نووسینی: جەبار جەمال غەریب
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی (ئەو باڵندە فڕیوانەی کە زبڵن) لە نووسینی ڕۆماننووس جەبار جەمال غەریب، یەکێک لەو بەرهەمە ئەدەبییانەیە، کە خوێنەر دەباتە ناو قووڵایی کایەکی دەروونی و واقیعی ئاڵۆزەوە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە تا دەگاتە کۆتایی، دەقەکە وەک تۆڕێکی چڕ لە یادەوەری، ئازار، سڕینەوەی سنووری نێوان مردن و ژیان دەخرێتەڕوو. ئەمە تەنها چیرۆکی خێزانێکی شێواو نییە، بەڵکو مێژووی دەروونیی گەڕەکێک، شارێک، نەوەیەک دەپشکێنێت، کە لە ژێر سێبەری توندوتیژی، ونبوون، خیانەتدا گەورە بوون. لەم وتارەدا بە وردی ناوەڕۆک – بابەتەکە، جۆری ڕۆمان، تەکنیکی گێڕانەوە دەخەینەڕوو.
شێواندنی حەقیقەت، بۆن تەعزییە-هاشم پێشتر بە خێزانەکە و گەڕەکەکەی گوتبوو، کە سەیفەدینی دارتاش مردووە. ئەو بەم درۆیە، یان هەڵەیە جۆرێک لە کۆتایی بۆ مێژووی سەیفەدین دروست کردبوو، بەڵام لەناکاو هەر خۆی دەبێتە هەڵگری هەواڵە شۆکهێنەرەکە و دەڵێت سەیفەدین نەمردووە، بەڵکو لە زیندانەکانی ئێران گەڕاوەتەوە.
ئەگەر بە وردی سەیری ئەم ڕستانە بکەین و بیانخوێنینەوە، واتای دیکەی لە پشتەوەیە،
پیاوێکی نەناس شتی ناو ماڵەکەی خۆت نیشان بدات، ئەوەیە سەر ئێشە، پیاوێک بزانێ لەژێر بەتانی ناو کانتۆری نوێنان چی هەیە. لا ٥
ماڵ لە دەروونناسیدا هێمایە بۆ ناخ، یان شوێنی ئارامی زاتی. کاتێک (سەیفەدین) کەسێکی دەرەکییە و دێتە ناو قووڵترین و تایبەتیترین شتەکانی ماڵەکە (ژووری نووستن، ژێر بەتانی، ناندین)، ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە وەک دەستدرێژی بۆ سەر ناسنامە وەسف دەکرێت. تێکچوونی ئەم سنوورە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێیەکی توند. مرۆڤ هەست دەکات نهێنییەکانی لەبەردەم باهۆزێکی دەرەکیدا ڕووت کراونەتەوە، ئەمەش سەرچاوەی ئەو سەرئێشە دەروونییە هەمیشەیییەیە.
ئەو سەیری ئەو وێنەیەی خۆی دەکرد، کە بابم لە هەوادا بە وشە بۆی کێشابوو. لا ٢٨
تەنها تۆ ئەو باڵندە فڕیوانە بە زبڵ تێدەگەی. لا ٣٩
لێرەدا لوتکەی شیعریەت بە شێواز و وشەی ئاسایی، کارەکتەرەکە پەنا دەباتە خەیاڵکردن، بۆ ڕاکردن لە واقیعە تاڵەکە. کاتێک واقیعی فیزیکی پڕ دەبێت لە توندوتیژی و نائومێدی، وشە دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ کێشانی وێنەیەکی نموونەیی. ئەمە وەک جۆرێک لە سڕکردنی دەروونی وایە کارەکتەرەکە متمانە بەو وێنە وەهمییە دەکات، کە باوکی لە هەوادا بۆی دروست کردووە، چونکە بەرگەی بینینی ڕووی ڕاستەقینەی باوک و واقیعەکەی ناگرێت.
