رۆژنامەی ھەولێر

کێ دەتوانێ زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنێ؟

عەمەر ئەرگوشی
هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوە ئەنجامدراون کە بە هاوپەیمانی بێ یان بە تەنیایی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنێ دەتوانی باڵادەستی خۆی بسەپێنێ و بریار و راسپاردەکانی بکاتە کاری پەرلەمان و نوێنەرایەتی راستەقینەی دەنگی خەڵکی کوردستان بکات.
ئەوە مافی هەموو لایەنەکانە و کەس ناتوانێ و مافی ئەوەی نیە دژی بوەستێت، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان بناغەی بەهێزی دیموکراتیەتێکی داناوە کە بۆ هەر لایەنێک دەنگی گەلی کوردستان و زۆرینەی پەرلەمان دەستەبەربکات دەتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست، وە بە هەمان شێوە ئەوەشی گەرەنتی کردووە کە لایەنێک یان چەند لایەنێکی هاوپەیمانی نەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی پێک بێنن بە هەیچ شێوەیەک بۆیان نییە هەڕەشە لە پەرلەمان و دەسەڵاتی ئەو لایەنە بکەن کە بە زۆرینە پەرلەمانی و دەنگی گەل بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئەمە ئەو مەبادئانەن کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بۆ خزمەتی خەلکی کوردستانیان پاراستووە و لە ژێر هیچ بارودوخێک دا پێشێلکاریان قبول نیە .
ئەوانەن کە دەیانەوێت پەرلەمانی کوردستان وەکو دەستکەوتێکی مەزنی سەروەریەکانی گەلی کوردستان پارێزراو بێت و لەسەر ڕێرەوی دەستوریانەی لە خزمەتی کورد و کوردستاندا بێت ، ئەم پەرلەمانە موڵکی هەمووانە هەموو لایەنەکان لە ئەرک و مافدا بەرامبەر پەرلەمان یەکسانن و دەرگای بۆ هەموو لایەنەکان وەک یەک کراوەیە، کەسیش نیە نەزانێ کە کێشە هەرە گەورە و ئاڵۆزەکانی گەل و نیشتمان لە پەرلەمان یەکلایی دەکرێنەوە، کەواتە ئەو کێشانەی ئێستای نێوان لایەنەکان هەندە ئاڵۆز نین و کاری چەند کاتژمێرێکن لەپەرلەمان رێرەوەکەی وەرگرێ چارەسەری بکەن. هەق نیە لایەنەکان لە پشت مایکەکان رۆژێ دەجار کورسیەکانیان بژمێرن ئەوە پەرلەمان چاوەروانیان دەکات و بەخێرهاتنیان دەکات فەرموون لە ناو هۆڵی پەرلەمان با دەستی خۆیان بەرزکەنەوە و بە دوو دەقیقە دەنگە راستەقینەکانین دەژمێردرێن هەموو گەلی کوردستان و ناوچەکەش شاهیدی بۆ دەنگە راستەقینەکان دەدەن، ئەم دەرفەتە بۆ برایان لە یەکێتی و نەوەی نوێ دوو شەشە ئەگەر راست بکەن ئەو هەموو کورسی و پشتگیریە جەماوەرییان هەبێت، با بە زووترین کات بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە و حکوومەتێک بە ئارەزوی خۆیان و لە بەرژەوەندی بەرنامەکەیان پێک بهێنن و کۆتایی بەو دۆخە چەقبەستووەی بێنن کە خەڵکی کوردستانی بێزار و هیلاک کردووە، ئەگەر هاوپەیمانی نەوەی نوێ و یەکێتی بتوانن ڕاستگویی خۆیان لە پەرلەمان بسەلمێنن و ئەو ڕێژەی کورسیانەیان هەبێت کە لە ڕاگەیاندن باسی دەکەن ئەوا دەتوانن کارێکی گەورەبکەن لە پێکهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی وە گوناهێکی گەورەیە ئەگەر بە زوترین کات ناوی خوای لێ نەهێنن و دەست بەکار نەبن، وە بۆ پارتیش بە هەمان شێوە ئەگەر دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمان پێک بهێنێت با هیچی تر کات لەگەل هاوپەیمانیە زورەملێکە بە فیرۆ نەدات .
زۆربەی خەڵکی کوردستان پێیان وایە یەکێتی موبالغە دەکات لە کورسیەکان و ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی پێک بهێنێت، بەڵام خەڵکی کوردستان لەو باوەڕەدان کە پارتی دەتوانێت زۆرینە پەرلەمانی پێکبهێنێت و پەرلەمانیش کارا بکاتەوە ، جا ئەوە ئەرز و ئەوە گەز ، هەزار جار پیرۆزبێت لەو لایەنەی بەم ئەرکە پیرۆزە هەلدەستێ.