ڕائیب جادر – هەولێر
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ھاووڵاتییان پەڵکێشی چەم و ڕووبارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات، بە خوڕی ئاوی ڕووبارەکان و بەرزی ئاست و شەپۆڵەکان دەرئەنجامی ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵن، ھاتنی گەشتیاری ناوەڕاست و باشووری عێراق بەبێ ئەوەی شارەزایان لە شوێنی مەلەکردن و قەدەغەکراوەکان ھەبێت مەلەوانی دەکەن ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار حاڵەتی خنکان لە سنوورەکە تۆمار کراون.
سەردانیکردنی شوێنە گەشتیارییەکان و بینینی سرووشت مافی ھەموو گەشتیارێکە، بەڵام پێشێڵکردنی ڕێنمایەکانی بەرگری شارستانی لەوانەیە گەشتێکی خۆش بگۆڕێت بۆ ڕووداوێکی نەخوازراو، بۆیە پێویستە گەشتیاران کاتێک سەردانی چەم و ڕووبارەکان دەکەن، کە دەبینن ئاستی ئاو بەرزبۆتەوە یاخود نووسراوە مەلەکردن قەدەغەیە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لەو شوێنە دوور بکەونەوە.
بۆ پاراستنی گیانی گەشتیار، گەشتوگوزار مەرجی بەسەر ناوچە گەشتیارییە مۆڵەتپێدراوەکان سەپاندووە، بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە سنوورەکە، دەڵێن، بەشێک لە خانوو تاکەکان کە دروست کراون لەسەر لێواری ڕووبارەکان، خاوەنی بینایەکە سەرەتا بەس بۆ خۆی دروست کردبوو، بەڵام لەگەڵ ھاتنی گەشتیار ئێستا بەمەبەستی گەشتیاری بەکاردێنێت، بۆیە ئێمە ئاگادارمان کردوونەتەوە کە پابەند بن بە دەرھێنانی مۆڵەتی کارکردنی گەشتوگوزار و تەواوی مەرجەکانی بەرگری شارستانی و گەشتوگوزار جێبەجێ بکەن، دواجاریش ئاگادار کراونەتەوە لە دروستبوونی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئەوان خۆیان بەرپرسیار دەبن.
جگە لە دەرچوونی بەردەوامی تیمەکانی بەرگری شارستانی بەھۆی بەخوڕی و تیژڕەوی زۆرینەی ڕووبارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕێنمای قەدەغەی مەلەکردن بە زمانی جیاواز ھەڵواسراوە، ناپابەندی بەشێکی گەشتیاران ساڵانە چەندین حاڵەتی خنکان تێدا ڕوودەدەن. ڕەوەند ھاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زۆربەی ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن، شارەزایی سرووشتی ڕووبارەکانی ناوچەکە نین، ڕووبارەکانی ئێمە ئاوێکی مەنگ و وەستاویان نییە تا بە ئاسانی بتوانن مەلەی تێدا بکەن، تۆبۆگرافیای ڕووبارەکان وایە کە ژێری ڕووبارەکان پڕە لە پاشماوەی تاشە بەرد و ئەشکەوتی گەورە و ھەروەھا تێلدڕ و تۆڕی ماسی و چەندین جۆر پاشماوەی تر کە مەترسی لەسەر گیانی ئەو کەسانە دروست دەکات کە مەلەوانی لەو ناوچانە دەکەن، تەنانەت ئەگەر مەلەوانێکی باشیش بێت، بەڵام زۆربەی ئەوانەی کە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن لە مەلەوانگە داخراوەکان فێری مەلەکردن بوونە، لێرەش ناتوانن مەلە بکەن، ئەوەش وا دەکات ڕووداوی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە.
گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، دەشڵێ: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا چوار حاڵەتی خنکان لە سنوورەکە تۆمار کراون، سێ کەسیان بەھۆی ڕووداوێکی ھاتووچۆ بوو کە ئۆتۆمبێلێک کەوتە نێو ڕووباری گەلی عەلی بەگ، بەداخەوە ھەر سێ سەرنشینەکە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون گیانیان لە دەستدا و تەرمەکانیان دواتر دۆزرایەوە، ئەوەی دیکەش گەشتیارێک بوو کە لەگەڵ خزم و کەسانی خۆی سەردانی ناوچەکەیان کردبوو لە ڕووباری کاولۆکان کەوتە ناو ڕووبار و خنکا.

