ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمساڵ ھەزاران گەشتیار ڕوویان لە سەیرانگە و ھاوین ھەوارەکانی سنووری قەزای مێرگەسۆر کردووە، ڕۆژانەش ئەو ژمارەیە بەرز دەبێتەوە. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سنوورەکەش، دەڵێت، ئەوەی پێویست بێت بۆ گەشتیاران کراوە، بۆ ئەوەی بێ کێشە ڕوو لە سەیرانگەکانی سنوورەکە بکەن و کاتێکی خۆش لەو ناوچانە بەسەر ببەن.
عەبدولوەھاب حەسەن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری شارۆچکەی مێرگەسۆر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەھۆی ئەوەی ئەمساڵ بارانێکی زۆر لە ناوچەکە باریوە، ئەوەش وای کرد وەرزی بەھار دوا بکەوێت، ئەوە ھۆکارێکی گرنگ بوو کە گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە سەیرانگە و ھاوین ھەوارەکانی دەڤەری بارزان بکەن، ئەوەش بووە ھۆکار کە ڕێژەی گەشتیاران زۆر زیاتر بێت لە چاو ساڵانی ڕابردوو.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، دەشڵێ: بەردەوام سەردانی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەین و ڕێنمایی دەدەینە گەشتیاران، بۆ ئەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بە پاک و خاوێنی ڕابگرن و ژینگەی دەڤەری بارزان تێکنەدەن، لە ھەمان کاتدا ھەر کێشەیەکیان ھەبێت بە زووترین کات بۆمان چارە کردووە، ئێستاش بەردەوام گەشتیاران ڕوو لە شوێنە گەشتیارەکان دەکەن، بەتایبەتی گەلی زۆرەگڤان، واری پیران، کانی شەکر، ئیسومەرا و چەندین شوێنی دیکە.