چ نەهامەتییەکی، ڕۆشتن و هاتنەوەت کارەساتە. لا ٥٧
لە ڕووی دەروونییەوە، مرۆڤ کاتێک لەگەڵ ونبوونی کەسێکدا ڕادێت، جۆرێک لە سستم و هاوسەنگیی نوێ لە نەستیدا دروست دەکات تەنانەت ئەگەر بە ئازاریشەوە بێت. کاتێک غائیبەکە (سەیفەدین) لەناکاو دەگەڕێتەوە، ئەو هاوسەنگییە دەروونییە کاتییە دەتەقێتەوە. ڕۆشتنی باوک کارەسات بووە، چونکە خێزانەکەی دوچاری داڕمانی سۆزداری کردووە، هاتنەوەشی کارەساتە چونکە وەک تارمایییەک دێتەوە، کە تەواوی ئەو برینانە هەڵدەداتەوە، کە بە زۆر داپۆشرابوون.
ئای خۆشەویستی چەند لە خیانەتەوە نزیکی ئەوەندەش لە ژیان. لاپەڕە ١٢٥
ئەمە گوزارشتە لە بوونی دوو هەستی دژبەیەک لە یەک کاتدا بەرانبەر بە هەمان شت. لە نەستی کارەکتەرەکاندا، خۆشەویستی چیتر هەستێکی پەرۆش و بێگەرد نییە، بەڵکو هەمیشە سێبەری خیانەت و مەرگی لەگەڵدایە. لایەنی دەروونیی مرۆڤی کۆمەڵگەی پاشجەنگ ناتوانێت متمانەی ڕەها بکات. ژیان و عیشق لەم قۆناغەدا تەنها بە مەرجی قبووڵکردنی ئەگەری خیانەت و ئازار بەردەوام دەبن.
دڵێکی وەک قومبەلە لەگەڵ دەستلێدانی بتەقێتەوە. دڵێکی بدەیەی لە شەڕ ڕەشتر بێت. لاپەڕە ١١٢
تۆزی هەموو دنیا لە دڵی من هەستا، غوبارێک هەناسەی توند کردم. لاپەڕە ١١٤
پارچە شووشەکەم خستەوە شوێنی خۆی… گژوگیای وشکەوەبووی سەر گۆڕەکەی دایکم سەوز بووەوە و تەلیسمی ئاسنڕێژی شار بەسەریەکدا تەپی. لاپەڕە ١٢٥
دوا شوێنەواری دایکم کە دواجار دەستی لێدابێت لەو ماڵەدا پارچە شووشەیەک بوو. لاپەڕە ١٢١) — چۆن شتە بچووک و فەرامۆشکراوەکان دەبنە کۆتا پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئازیزانەی کە جێیان هێشتووین.
ئێستا ئەو ماڵەمان پڕ بووە لە پۆلیس. پۆلیسەکان بە پێیە گەورە و عەقڵە بچووکەکانیانەوە بەناو خوێنی باوکمدا هاتووچۆیان بوو. لاپەڕە ١١٦ وەسفێکی ڕەخنەیی و دەروونیی کەموێنە بۆ ململانێی نێوان سارد و ڕەشیی یاسا و گەرمیی تراژیدیای خێزانی.
بە لای گۆڕی بابمدا تێدەپەڕم گوێم لە دەنگی قووڵپەی ڕشتنی عەرەقە، وەک ئەوەی تەرکی کردبی. لاپەڕە ١٢٢ ڕستەیەکی تەواو واقیعی-سیحری، چۆن نەفرەت و خووە کۆنەکانی مرۆڤ تەنانەت پاش مردنیش لە ناو گۆڕدا سێبەری خۆیان جێناهێڵن.
