ڕائیب جادر – هەولێر
کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک لە ژێر سایەی ستراتیژییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قۆناخێکی نوێی گەشەکردن بەخۆوە دەبینێت و تەنیا لە ٦ مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا کراوە.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە ژێرخان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات، کەرتی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک، ئاماژە بەوە دەکات، پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان لەسەر بنەمای پێداویستی ناوچەکە و گرنگی کەرتە ستراتیژییەکانە.
یەکێک لەو پڕۆژانەی لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، پڕۆژەیەکی بازرگانی شەش نھۆمییە کە ٦٤ ئۆفیس و چەندین یەکەی جیاواز لەخۆ دەگرێت. وەبەرھێنەران، دەڵێن ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە پارێزگای دھۆک ھەیە، لەگەڵ ئەو ئاسانکارییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنان پێشکەشمان دەکەن، بوونە پاڵپشت و ھاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی ئێمە وەک کەرتی تایبەت وەبەرھێنان لەم پڕۆژەیەدا بکەین.
ئامارەکان نیشانەی بازدانێکی گەورەن لە کەرتی وەبەرھێنان، ھەرچەندە ساڵی ٢٠٢٥ بەھۆی تۆمارکردنی ٤٥ مۆڵەت وەک “ساڵی زێڕین” ناودەبرا، بەڵام داتاکانی ئەمساڵ ڕیکۆردی پێشتریان شکاندووە، تەنیا لە ٦ مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، قەبارەی وەبەرھێنان لە دھۆک گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار.
ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک، ئاشکرای دەکات: لە ٦ مانگی ڕابردوودا توانیمان زیاتر لە ٦٢ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنان تۆمار بکەین، پلان و ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەیە زیاتر گرنگی بە کەرتە بەرھەمھێنەکان بدەین بۆ ئەوەی ئابووری ناوچەکە ھێشتا بەھێزتر بێت.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرھێنان، لە سەرەتای کارپێکردنی یاسای وەبەرھێنانەوە تاوەکو ئێستا، ٣٦٣ مۆڵەت بە پڕۆژە جیاوازەکان لە دھۆک دراون، کە سەرمایەی گشتییان پێکەوە پتر ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.
ئێستا دھۆک بووەتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ سەرمایەگوزارانی ناوخۆیی و بیانی، ئەمەش وەک دەرئەنجامی ئەو ئارامی و ئاسانکارییە کارگێڕیانەی کە حکوومەت بۆ کەرتی تایبەت دابین کردووە.

