رۆژنامەی ھەولێر

واقیعبینی وەک ڕێگای چاکسازی

بەکر کەریم حەسەن *
سوقرات، زانا و فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ “سەرەتای دانایی، ناسینی خۆتە و، بزانی کە نەزانی”.
ئەو وتە قووڵە پێمان دەڵێت كە چاكسازیی ڕاستەقینە و بنیادنانی مرۆڤ لە رووبەڕووبوونەوەی ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانەی واقیعەوە دەست پێ دەكات. نەك خۆدزینەوە و شاردنەوەی كەموكووڕی و نەنگیەكان.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا گەورەترین ئالنگاری كە رووبەڕووی كۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمییەكان دەبێتەوە، دیاردەی چەواشەكاری و شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی كێشە ڕیشەییەكانە لە پشت دروشمی بریقەدار و بێناوەڕۆك و ڕاپۆرتی ڕازاوەی ساختەوە كە دەرئەنجامەكەی تەنیا و تەنیا دواخستنی چارەسەر و قووڵكردنەوەی قەیران و كێشەكانە. كاتێك باسی ناواقیعبینی و چەواشەكاری دەكەین بگرە لەسەر ئاستی پەیوەندییە كەسییەكانی نێوان دوو كەس و زیاتر یان لەسەر ئاستی خێزان و دامەزراوە كارگێڕییەكاندا هەمووی هەمان دەرئەنجامی خراپ و لێكەوتەی نائاساییی دەبێت، چونكە ئاشكرایە كە چەواشەكاری و پیاهەڵدان و شاردنەوەی ڕاستیەكان ڕەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی سیمایەكی جوان بە كێشە و پەیوەندییەكان ببەخشێ، بەڵام لە كۆتاییدا رووبەڕووی دیواری ڕەقی واقیع و ڕاستی دەبێتەوە، بێگومان لەسەر هەموو ئاست و پەیوەندییە كەسییەكان و لەسەر ئاستی كارگێڕی و دامەزراوە حكومیەكانیشدا چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستییەكان گەورەترین متمانەكوژە؛ لە هەر شوێنێكیشدا كە متمانە نەما‌ هەوڵدان و كۆشش و گەرموگوڕی و داهێنان سارد دەبێتەوە و نامێنێ‌. بۆیە گرنگە لە هەر شوێنێكدا داتا و ڕاستی و واقیع بۆ ڕازیكردنی بەرپرسان و دامەزراوەكان نەبێت یان بۆ چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چونكە لەوێدا چاكسازی و داهێنان دەمرێت. لەبیرمان نەچێت واقیعبینی كارگێڕیی واتە بینینی كێشەكان وەكو خۆیان و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی لە ڕێگەی پلانی ستراتیژی دوورمەودا و، تێپەڕاندنی هەموو تەنگژەیەك پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و یەكلاكەرەوە هەیە دوور لە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە لابەلاكان و ڕازیكردنی دڵی كەسانی دڵناسك و لەرزۆك و هاوبەرژەوەندی بەردەوام.
لێرەدا گرنگە لە پەروەردە لە قوتابخانەكان لە پۆلەكانی خوێندن قوتابییە ئازیزەكانمان كە نەوەی دوا ڕۆژی كوردستانن پەروەردەیان بكەین لەسەر واقیعبینی بەردەوام و ڕاستی شتەكان و دووركەوتنەوەیان لە چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستیەكان، چونكە كوردستان و نیشتمان پێویستی بە كەسانی بەهێز و ئازا و واقیعبین هەیە، نەك كەسانی داردەستە و لەرزۆك و چەواشەكار و بەرژەوەندخواز.
ماوەتەوە بڵێم كە داهاتوو پاشەڕۆژ بۆ ئەو كەس و تاك و كۆمەڵگە و دامەزراوانە نییە كە لە ناو وەهمی سەركەوتنی كاتی و چەواشەكاری دەژین. بەڵكو بۆ ئەوانەیە كە بە چاوی واقیعیەوە كێشەكان دەست نیشان دەكەن و بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و زانستی ڕێگە بۆ چاكسازی و سەركەوتن خۆش دەكەن. چونكە بنیادنانی نیشتمان، بنیادنانی كوردستان لەسەر بنەمای ڕاستی هەمیشە بەهێزتر و بەردەوامترە لە ڕاگرتنی لەسەر پایەكانی وەهم و خەیال و چەواشەكاری.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی