۆکەمان بخەینەوە بەردەم بینەری شانۆ و تێکستە شانۆییەکانی نووسەرانی وەک فوئاد مەجید میسری و تەلعەت سامان و سمکۆ ناکام و گەزیزە و دڵشاد حوسێن و دڵشاد مستەفا و دەیان نووسەری تر بخرێنە نێو ئەو پڕۆژەیە و کاری لەسەر بکرێت.