پێکهاتەی درامیی ڕۆمانەکە لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی بنیاد نراوە:
یەکەم: غیاب و گەڕانەوەی تارمایی (سەیفەدینی دارتاش)
لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، کارەکتەری سەیفەدینی دارتاش وەک غیابێکی بەردەوام و قورس ئامادەیی هەیە. ونبوونی ئەو بۆ ماوەی “یازدە ساڵ و نۆ مانگ و حەوت ڕۆژ”، تەنها دابڕانێکی فیزیکی نییە، بەڵکو برینێکە لە جەستەی کاتدا. کاتێک سەیفەدین بە کەنەفتی، پیری، کوڕی، ددان زەردی، شێواوی دەگەڕێتەوە، تەواوی هاوسەنگیی دەروونیی خێزانەکە و گەڕەکەکە تێکدەچێت. گەڕانەوەی ئەو، ڕابردوویەکی تاریک زیندوو دەکاتەوە، کە دایک و منداڵەکان (مەرجاندڵ و خوشکەکەی) هەوڵی فەرامۆشکردنیان دەدا. باوک لێرەدا چیتر چەقێکی پارێزەر نییە، بەڵکو سەرچاوەی جۆرێک لە زۆڵم و بێزارکەرە.
دووەم: فەزای ناوەوە وەک بەندیخانە و گۆڕەپانی خوێن
ئەگەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا ماڵەکە وەک پەناگەیەک دژی دەرەوە نیشان بدرێت، ئەوا لە لاپەڕەکانی ١١٢ تا ١٢٥دا، ماڵ دەگۆڕێت بۆ تاقیگەیەکی دەروونیی پڕ لە ترس. دایکەکە بەردەوام لە ژێر بارگرانی گریان و حەسەرەتدایە. لوتکەی دراماکە کاتێک ڕوودەدات، کە سێبەرێکی نامۆ لە پشت پەنجەرەی ژووری دایکەکەوە دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی شڵەژانی کوڕەکە (گێڕەرەوە). ئەم توندوتیژییە ناوخۆییە پەرەدەستێنێت تا ئەو شوێنەی پۆلیس دێتە ناو ماڵەکە و چێشتخانە و حەوشە پڕ دەبێت لە خوێن. لێرەدا تێکچوونی شیرازەی خێزانەکە لە ڕێگەی مردنی باوک و چۆڵبوونی ماڵەکەوە دەگاتە کۆتاییەکی تراژیدی.
سێیەم: سیحری دەربازبوون
لە ناوەڕاستی ئەم هەموو پیسی، زبڵ، توندوتیژییەی سەر زەویدا، دنیای کۆترەکان (باڵندەکان) وەک هێمایەکی پاکی دەمێنێتەوە. مەرجاندڵ پەنا دەباتە بەر ئاسمانی گەڕەکەکە بۆ فڕاندنی کۆترەکانی، وەک هەوڵێک بۆ ڕاکردن لە ژێر چاودێریی توندی سەفا یاقوو. ئەو چیرۆکە فەنتازییەی باوکی لەسەر باڵندەکانی قووڵایی دەریا و مەرجان پێی گوتبوو، دەبێتە کەرەستەیەک کە مەرجاندڵ واقیعی پێ دەشێوێنێت، تا لە تاڵی بەزەیی مرۆڤەکان دەرباز ببێت.
