ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای لاوەکیی خەلیفان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەنووسان، دەڵێت: مژدە دەدەینە خەڵکی خەلیفان و شۆفێران دوای چەندین کۆبوونەوەی چڕ، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار گەیشتینە ڕێککەوتن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێدەکات و نەخشەکەش لە قۆناغی کۆتاییدایە.
ئەم ڕێگایە کە درێژییەکەی کەمتر لە سێ کیلۆمەترە و دەکەوێتە بناری چیای کۆرەک، پاناییەکەی دەکرێتە ٢٤ مەتر و لەگەڵ دووسایدی سپیلک تێکەڵ دەکرێتەوە و تاوەکو بازگەی ناو گەلی عەلی بەگ درێژ دەبێتەوە.
ھاوکات یەک ئۆڤەرپاس لەسەر ڕێگای چوون بۆ کۆرەک و ئەندەرپاسێکیش لە دەروازەی خەلیفان بۆ گەلی عەلی بەگ دروست دەکرێت. لە نەخشە نوێیەکەی ڕێگای کەمەربەندیی خەلیفاندا، ٤٨ خانوو بەردەکەون و قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەم ڕێگایە ھاوشێوەی دووسایدی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە بەرزترین کوالێتیی چاک دەکرێت، ئەمەش کۆتایی بە ئاستەنگیی گەشتیاران و بارھەڵگرە بازرگانییەکان دەھێنێت.

