رۆژنامەی ھەولێر

ڕاستکردنەوە و چاکسازی و دەرخستنی قەبارەی زیانەکان

فازڵ میرانی
بە هیچ وتە و لێدوانێک پێش ڕووداو و پرۆسەی ئێستای دەستگیرکردنی عێراق ناکەوم ؛ چونکە من کەسێکی یاساییم، یاساش لە بنەڕەتدا دەقگەلێکە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییەکان و بڕیارە جەماوەرییەکان بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵکوو ڕەنگە ئەو کاریگەرییە ببێتە هۆی داهێنانی یاسایەکی نوێ یان هەموارکردنەوەی بڕگەکانی بە زیادکردن یان سڕینەوە.
هەروەها بۆشاییەکی فراوان لەنێوان پەرەسەندنی تاوان و جۆری سزاکاندا هەیە، ئەمەش بابەتێکە کاتی خۆی دەوێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوان بخرێتە ڕوو. پێشتریش من و زۆر کەسی دیکەی وەک من، باسی ئەو بۆشاییەمان کردووە کە هاوشان لەگەڵ پیادەکردنی بەخشینی چەندین پۆست بەبێ بوونی پێوەر و ڕێسای توندوتۆڵ، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی زۆر کەس بتوانن زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق بگەیەنن.
لێرەدا بە گشتی باس لە جیاوازیی نێوان “ڕاستکردنەوە” و “چاکسازی” دەکەم، هەروەها باس لە ئەو زیانانە دەکەم کە هەر یەکێکیان ئاشکرای دەکەن، لەگەڵ گرنگیی چاکسازی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی زیانەکە یان خۆشاردنەوەی. چاکسازی چەمکێکی گشتگیرترە،
بەڵام پرۆسەی چاکسازی یەکجار قورس دەبێت ئەگەر تێکدەران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لەپشت پەردەوە بەشێک بن لە سیستمی فەرمانڕەوایی و بەشێک بن لە خودی تێکدانەکە؛ لەم بوارەشدا چەندین کتێبی بەڵگەدار نووسراون.
ڕاستکردنەوە هەنگاوی یەکەمە پێش ئەوەی بارودۆخەکە بگاتە ئاستی تەشەنەسەندنێک کە پێویستی بە چاکسازی بێت هەرکەسێکیش دەرفەتی ڕاستکردنەوە لەدەست بدات، یاخود دەبێت خۆی بەرەو چاکسازی بڕوات یان پرۆسەی چاکسازی ڕایدەماڵێت و تێکی دەپێچێتەوە. ئێمە زۆرمان خوێندووەتەوە و بینیومانە دەربارەی ئەوانەی ڕێڕەوی خۆیان ڕاستکردەوە، ئەوانەش کە چاکسازی ڕەوانەی پشت شیشەکانی زیندانی کردن، یان بەو سامانە ناڕەوایەی کۆیان کردبووەوە ڕایانکرد، یانیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەوە.
ئەوەی هۆکاری زیانگەیاندن ــ چ گشتی بن یان تایبەت ــ تێناگەن، ئەوەیە کە ئەوان
لەو لایەنەی زیانەکەی بەرکەوتووە (چ تاک بێت یاخود کۆمەڵ) کەسێک دروست دەکەن کە لەوانەیە پاڵ بنرێت بەرەو پەرچەکردارگەلێک کە هەندێک لە دەرئەنجامەکانی بە ڕواڵەت بێپەیوەندی بن بە هۆکارە ڕاستەقینەکانیانەوە. بۆ نموونە، بکوژێک لەوانەیە بەهۆی زنجیرە ڕووداوێکەوە دەستی چووبێتە تاوان کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیانێکی بەرکەوتوو لەلایەن تێکدەرێکەوە کە مافی ئەوی زەوت کردووە، یان مافێکی پەیوەست بە کەسێکەوە کە بۆی گرنگ بووە. یاخود نموونەیەکی تر؛ وا دابنێ کەسێک دەست بەسەر ئەو پارانەدا بگرێت کە بۆ نەخۆشخانەیەک تەرخانکراون و هەموو هەوڵێکی بدات بۆ بردنیان لە ڕێگەی سازشکاری، ساختەکاری یان پشتئەستووربوون بە چەتر و پاڵپشتییەک؛ لەوانەیە بەهۆی ئەم کردارەوە نەخۆشێک گیان لەدەست بدات، ئەمەش ببێتە هۆکارێک کە کەسێکی نزیکی پاڵ پێوە بنێت بەرەو تووشبوون بە ئاڵوودەبوون و چوونە ناو جیهانی تاوانەوە.
