فازڵ میرانی
سیاسەت و ڕەفتاری کۆمەڵگە و ئەو زانیارییانەی کۆمەڵگە و سیاسەت لێی بەهرەمەند دەبن، پەیوەندییەک لەنێوان دوو دۆخدا کۆیان دەکاتەوە: فەرمانڕەوایی، کارکردن بۆ گەیشتن بە فەرمانڕەوایی. لە هەردوو دۆخەکەدا پێکەوە، جەوهەری ڕەفتاری لە ڕاستگۆیانەترین گوزارشت و پێناسەی ڕۆشنبیریدا دەردەکەوێت؛ ئەمەش پێناسەیەکی ڕاستە و جیاوازە لەو پێناسە باوەی کە ڕۆشنبیری تەنها بە مەرەکەب و کاغەزی نووسراو یان پارێزراوی زارەکی دەبینێت کە دژایەتی نەزانی دەکات. نەخێر، ئەم قسەیە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە، چونکە ڕۆشنبیری بریتییە لە ڕەفتاری ڕاستگۆیانە بەدوور لە خۆنواندن و ئیدعاکردن؛ ئەگەر تاکێک بۆ یەکلاکردنەوەی هەر ناکۆکییەک پەنا بباتە بەر چەک، ئەوا ئەو تاکە ڕۆشنبیرییەکەی توندوتیژییە، گرنگ نییە چەندە جلی مۆدێرن بپۆشێت و چەندەش بانگەشەی خوێندەواری بکات.
ئەوەی شایەتی درۆ بدات یان حەقێک بشارێتەوە، ئەوا ڕۆشنبیرییەکەی ساختەکارییە، هەر کێ بێت و هەرچییەک بانگەشە بکات؛ ئەو شایەتحاڵێکی درۆزنە لەو ئەزموونەی کە پەیوەستە بە مافەکان و بەدەستهێنانیان. پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات ــ بەدوور لە درێژدادڕی و بەدوور لە ڕازاندنەوەی بریقەدار ــ پەیوەندییەکی کارلێکەرانەیە، کە تێیدا دەگمەنە بەشی فەرمانڕەوا، بە تەواوی یان بەشێکی، جیاواز بێت لە بەشێکی کۆمەڵگە. کەواتە لۆژیکی نییە دەسەڵاتێکی خراپ فەرمانڕەوایی کۆی کۆمەڵگەیەکی باش بکات، تەنانەت ئەگەر بە زەبری هێزیش گەیشتبێتە سەر تەختی فەرمانڕەوایی. هەروەها ئەوەندە دەگمەنیشە کە نزیکە لە مەحاڵەوە دەسەڵات باش بێت و کۆمەڵگە خراپ بێت.
گەلانی عێراق بە هۆکاری خودی و بابەتیی پەیوەست بە خۆیان و دەسەڵاتەوە، نەیانتوانیوە دۆخێک بۆ گەشەپێدانی ئاڕاستەیەکی هاوبەش بخوڵقێنن تا فەرمانڕەواییەکی سەقامگیر لەسەر بنەمای لێهاتوویی و کاری بەسوود بەرهەم بهێنن؛ ئەمەش لەبەر هۆکارێکی کۆن و نوێبووەوە کە دەسەڵات وەک تەماحێکی شەخسی دەبینێت، لە ناو زۆرینەیەکی کۆمەڵایەتیشدا کە تەماحەکانیان جیاواز نییە لە تەماحی ئەوانەی تینووی دەسەڵاتن. کۆمەڵگە و زۆربەی سەرکردەکانی، بە ڕێژەی جیاواز بەرپرسیارن لە دەرئەنجامی ئەرێنی و نەرێنیی کاروبارەکان؛ چونکە کاتێک سنوورەکانی نێوان کاری دەسەڵاتەکان پشتگوێ دەخرێت و یاساکانی کارکردن تاوتوێ ناکرێن، بەڵکوو تەنها سەرقاڵ دەبن بە گەڕان بەدوای کەلێنە یاساییەکاندا بۆ فێڵکردن ــ بێگومان ئەم جۆرە ڕەفتارانەش لەناکاو ڕوونادەن، بەڵکوو کەڵەکەبوون و ئامادەییەکن کە لە ڕێگەی هۆکارەکانی پەیوەست بە پێکهاتەی کۆمەڵگەوە (لە ڕێگەی تاکەکان و ئامرازەکانەوە) و بەهۆی لاوازیی ڕێگرە عەقڵی و ئەخلاقییەکانەوە گەشەیان پێدەدرێت. ئەم جۆرە کارانەش تەنها لە تاقمێکی دیاریکراوەوە سەرچاوە دەگرن کە هەموو هەڵگرانی ئەم ئامادەییەی تێدا کۆدەبنەوە بۆ بردنی ئەوەی بۆیان ڕێگەپێدراو نییە، چ نەزان بن یان خوێندەوار؛ ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوە، مەزهەب و نەژادەوە نییە، بەڵکوو ئەوان خۆیان پارتێکی سەربەخۆ و گردبوونەوەیەکی بەرژەوەندخوازی هەلپەرستن کە توانای دزەکردنیان بۆ هەر شوێنێک هەیە.
