تا ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان هەژموونیان بەسەر ئەو سنوورە هەبوو هەست بە ئارامی دەکرا
دوازدە ساڵ دوای سەرهەڵدانی داعش و ئەو کارەسات و مەترسییانەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە ناوچەکە و جیهان هێنایە کایەوە، هێشتا سێبەری ڕەشی ئەو مەترسی و هەڕەشانە بە تەواوی لەسەر ئاسمانی ناوچەکە بە گشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لانەچووە. هەر چەندە نێوەنێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش و تایبەتی لە دژی ئەو چەکدارانە ئەنجام دراوە بەڵام تا ئەم ساتە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گشتی ناوچەکە هەژمار دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە بەشێک لە هێزەکانی کوردستان، دژەتیرۆری عێراق و هاوپەیمانان لە سنووری پردێی پارێزگای کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە دژی شانە نوستووەکانی داعش لەو سنوورە ئەنجام دا و توانیان ژمارەیەک چەکداری تیرۆریست بکوژن و زیانێکی زۆر بە چەکدارانی داعش بگەیەنن بەڵام ئەفسەرێکی دژە تیرۆری عێراق گیانی لەدەست دا.
ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژێک دوای ئەوە کرا، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بە چڕی بۆردومانی سێ مۆڵگەی داعشیان لە گوندەکانی چیا چەرمک و دەرمان لەسەر زێی بچووک لە دەوروبەری پردێ کرد و ئامادەکارییان بۆ ئەوە کرد هێزی وشکانی دەست بە پاککردنەوە و کێوماڵی بەشێک لەو ناوچانە بکەن.
وا دیارە پێشتر خەڵکی سنوورەکە زانیارییان داوەتە دەزگا هەواڵگرییەکان و لە بوونی چەکدار و شانەی نوستووی داعش ئاگاداریان کردوونەتەوە، بەشێک لە دانیشتووانی ئەو سنوورە کە زۆربەیان جووتیار یان ئاژەڵدارن، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ناوچەکانیان چۆڵکردووە یان بە شەوان ناتوانن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
دۆخی پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ئێستای هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە تووشی بۆشایی ئەمنی بوون و ئەم ناوچانە باشترین و بێ مەترسیترین شوێن بوون بۆ جووڵەی چەکدارانی داعش و چالاکییەکانیان لەم ناوچانە.
تا ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان هەژموونیان بەسەر ئەو سنوورە هەبوو هیچ چەکدارێکی داعش نەیدەوێرا لەم ناوچانە نزیک بکەوێتەوە و پارێزگاکە لە ئاسایش و تەناهیی تەواوەتیدا بوو بەڵام ڕووداوەکانی دوای ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و هاتنی هەندێک گرووپی میلیشیایی بۆ سنوورەکە کە هیچ توانایەکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نەبوو بوو بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ پاشماوەکانی داعش بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بە خۆیان بدەن و ژمارەی چەکدارەکانیان لە سنوورەکە پەرە پێ بدەن و ببن بە مەترسی بۆ سەر جووتیاران و خەڵکی ناوچەکە.
ئەو چەکدارانە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار خەڵکیان ڕفاندووە، خەڵکیان کوشتووە و یان دەستیان بە سەر سامان و مەڕ و ماڵاتی خەڵکیشدا گرتووە.
کێشەکە لەوەدایە نە سوپای عێراق توانیویەتی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە بە تەواوی دابین بکات و نە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەستیان لە پڕۆسەی دابینکردنی ئاسایش کراوە بووە.
ئەوەی خەڵکی سنوورەکەی نیگەران کردووە ئەوەیە پێشتر کە هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە هەبوون، خەڵک پشتیان قایم بوو و شەوانەش دەچوونە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و تا بەیانی لە کێڵگەکانیان دەمانەوە و هەستیان بە هیچ جۆرە ترس و دڵەڕاوکییەک نەدەکرد بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر جیاوازە و تەنیا بە ڕۆژی ڕووناک دەتوانن بچنە سەر زەوییەکانیان و تەنانەت بە ڕۆژیش هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن و ترسی ئەوەیان هەیە لە پڕ چەکدارانی داعش دەربکەون و زیانیان پێ بگەیەنن.
راستە کەرکووک هێزی ئاسایشی خۆی هەیە بەڵام ئەو هێزانە نەیانتوانیوە بە یەکسانی ڕووماڵی هەموو ناوچەکانی کەرکووک بکەن و بەشێکی زۆر لە ڕووبەری جوگرافیی پارێزگاکە هیچ هێزێک نییە پارێزگارییان لێ بکات.
جگە لەمە ڕاستە تیرۆریستانی داعش لە چاو ساڵانی پێشتر پێگەیان زۆر لاوازتر بووە بەڵام هەموو کاتێک مەترسین بۆ سەر ئاسایش و تەناهیی ناوچەکە و لە دەرفەتێک دەگەڕێن بتوانن زیان بە خەڵک و دامەزراوەکان بگەیەنن.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەم سنوورە ئەنجام دراوە و توانراوە گورزی کاریگەر لە داعش بوەشێنن بەڵام نەتوانراوە ئەو مەترسییانە بە تەواوی بنبڕ بکەن.
سلێمان تاشان – ههولێر