لێرەدا، ڕاستکردنەوە ئەوەندە بەسوود نابێت بەقەد خێراکردن لە چاکسازیدا؛ چونکە چاکسازی ڕێگرە لە دروستبوونی ژینگەی مەترسیدار لە ناو کۆمەڵگەدا، و ڕێگرە لەوەی هیچ هێزێک لە دەرەوەی ڕێڕەوە یاساییەکەی خۆیدا بجوڵێتەوە، بەجۆرێک کە نە فەرمانبەر
گەندەڵی بکات و نە کەسانی تریش بەرتیل بدەن. ئەمەش بەبێ چەترێکی یاسایی نایەتە دی کە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بخوێنێتەوە، دادپەروەری گەشە پێ بدات و جێبەجێی بکات، هاوشان لەگەڵ هەبوونی ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکاندا.
پێم وانییە عێراق تا ئێستا هیچ چاکسازییەکی ڕاستەقینەی بەخۆوە بینیبێت، بەڵکوو تەنها شاهیدی ڕاستکردنەوەگەلێک بووە بە ڕەنگ و بۆیەکی سیاسیی لایەنگرانە. ئەگەر عێراق بە لایەنی کەمەوە لە دوای ٢٠٠٣ چاکسازییەکی بەخۆوە ببینیایە، شەڕ و ململانێی ناوخۆیی وای تێدا بەرپا نەدەبوو کە زیان بە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بگەیەنێت.
شیکردنەوەی ئەو هۆکارانەی کە واقیعی ئێستایان خولقاندووە ــ واقیعێک کە پڕە لە لێدوانی فەرمی جیاواز بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای دەسەڵات، لە نێوان پیاهەڵدانی دەسەڵات بە خودی خۆیدا و تۆمەتبارکردنی بە چەواشەکاری دوای نەمانی (چ بە ڕاست بێت یان بۆ تەسفیەکردنی حسابات) ــ هیچ سوودێکی نابێت ئەگەر چاکسازییەکە واقیعی نەبێت. چاکسازیش نابێتە واقیعی مەگەر لە کاتێکدا کە پێوشوێنی ڕێڕەوی لادانەکان بگیرێت و قەبارەی ئەو زیانانە دەستنیشان بکرێت کە لەلایەن بڕیاربەدەستەکانەوە کراون؛ ئەو بڕیاربەدەستانەی کە هەندێکیان پارێزکراون لە لێپرسینەوە، مەگەر تەنها لە ڕێگەی ڕەخنەی پچڕپچڕی ئەو کەسانەوە بێت کە هیچ دەروازەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەوانیش یاخود بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوە لە شوێنێکی ئاراد لە دەرەوەی وڵات دەنووسن، یان بە ئەژماری ساختە لە ترسی ئازاردانیان ئەگەر لە ناوخۆدا بن. بەڵام ئەوانەی بە ئاشکرا ڕەخنە دەگرن، یەکێکن لەم دوو جۆرە: یان
چاکسازێکی ڕاستەقینەن، یانیش ڕکابەرێکن کە پڕوپاگەندە دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە پێگەیەک ئلە دەسەڵاتدا.
لە ساڵی ١٩٥٨ـەوە، عێراق لە ژێر سایەی زیانێکدا دەژی کە بە دەستی کاربەدەستانی فەرمی بەرهەم هێنراوە؛ ئەوانەی چەمکی کودەتایان وەک چارەسەر هێنایە کایەوە، بە زەبری هێز خەڵکیان چەوساندەوە، و کلتوورێکی خراپیان بڵاوکردەوە کە گەواهی گەمژەیی ئەو مێشکانە بوو کە تەنانەت یەک پیتیشیان لە سیاسەت تێنەدەگەیشت. ئێوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەرجەم ئەو شایەتییە مێژووییانەی کە لەسەر زاری کەسانی باوەڕپێکراوەو گێڕدراونەتەوە، تا ببینن چۆن تێکەڵبوونی خراپەکاری لەگەڵ پووچی لە بیرکردنەوە و ئەدای کارکردندا، بووەتە سیفاتێکی زاڵ بەسەر عەقڵیەتی فەرمانڕەوادا. هەر لەو کەسەی کە لە سەرەتای دەسەڵاتیدا، یەکەم کاری هاوردەکردنی ئامێرەکانی دەنگهەڵگرتن بوو شێوەی جانتای دەستی ئافرەتاندا بۆ ئەوەی ڕەخنەگرەکانی لە کۆبوونەوەکانیاندا پێ بخاتە تەڵەوە، تا دەگاتە ئەو کەسەی کە ناوەکەی بەستراوەتەوە بە ئاهەنگەکانی پاکتاوکردنی نەیارەکانی (هاوڕێیانی دوێنێ) لە ناو گرتووخانەکاندا. پاشان قۆناغی چڕکردنەوەی هەژموونی ئەمنی و ناوچەگەرێتی هات کە سەرجەم پێکهاتە و ژێرخانەکان تێکدا، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چیرۆکەکە بگاتە ئەوەی کە ڕوویدا و ئێستاش ڕوودەدات قوربانییەکانیش ئەو نەوەیانەن کە بەسەر تاراوگە و ناوخۆیەکی وێرانبوودا دابەشبوون؛
لەو شوێنەی کە عەقڵیەتی فەرمانڕەوای دیکتاتۆر و خۆسەپێن لە ناو مێشکی کەسایەتییە سیاسی و ناسیاسییەکانیشدا نیشتەجێ بوو. لەگەڵ ئەمەشدا، تاوان بە جۆرێک پەرەی سەن کە سزادانی ئەنجامدەرەکەی بێدەنگی لێ دەکرێت، یاخود تەنها ئەو کاتە ئەنجامدەرەکە سزا دەدرێت ئەگەر بێپشتوپەنا بێت، یان ببێتە ئامرازێک بە دەستی کەسانی ترەوە و دواتر وازی لێ بهێندرێت.
