رۆژنامەی ھەولێر

لە شەش مانگی رابردوودا تۆنێک و ٩٧٧ کیلۆگرام و ٥٢٢ گرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە

هێزەکانی فریاکەوتنی ئەنبار لەپەڕەی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، هێزێک لە فەوجەکەی فریاکەوتنی ئەنبار ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان لە ناوچەی سجر کردووە، لە ئەنجامدا دەست بەسەر نزیکەی ١٧٥ هەزار حەبی ماددە هۆشبەری جۆری کەپتاگۆن دا گیراوە کە مەبەست لێی قاچاخ و دابەشکردن بووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو کەرەستەی دەستی بەسەردا گیراوە رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، هاوکات لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆسیەکەدا”.
ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری فەرمی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦ ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان لە شەش مانگی رابردوودا سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی تۆنێک و ٩٧٧ کیلۆگرام و ٥٢٢ گرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر.
هەر بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، دادگاکانی عێراق سزای جۆراوجۆریان بەسەر سێ هەزار و ٥٣٣ بازرگان و برەودەری ماددەی هۆشبەردا سەپاندووە، کە لە نێویاندا ٥٨ سزای لەسێدارەدان و ٢٣٦ سزای زیندانی تا هەتایی هەن، هاوکات هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ٣٧٨ تۆڕی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن پووچەڵکربکەنەوە کە ٣١٩ یان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ٥٩ تۆڕیشیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریان کردووە.
لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە و دەست بەسەر برێک مادەی هۆشبەردا نەگیرێت کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و لە گرتووخانەکان پشکی شێریان پێ دەبرێت.
ساڵی ٢٠٢٥ ئامارەکە زیادی کردووە و گەیشتووەتە هەزار و حەوتسەد و هەشت کەس کە لەو ژمارەیە شەشسەد و حەفتا و چواریان بازرگان بوون و هەزار و سی و چوار کەسیان بەکاربەر بوون.
هەر بە پێی ئامارەکە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵی زایینی هێزەکانی ئاسایش حەوتسەد و چل و چوار کەسیان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیەش چوارسەد و هەشتا و دوو کەسیان بازرگانن.
ئەوەی لە کۆی ئەو ئامارەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە نزیکەی نیوەی دەستگیرکراوانی مادەی هۆشبەر لە تەمەنی هەژدە تا سی ساڵدان و ئەمەش دەیسەلمێنێت گەنجان زیاتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەڕەشەیان لێدەکرێت.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا سەرووی هەزار و شەشسەد و پەنجا کیلۆگرام لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەگەر ئاماری پارێزگاکانی دیکەی بخرێتە سەر ئەوا زۆر زیاترە بەڵام لێرەدا تەنیا ئەو دوو ئامارە خراونەتە ڕوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە هەموو ڕێوشوێنێکی توندی لە بازگەکان بە تایبەتی دەروازە سنوورییەکان گرتووتە بەر و ئامێری پشکنینی بۆ ماددەی هۆشبەر لە سەرجەم دەروازە بازرگانییەکان و و فڕۆکەخانەکان دابین کردووە.