جۆری ئەدەبیی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانی (ئەو باڵندە فڕیوانەی کە زبڵن) بەپێی پەرەسەندنی ڕووداوەکان لەژێر دوو خانەی سەرەکییدا پۆلێن دەکرێت:
یەکەم: ڕۆمانی دەروونی – بوونگەرایی
ڕۆمانەکە قووڵ دەبێتەوە لە ناو ناخی مرۆڤەکاندا. مۆنۆلۆگە درێژەکانی کوڕەکە – مەرجاندڵ، تێڕامانەکانی لە چەمکی خیانەت، خۆشەویستی، مردن، نیشانەی دەروونییەکەیەتی. کارەکتەرەکان لە بەردەم پرسیارە گەورەکانی بووندا وەستاون، بۆچی باوک دەبێتە ستەمکار؟ بۆچی مێژووی خێزانەکە بە خوێن پاک دەبێتەوە؟
دووەم: واقیعی سحری
ئەمە دیارترین ناسنامەی ڕۆمانەکەیە. جەبار جەمال غەریب واقیعی هاوچەرخی کوردی (شەڕ، گرژی خێزانی، پۆلیس، هەژاری، وردەکاری ناو کۆمەڵگا) وەردەگرێت و توخمی ناواقیعی و سیحری تێدەچێنێت بە شێوەیەک خوێنەر وەک ڕاستی وەریگرێت. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٢٥دا، کاتێک گێڕەرەوە پارچە شووشەیەکی شکاو دەبات و دەیچەسپێنێتە سەر کێلی گۆڕی دایکی، لەناکاو واقیع دەگۆڕێت گژوگیای وشکبووی سەر گۆڕەکە سەوز دەبێت، تهلیسمی ئاسنڕێژی شار دەپوکێتەوە، بۆنی کێکی براژاو و بەسەر تەواوی گەڕەکەکەدا بڵاودەبێتەوە، خوشکی عاشق دەبێتەوە و نامەی دڵداری بۆ دێت. ئەمە نموونەی واقیعی سیحرییە، کە تێیدا مردن و ژیان، سروشت و هەستەکان بەیەکەوە گرێدەدرێنەوە.
تەکنیکی گێڕانەوە:
نووسەر چەند تەکنیکی نوێخوزی و پاشنوێخوازی بەکارهێناوە کە بریتین لە:
– شەپۆڵی هۆش، زمانەکە ڕەنگدانەوەی شڵەژانی دەروونی کارەکتەرەکەیە، ڕستەکان درێژن، پچڕپچڕن، هەستە جیاوازەکان (ڕق، بەزەیی، ترس) تێکەڵ دەکەن. گەڕانەوە بۆ ناو خەیاڵ و یادەوەری.
– فلاشباک، کات لە ڕۆمانەکەدا هێڵیی و نەریتی نییە. گێڕەرەوە لە کاتی ئێستاوە، وەستان لەسەر گۆڕی دایک و باوکییەوە باز دەدات بۆ کاتی منداڵی، ڕۆژانی گەڕانەوەی باوکی، شەوە خوێناوییەکەی ماڵەوەیان و پۆلیس. ئەمەش وای کردووە کات وەک بازنەیەکی داخراو دەربکەوێت.
ئەنجام
کاتێک دەگەینە لاپەڕە ١٢٥ی ڕۆمانەکە، خوێنەر تێدەگات، کە ئەم بەرهەمە گەشتێکی دەروونی، فەلسەفیە. ڕستەی کۆتایی ئەم بەشە (ئای خۆشەویستی چەند لە خیانەتەوە نزیکی ئەوەندەش لە ژیان)، کلیل و پوختەی تەواوی ئەو ١٢٥ لاپەڕەیەیە.
جەبار جەمال غەریب لە ڕێگەی تێکەڵکردنی واقیعیەتی سیحری و تراژیدیای دەروونییەوە، نیشانی دەدات، کە مرۆڤەکان چۆن لە ناو زبڵدانی واقیعدا بەدوای باڵندەی ئازادیدا دەگەڕێن، چۆن یادەوەری، تەنانەت ئەگەر پڕ لە خوێن و ئازاریش بێت، دەکرێت لە ڕێگەی عیشق و سیحری ئەدەبەوە بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ شینبوونەوە و بەردەوامیی ژیان.
سەرچاوە:
• غەریب، جەبار جەمال، ئ٢٠٢١، ەو باڵندە فڕیوانەی کە زبڵن، چاپی دووەم
• Lacan, J.1966, Das Spiegelstadium und Die Symbolische Ordnung
• Freud, S.1919, Das Unheimliche