هیچ دەقێکی سزادانی تایبەت بۆ خەڵک نییە، چونکە سزاکانی ناو یاسای ئاسایی بەسەر ئەواندا جێبەجێ دەبن؛ بەڵام تاقمی فەرمانڕەوا لە ڕووی یاساییەوە ملکەچی کۆمەڵە یاسایەکن کە کارەکانیان ڕوون دەکەنەوە و سزاکانیان دیاری دەکەن، پێوەرەکەش لێرەدا قەبارە و ماوەی زیانەکەیە. سەیر نییە کە جەماوەر بەسەر هێزە جیاوازەکاند پارچەپارچە ببێت، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە پەرتبوون و دابەشبوونێکە کە فشار دەخاتە سە هەر مەرجەعییەتێک، چ یاسایی بێت یان ڕەمزی. ئەمەش لە ناوەڕاستی ڕێڕەوێکدا ڕوودەدات کە بە هیچ شێوەیەک شیاو نییە ببێتە نموونە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک کە لە ڕابردوودا بە دەست حوکمڕانیی خراپەوە ناڵاندوویەتی، بەڵام دیمەنەکە بە تاریکی و تەمومژاوییەکی زۆرترەوە دووبارە دەبێتەوە؛ بە جۆرێک کە هۆکارانی زیانگەیاندن پەنا دەبەنە بەر پۆستەکان و ئەو یاسایانەی کە بێڕێزیکردن پێیان بە تاوان دادەنێت، بەڵکو لە ڕاستیدا ئەوان زیانێکی وا بە کۆمەڵگە دەگەیەنن کە بنچینە و دیوارەکان تێکدەدات، و ڕەنگە دیسانەوە ببێتە هۆی داڕووخانی سەقفەکان، هاوشێوەی کەوتنەخوارەوەی سەقفی پۆلەکان بەسەر سەری قوتابیاندا لە قوتابخانە کۆن و داڕووخاوەکاندا.
ڕوونترین بەڵگەکان لەسەر داڕمانی ئەدای کارکردن، نەبوونی چاکسازی و بێبەرهەمیی
ڕاستکردنەوە، ئەو بەشەیە کە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت (کە بێگومان نەک هەمووی)، لە پەرەسەندنی بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانی چەک، تاوانی سیاسی، دەربازبوون لەسزا، دەستکاریکردنی سەرمایەکان، زێدەڕۆیی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت، و فەرامۆشکردن و کپکردنی هەر هەوڵێک ــ نەک تەنها بۆ ڕاستکردنەوە یان چاکسازی، بەڵکو تەنها لە پێناو مانەوەی ئەو کەسانەی کە ڕەتدەکەنەوە تێوەبگلێن لە تۆڕی پەیوەندییە تێکەڵبووەکانی نێوان لایەنی فەرمی و نافەرمی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.
پێشتریش گوتم کە پێش ڕووداوەکانی ئەم دواییە ناکەوم بە هیچ لێدوانێک، چونکە من کەسێکی واقیعبینم و تێدەگەم کە چاکسازی ــ تەنانەت ئەگەر قۆناغ بە قۆناغیش بێت ــ مەحکوومە بە لەناوچوون ئەگەر زیانەکە بەردەوام بێت، یان بۆ ماوەیەک ڕابگیرێت تەنها بۆ ئەوەی گەردەلوولێکی بچووک تێپەڕێت کە لە ئاستی ئەوەدا نییە هۆکارانی سەرەکی و ڕاستەقینەی زیانەکان لە ڕەگەوە هەڵبکێشێت.