ڕێبین ڕەحیم
لە مێژووی گەلاندا هەندێک وەرچەرخان هەن کە لە سنووری ڕووداوێکی ماتریالیستی یان سەربازیی سادە دەردەچن و دەبنە دیاردەیەکی مێژوویی-فەلسەفی کۆچی مێژوویی بارزانیی نەمر لە هاوینی ١٩٤٧دا بەرەو یەکێتی سۆڤیەتی جاران نموونەیەکی باڵای ئەو ڕووداوانەیە کە فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیتشە بە (ئیرادەی هێز ) ناوی دەبات واتە ڕەتکردنەوەی تەسلیمبوون و سەپاندنی بوونی خۆت بەسەر واقیعدا.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد گەلی کورد ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە و قوڵ و ڕوخێنەر بوویەوە لەو ساتەوەختە سەخت و تاریکەدا بارزانیی نەمر لەبەردەم پۆلێنکارییەکی فەلسەفیدا بوو کە ژان پۆڵ سارتەر لە کتێبی (پێشەنگی بوونگەرایی) پێی دەڵێت (بژاردەی ئازادانە لە دۆخی دژواردا) سارتەر پێی وایە مرۆڤ مەحکوومە بە ئازادی و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی لە ڕێگەی بڕیارەکانیەوە لە ساتە قەیراناوییەکاندا دیاری دەکات، بارزانیی نەمر لەبەردەم دوو بژاردەدا بوو تەسلیمبوون کە بە واتای مردنی سیاسی و فیکری نەتەوەیەک دەهات، کۆچ و بەردەوامی کە هەڵبژاردنی ڕێگایەکی نادیار بەڵام سەربەرزانە بوو، هەڵبژاردنی ڕێگای دووەم، سەلمێنەری ئەو تیۆرییە بوو کە دەڵێت(مرۆڤ تەنها ئەو کاتە بوونی هەیە کە بڕیاری ئازادانە دەدات).
فەیلەسوف و بیرمەندی ناودار ئێدوارد سەعید، لە شیکردنەوەی چەمکی ( ئاوارەیی و تاراوگە )دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئاوارەیی تەنها دابڕان نییە لە نیشتمان بەڵکوو دەکرێت ببێتە ئامرازێکی بەهێزی ڕەخنەیی و بزوێنەرێکی مێژوویی گەورە ، کۆچی بارزانیی نەمر و ٥٠٠ پێشمەرگە و پەڕینەوەیان لە ڕووباری ئاراس لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسییەوە تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەستکردانە بوو کە ئیمپریالیزم و دەوڵەتە داگیرکەرەکان کێشابوویان لەبەرامبەر ئیرادەی نەتەوەییدا چەمکی ( سنوور )بەها یاسایی و سەربازییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە هێمایەکی بێهێز لە بەردەم لێشاوی بیروباوەڕدا.
ئەگەر بەپێی تیۆری گەشەی مێژوویی (دیالێکتیک) سەیری ڕووداوەکە بکەین، وەک چۆن کارڵ مارکس و هیگڵ باسی دەکەن مێژوو هێڵێکی ڕاست نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی ململانێ و قۆناغی دژوارەوە گەشە دەکات لەڕووی فەلسەفیەوە دەتوانینی بڵێین تێزدامەزراندن و ڕووخانی کۆمارە، دژەتێز کۆچی ناچاری و دوورکەوتنەوە بۆ سۆڤیەت و قۆناغی کۆکردنەوەی وزە بوو ، سەنتێز گەڕانەوەی سەرکەوتووانەبوو لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ عێراق.
ئەم گەڕانەوەیە دوای دوازدە ساڵ سەلمێنەری ئەو یاسا زانستییەیە کە پاشەکشەی کاتی لە پێناو سەرکوتکردنی دوژمندا نییە، بەڵکوو بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژیەتێکی نوێ و کۆکردنەوەی هێزە ، مێژوو دەریخست کە هێزە ڕاستەقینەکە لە چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازیدا نەبوو بەڵکوو لەو هۆشیارییە نەتەوەییەدا بوو کە پێشمەرگەکان وەک بیروباوەڕ ڕێباز وەریانگرتبوو سەرەڕایی دوازدە ساڵ دابڕان بەڵام ئەو ناسنامەیەیان لەگەڵ خۆیان پاراست.
ئێستا کە ٧٩ ساڵ بەسەر ئەو کۆچە مێژووییەدا (١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧) تێدەپەڕێت بیرمەندی جیهانی یورگن هابەرماس دەتوانێت لە ڕێگەی تیۆری (کرداری پەیوەندیگەرایی) ەوە مەیدانی گشتییەوە یارمەتیمان بدات تێبگەین بۆچی ئەم ڕووداوە هەمیشە زیندووە چونکە ئەم کۆچە تەنها دەقێکی ناو پەرتووکەکان نییەو بەس ، بەڵکوو سەرچاوەیەکی بەردەوامی داڕشتنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی گەلی کوردەو گواستنەوەیەتی لە قۆناغی مەرگەوە بۆ قۆناغی بوون.
گەلانی جیهان بەهۆی سامان یان قەبارەی جوگرافیانەوە لەسەر نەخشەی مێژوو نامێننەوە بەڵکوو بەهۆی ئەو بنەما ڕەوشتی و ئیرادە پۆڵایینیەوە دەمێننەوە کە لە ساتەوەختە تاریکەکاندا نیشانی دەدەن ڕۆژی ١٨ی حوزەیران لە مێژووی کورددا سەلمێنەری ئەو ڕاستییە زانستییەیە کە کاتێک دۆزێک ڕەوا بێت فیزیک و هێزی جوگرافیاش دەبێت لە بەردەم مێتافیزیکی ئیرادەدا چۆک دابدات.

