خوسرهو جاف
بەپێی لێکدانەوە و ئەو دۆکیومێنتانەی لەبەردەستدان، دەسەڵاتدارانی کورد کەم بەیەکەوە سازشیان کردووە و لەگەڵ یەکدا نەگونجاون؛ لەوانە گوزەشتە، خانەقا و تەکیە و دیوەخانەکانیش هەمیشە لە پارێزدا بوون بۆ یەک و لەگەڵ یەکدا شیرئاسا ڕەفتاریان کردووە. دەربەدەریی مەولانا خالید یەکێکە لەو مێژووە نەشیاو و ناپەسندانەی وا لەبەردەستدایە.
بەندە منداڵی لادێم و لە چوارچێوەیەکی خێڵەکیدا هاتوومەتە دنیاوە و تا مێردمنداڵیش هەر بەو چەشنە ژیاوم. دێی (کەلار) پایتەختی بەگزادەکانی گەرمیاننشینە؛ تەکیە و خانەقا چەندین فەرسەخ لە کەلارەوە دوور بوون، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت بەگەکانی جاف لەگەڵ شێخەکاندا ناتەبا بووبن. ئەوەی بەندە بیزانم، تەواوی بەگەکانی جاف زۆرتر لەگەڵ شێخەکانی بیارە و سەرتاسەری نەقشبەندییەکاندا گەرمتر بوون و تێکەڵاوییان هەبووە.
باشم لەبیرە بڕێک لە شێخەکان بە دەف و دایەرە و دەروێشەوە لە دێیەکەوە بۆ لایەکی تر لە “جەولە”دا دەبوون؛ زۆرتر لە کاتی خەرماناندا هاتوچۆیان زیاد دەبوو. وەک منداڵێک زۆرتر لە پێش هەموو شێوەیەکدا ئەوەی سەرنجی ڕادەکێشام، پەرچەمە سەوزەکەیان بوو کەوا لەسەر پووپەیەک لە پێکهاتەیەکی زەردڕەنگ چەسپاو بوو. نوکی پەرچەمەکە زۆرتر دەروێشێکی بازوولە ئەستوور هەڵیدەگرت و نوکی خواری پەرچەمەکەی لەناو پشتوێنێکدا سفت گیر کردبوو.
هەر لە دوورەوە دەنگی تەپڵ بە شەپۆلی با دەهات و وردەوردە نزیکتر دەبووەوە؛ کە دەگەیشتە نزیک دێ، بەزمی دوو دەروێشی شمشێربەدەستی پرچئاڵۆز و سنگڕووت دەستی پێ دەکرد، کە چەپ و ڕاست لە پێش پەرچەمبەدەست و کۆمەڵێک دەروێشی پیادە و سوارەوە “لرخەلرخ”یان دەکرد. شێخ سواری پاپوویەکی تەمەڵی دەستەمۆ ببوو، دوو سێ سواری تریش بە دواوە بوون کە زۆرتر پیرەخەلیفەکان بوون. ئیتر دوو شمشێربەدەستەکەی پێش دایەرەکە کەفچەرێن و پرچئاڵۆز و تووڕە دیار دەبوون، بە چەپ و ڕاستدا دەڕۆیشتن و دەهاتن. خەلیفە سوارەکان هێندە پیر و بێتاقەت بوون، زۆرتر لە داهۆڵی ناو بێستان دەچوون؛ تۆپەڵێک مێش بە پشتی شێخەوە نووسابوون و جێگەیان خۆش کردبوو، دیار بوو مەستی چڵکنی و پۆخڵی بوون.
شێخ زۆرتر هەر لە ماڵی خەلیفەکانی ناو کەلاردا دەبووە میوان. شەو کەشی زکری “حەی ئەڵڵا” و “دایم دایم” لەگەڵ تەپڵلێدان دەستی پێ دەکرد. جاروبار قریوەی یەکێک لە دەروێشەکان لە خواری دێیەوە دەگەیشتە گوێمان. لەو هەرا و “سیرمسیرم”ـەدا، حاڵلێهاتن و پرچڕاوەشاندن و گوپکونکردن دەستی پێ دەکرد. ئەوەی منی منداڵی سەرسام دەکرد، زۆرتر خرمەی دەفەکە بوو؛ بە تایبەت ئەڵقەکانی کە دەیدا لە کەناری دەفەکە، بە جاری دوو سێ لێ دەدرا و منداڵانە دەحەپەسام. ئێستا بیری لێ دەکەمەوە، ئەو ئاهەنگ و جووڵانەوە شێتانەیە لە هیچ (دیسکۆ)یەکی تێژینی ئەوروپادا نەمدیوە.
لێدانی دەف لە ڕووی فیزیۆنۆمییەکی سروشتییەوە بە ئاهەنگی “لا اله الا الله” یان “ئەڵڵا دایم” دەناسران. بەندە لە ئامێری دەف و خزمەکەی خۆشم دێت، هەتاوەکو لە ئۆفیسەکەشمدا دەفێکم هەیە و جاروبار خرمەی لێ هەڵدەستێنم. با ئەوەش بوترێت، برادەرانی (کامکار) زۆرتر ئەوان دەفیان هێنایە ناو ئاهەنگەکانیانەوە، ماڵیان ئاوا بێت. ئەگەرچی (دەف) لە مێژەوە لەناو کورددا بوونی هەبووە و ئێستا ئامێرێکی هەمیشەیی هەر تیپێکی مۆسیقایە؛ تەنانەت کاتێک پەیامبەری خودا لە مەککەوە هات بۆ مەدینە، موسڵمانە کۆچکردووەکانی مەککە و دانیشتووانی مەدینە بە دەفلێدانەوە پێشوازییان لێ کردووە.

