رۆژنامەی ھەولێر

بە ئیشە نەک بە ڕیش!

عارف ڕوشدی
حزبی سیاسی بە سیاسەتی نیشتمانی و حکوومەت بە خزمەتگوزاری، پشتیوانی و متمانەی کۆمەڵانی خەڵک بەدەستدەهێنن؛ جوانترین و ڕاستترین نموونە، پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
پڕۆژە نوێیەکانی حکوومەتی هەرێم، سەرەڕای گیروگرفتەکان، ئەوانەی خراونەتە خزمەتی خەڵک یان لە قۆناغی کۆتاییدان و هەندێکیشیان بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بریتین لە:
– لەم ڕۆژانەدا هێژا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی عەنکاوە)ی کردەوە.
– دانانی بەردی بناغەی (کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان) لە زاخۆ.
– دانانی بەردی بناغەی باخچەیەکی گەورە لە شەقڵاوە.
– ڕێگای کۆیە – هەولێر، بە بەرزترین شێوازی ئەندازیاری، کاری زۆر باشی تێدا بەردەوامە.
– ڕێگای باعەدرێ – دهۆک، لە قۆناغی کۆتاییدایە.
– لە هەڵەبجەی شەهید، کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بۆ مۆنتاژکردنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کرایەوە.
– ڕێگای دووکان – هیزۆپ، لە قۆناغی کۆتاییدایە.
– پێشکەوتنی پڕۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان؛ هەر ئەمڕۆ خولێکی هاوبەشی ڕاهێنان بە سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هەردوو فەرماندەی (١ و ٢) دەستی پێکرد.
– بۆ کەمکردنەوەی زەرەر و زیانی جووتیارانی کوردستان لە ئەنجامی بڕیاری ستەمکارانەی بەغدا لەبارەی وەرنەگرتنی گەنمی ئەمساڵیان، هێژا سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هەموو ئەو گەنمەی جووتیاران بکڕدرێت.
– بیناکردنی مزگەوتی (بارزانی نەمر) کە دەبێتە شاکارێکی گەورەی شوێنی خواناسی و شارستانی لە هەولێری پایتەخت.
– لە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە سنووری پارێزگا دهۆک شاییەکی گەورەی هاوسەرگیری بۆ ٤٠٠ گەنج ڕێکدەخرێت و بۆ هەر بووک و زاوایەک بڕی (١٠) ملیۆن دینار دابین دەکرێت، سەرەڕای تێچووی شاییەکە.
بەم شێوەیە، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر خزمەتگوزارییەکانی، دوور لە خۆنواندن و خۆهەڵکێشان. پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزە ڕەسەن و خەمخۆرەکەی گەل و نیشتمان، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە سەرڕاستەکەی، لە پێناوی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە لایەک، و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێم لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆی هاوسەنگ و بەرهەمدار لەگەڵ بەغدا لە لایەکی ترەوە.