جێگەی شەرمەزارییە ئەوەی ڕوویداوە و ڕوودەدات، خەمناکتریش ئەوەیە کە کارە خراپەکان لەلایەن کۆمەڵگەوە گشتگیر دەکرێن، چونکە زۆر دەگمەنە حوکمی کۆمەڵگە لەسەر تاوانێک ئەوە بێت کە تاوانەکە تەنها لە ئەستۆی کەسەکە خۆیەتی.
ئەو تێکدەرانەی لە کایەی سیاسەتدا کار دەکەن، زیانیان بەو سیاسەتمەدارانەش گەیاند کە ناوبانگیان بەو پیسییانە پاک ماوەتەوە کە هیی ئەوانی دیکەی پێ پیس بووە. ئەمەش بابەتێکە لە داهاتوودا ڕەنگدانەوەی دەبێت و گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردن و قبووڵکردنی لەلایەن خەڵکەوە دروست دەکات؛ چونکە بۆ ڕای گشتی ئەستەم دەبێت بڕوا بە قسەی زۆر کەس بکەن کاتێک باس لە ماف و ئەرک دەکەن، بەو پێیەی ئەو دیدگایەی بەهۆی تاوانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتییەوە دروستبووە، دیدگایەکە پڕە لە گومان و ڕەنگە سەرکۆنەکردنی گشتگیریش بۆ تەواوی پرۆسەی سیاسی بهێنێت.
ئەم بابەتە نوێ نییە، بەڵام ئەوەی تێیدا نوێیە ئەوەیە کە بیست ساڵی ڕابردوو نەریتێکی کارکردنی هێنایە ئاراوە کە ناتوانیی زۆر لایەنی لە پێشکەشکردنی نوێنەری لێهاتوو پیشان دا، تەنانەت کەوتە گەڕان بەدوای پێشکەشکردنی ئەو کەسانەی کە کارەکانیان نەک تەنها خراپیی هەڵبژاردنیان لەلایەن سەرکردەکانیانەوە دەسەلمێنێت، بەڵکو بڵاوبوونەوەی ئەو بیرۆکەیەش دەسەلمێنێت کە دەنگدەر و کاندید پێکەوە شەریکن لە دابەشکردنی ماڵی گشتیدا. بۆ زیاترکردنی بێڕێزیش بەرامبەر بە خەڵک، ئاستی لێپرسینەوە زۆر نزم و ئارەزوومەندانەیە، ئەم دوو هۆکارەش دەبنە هۆی گواستنەوەی ئەم پەتایە بۆ نەوەیەک کە پۆست و پایە تەنها وەک دەستکەوت و غەنیمەت دەبینێت، ئەمەش لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی شێوێندراو بۆ فەرمانڕەوایی و دڵسۆزی لە کاردا.
من چاوەڕوانی ئەوەم بزانم زمان و وشەسازیی ئەو کەسانەی بانگەشەی شارەزایی سیاسی دەکەن چۆن دەبێت، تا بتوانن نەک تەنها قسە بکەن، بەڵکوو خەڵکی قایل بکەن بە ڕاستگۆیی ئاڕاستەکانیان لە فەرمانڕەواییکردندا، چ لە کاتی بەڕێوەبردنی پۆستەکانیاندا بێت یان لە کاتی خۆئامادەکردنیان بۆ وەرگرتنیان لە داهاتوودا.هەروەها سەریشم سوڕماوە لە بەردەوامبوونی جیاکاری لە جێبەجێکردنی لێپرسینەوەدا؛ کە کێ دەگرێتەوە و کێ لێی دەبووردرێت. تا ئێستاش هیچ جیاکردنەوەیەکی ڕوون نەکراوە لەنێوان فەرمانبەریی حكومی ــ کە لە سادەترین شێوازی تێگەیشتنیدا بریتییە لە ملکەچبوون بۆ مافی مووچە، مۆڵەت، بەرزکردنەوەی پلە، سزا، ئامادەبوون و ڕۆیشتن، لێپرسینەوە و بەدواداچوون ــ لەگەڵ ڕۆڵی حزبی و سیاسی؛ ئەمەش بێگومان ئەگەر بەڕاستی حزب و سیاسەت خاوەن ڕۆڵێکی ئەرێنی بن، چونکە هەمیشە ئاوسانی حزبی هاوتای لاوازی و سستیی ئەدای حکومڕانییە.
ئەندامێتی لە ئەنجومەنە نوێنەرایەتییەکاندا کایەی منداڵان نییە، بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتیش گەشت و کات بەسەربردن نییە. وڵاتێکی خودان مێژوویەکی وا ڕیشەدار و دێرین، شایستەی ئەوە نییە لەژێر هیچ پاساوێکدا ناوبانگی بزڕێندرێت، گەلەکەشی شایستەی ئەوە نین لەلایەن ئەوانەوە خیانەتیان لێ بکرێت کە بانگەشەی داواکردنی مافەکانیان دەکەن. پێوەرەکان ڕووی ڕاستەقینەی ئاڕاستەکان ئاشکرا دەکەن، ئەمەش ڕوویداوە؛ ئایا هیچ لایەنێک هەیە پێداچوونەوە بەم ئاڕاستەیەدا بکاتەوە و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئەو کەسانە سەرلەنوێ بنووسێتەوە کە بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆی دیارییان دەکات؟

