بەکر کەریم حەسەن *
(سوكرات) فەیلەسووفی یۆنانی دەڵێ “مرۆڤ لێڵترین و قووڵترین دەقە بۆ خوێندنەوە، كاتێك پێم وایە هەموو شتێكی لێ دەزانم، تێدەگەم كە هێشتا نەبوومەتە ناسیاوی ناخی”.
بێگومان ژیان لە جەوهەری خۆیدا شانۆیەكی گەورەی پڕ لە گێژەڵووك و هاوكێشەی پێشبینی كراوە. ئێمە وەك مرۆڤ بە هۆنراوە و شیعری خەیاڵ و هیوای سادە، تەونی متمانە و دڵنیایی لە دەوری ئەو كەسانە دەچنین و دەڕێسین كە پێمان وایە دەبنە كەپڕ و ساباتی سێبەر و پەناگەی ڕۆژانی تەنگانە و پێویستیمان، بەڵام ڕۆژگار هەمیشە بەپێی نەخشەی مێشكی ئێمە و هیوا هەڵچنراوەكانمان ڕێ ناكات. كەچی ژیان بەردەوام وانەیەكی لێڵ و تەڵخ، بەڵام ڕاستەقینەمان فێردەكات. كە زۆر جاران وابووە گەورەترین تاقیكردنەوە رووبەڕووبوونەوەی خودی مرۆڤەكانە لە كاتی باو و بۆران و باهۆزەكاندا.
بێ شك زۆر بەئیش و ئازاربەخشە كاتێك هەریەكێك یان مرۆڤێك تەواوی قورسایی هیوا و خۆزگەكانی لەسەر شانۆیی كەسانێك دادەنێت كە پێی وابووە نزیكترینی ئەون، لە گۆڕەپانی ژیان و لە هەوراز و نشێوی گوزەران و لەژێر تیشكی بەرژەوەندییە ناڕەسەن و دژوارەكاندا. لە پڕێكدا ماسكە ڕازاوەكان دەوەرن و لەدوای خۆیان تەنیا نامۆییەكی ناشیرین و قێزەون و سارد بەجێ دەهێڵن؛ ئەوانەی چاوەڕێی گەورەترین دەستباری و هاوسۆزییان لێ دەكردن. دەبنە یەكەم نشوستی و داڕووخان و تێكشكێنەری قەڵای باوەڕ و متمانەمان. ئەو جۆرە لادانە لە دەقی چاوەڕوانی برینێكی قووڵ و لە بیرنەكراو لە ڕۆحی مرۆڤدا جێ دەهێڵێت. چونكە نەك هەر پەیوەندییەكە سارد دەكاتەوە و ناهێڵێت، بەڵكو مرۆڤ تووشی فکرێکی گوماناوی دەكات بەرامبەر بە چەمكی (ڕاستگۆیی و دڵسۆزی). ئەلێرەدا هەموو سێبەرەكان دەبنە تەم و مژ و پێشبینیەكان تێكدەشكێن.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێچەوانەكەی هەیە ڕێك لە بەرامبەر ئەو تاریكییەدا. ژیان هەمیشە لایەنە جوان و ڕووناكەكەی خۆی پێشكەش دەكات. لەو چركە ساتانەی كە ڕۆح شەكەت و ماندووە و لە چاكە و خێر و سۆزی چوار دەور بێهیوا و بێئومێد بووە، کوتوپڕ لەناکاو مرۆڤگەلێک لە پەراوێز و دامێنی نیگەرانی و بێدەنگیدا سەر هەڵدەدەن كە هەرگیز لە بازنەی پێشبینیەكانماندا نەبوون. كەسانێك كە ڕەنگە پەیوەندییەكی ئەوتۆی فەرمی و یان بەرژەوەندیخوازیان پێمانەوە نەبووبێت. بەڵام بە هەڵوێستێكی مەردانەی بێدەنگ بە پشتیگرییەكی بێبەرامبەر بە كاتییەك لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بە پەروەردەكردنێكی ڕەسەنانە. دەبنە تیشكی ڕووناكی بۆناوشەوە زەنگەكەمان.
ئەو مرۆڤە پاڵەوانانە، بەبێ دەنگەدەنگ و شانازی و منەتكردن، دەیسەلمێنن كە ئەڵماس و كانزای ڕاستەقینەی مرۆڤایەتین لە ناو سادەیی و دڵپاكی و نیەتباشی دەپشكوێن، ئەو جۆرە مرۆڤانە پێمان دەڵێن و فێرمان دەكەن مەزنترین دڵسۆزی و جوانترین ڕاستگۆیی چاكەیەکە چاوەڕوانیی پادداشتی لە پشتەوە نییە، ئەوەیە پێی دەڵێن سەرسورمانە جوانیەكان وەكو پشكوە چرۆی ناوبیابانن.
بێگومان لە نێوان ئەو دوو وێنەدا ئەو دوو سەرسوڕمان و شۆكانەدا. چی ئەوانەی بە نائومێدی دڵمان وردوخاش دەكەن و دەشكێنن، یان ئەوانەی بە میهرەبانی ڕۆحمان ئاو دەدەن و دەژیێنەوە. هەموویان بۆ یەك ئامانجی باڵا لە ژیانماندا ڕوو دەدەن تاوەكو فێر ببین مرۆڤەكان وەكو خۆیان بیانبینین، نەك وەك ئەو وێنە خەیاڵییەی كە خۆمان لە هۆشماندا بۆمان كێشاون.
لە بیرمان نەچێت متمانەی ڕەها تەنها شایستەی پڕەنسیپ و بەها جێگیرەكانە، چونكە سروشتی مرۆڤ لە نێوان نەرمی و گۆڕاندا هەمیشە لەجووڵەدایە، جووڵەی جیاواز…
گەورەترین وانەی ئەو پەروەردەیەی ژیانەش ئەوەیە كە دڵمان بە كراوەیی ڕاگرین. نە بە نائومێدی ئەوانەی لێیان دەڕوانین بڕووخێنین و نە لە میهرەبانی و جوانی ئەوانەی چاوەڕێمان نەكردوون بێبەش ببین. لێگەڕێ با ڕۆژگار كانزاكان جیا بكاتەوە. چونكە لە كۆتاییدا تەنها زێڕە ڕاستەقینەیە كە لە كوورەی تاقیكردنەوەكاندا بە درەوشاوەیی دەمێننەوە.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

