عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
شانۆ هونەرێکی زیندوو و ڕووبەڕووە، بۆیە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە؛ لێرەوە کاتێک باسی شانۆی ئەزموونگەری لەبەرانبەر شانۆی تەقلیدیدا دەکەین، لەڕاستیدا باسی شۆڕشێکی جیاواز دەکەین، دژ بەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر جیهانی درامادا باڵادەست بووە.
كەواتە پێش هەموو شتێ شانۆ پێویستی بە بنەمایەكی پتەوی فیکری و مەعریفی هەیە! ئەو بنەما فیكری و مەعریفییە لە (شانۆی ئەزموونگەری كوردی)دا سەرەتاكانی دەركەوتبوو.. بەڵام بۆچوونە ڕەخنەییەكەی (شانۆ دژی شانۆ- شانۆی کوردی بە نموونە) کە لە لایەن دەرهێنەر و ڕەخنەگر (حەمەسوار عەزیز) لە کۆڕی ٢١ی مەی ٢٠٢٦ بارەگای لقی یەکێتیی نووسەرانی کورد- هەولێر پێشکەش کرا؛ ئەوەندەی هاوارێک بوو: بۆ شانۆی (نەتەوەیی-نەریتگەری) و (بینەر وەك سەپۆرتەر)، قسەكردن نەبوو لە بنەما هونەرییەكانی شانۆی ئەزموونگەری كوردی.. پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر شانۆی (نەریتگەریی) کوردی بنەمایەکی فیکری و مەعریفی پتەوی نەبێ، چۆن قسە لە (ئەنتی شانۆ) بکەین؟!.
بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت ئەو شانۆ باوەی ئێستا هەیە تێکبشکێنین.
(ئەنتۆنین ئارتۆ)
(1)
لە شانۆی تەقلیدیدا، ئەکتەرەکان وا ڕەفتار دەکەن کە بینەر بوونی نییە (دیوارێکی خەیاڵی هەیە لە نێوانیاندا)؛ شانۆی کلاسیکی، نەتەوەیی یان بازرگانی ئاوێنەیەکە تەنها ئەوەت پێشان دەدات کە دەتەوێت بیبینیت؛ بەڵام لە شانۆی ئەزموونگەریدا ئەم دیوارە دەڕوخێنرێت؛ ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر دەکەن، دێنە نێو هۆڵەکە، و زۆرجار بینەریش دەکەنە بەشێک لە نمایشەکە.. بە مانایەكی دیكە لە شانۆی تەقلیدیدا هەستی پاڵەوانەکان لەڕێگای چیرۆک و سۆزەوە دەردەبڕێت! بەڵام (شانۆی ئەزموونگەری لە دەرەوەی ڕێسا کلاسییەکانی نووسین و نمایشكردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی پەیوەندیكردن لەگەڵ بینەردا).. واتە بە ڕوخاندنی (دیواری چوارەم)ی شانۆی تەقڵیدی و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی سۆزداری و هێلیی چیرۆکەکان، دەیەوێت لەڕێگای شۆککردن و تەکنیکی نوێوە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ڕووتی نیشانی بینەر بدات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە و پرسیار و گومانی لا دروست بێت، نەک تەنها غەرقی گریان یان پێکەنین ببێت! بەو مانایە تێڕوانینە جیاوازەکانی (سامۆیل بێکێت، یۆنێسکۆ، برێشت، ئارتۆ.. ) لەسەر جەستەی شانۆیەکی خاوەن دەسەڵات و مەعریفەی چەسپاو لەدایک دەبێت.
(2)
مرۆڤایەتی پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، كە لە ناویدا دەژی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوە داهێنان نییە، داهێنان کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند دەڵێت: من واقیع دەبینم، بەڵام ڕازی نیم بەم شێوازەی کە هەیە؛ داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ داهێنەر واقیعێكی نوێ و شێوازێكی نوێ بەرهەم دەهێنێ؛ ئەگەر (بێکێت) بە جیاوازییەكانییەوە شانۆی گەیاندبێتە لووتکەی بێدەنگی و چاوەڕوانیی پووچگەریی، بەتەواوی نیگای نێرینە و چێژی بینینی كوشتبێ.. (ئارتۆ) شانۆی بردبێتییە سەر لووتکەی هاوار و شۆککردنی دەمارەکان، یان بە مانایەكی دیكە هەوڵیدابێ بینەر لە کورسییەکەی دابماڵێت و ڕاستەوخۆ توشی شۆکی بکات.. ئەوا دەرهێنەر و شانۆکارانی ئەزموونگەری و (ئەزموونگەری کوردی) لە دوای کارەساتە گەورەکانی وەک (کیمیاباران، ئەنفال و براكوژی)، شۆڕشێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی جیاوازی فیکرییان لە فۆرمی درامای کوردیدا بونیاد ناوە؛ ئەوان درکیان بەوە کرد کە زمانی باو و گێڕانەوەی ڕیالیزمی تەقڵیدی، پەکەکەوتەیە لەبەردەم قەبارەی ئەو شۆکە دەروونییەی بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە؛ بۆیە لەڕێگای شانۆی جەستە و شانۆی فەزا.. دەیانویست کاتێک بینەر لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، وێنەی برینەکان وەک تاتۆ لەسەر جەستەی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی فیکری و مەعریفی نوێخوازانە، شانۆی کوردی بەرز کردەوە.
شانۆی ئەزموونگەری کوردی، تەنها گۆڕینی نمایشکردنێكی جیاواز نەبوو، بەڵکە هەوڵێکی فیکری بوو، بۆ دەربازبوون لە (شانۆی نەتەوەیی-نەریتگەرا)؛ بەو مانایە شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی بینین و گێڕانەوەی باو.. بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی (حەمەسوار عەزیز) ئەوەبێ: ئایا شانۆی كوردی بە گشتی چی لێماوەتەوە؟! چونكە بە بڕوای ئەو کاتێک بەرەی ئەزموونگەری فۆرمە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانی ئەورووپایان (کە لەسەر بنەمای پووچگەرایی، دابڕانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شۆککردنی بینەر دروست ببوون) بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی گواستەوە، هێشتا کوردی لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی و خێڵەکی و شانۆی ناتەواودا بوو؛ واتە ئەوان هاتن دابڕانێکی جیاوازی مەعریفییان لەگەڵ ڕەوتی (بیركردنەوە و شانۆی ناتەواوی كوردی) دروست كرد و لەوێوە بینەری کوردییان دووچاری سەرلێشێوان كرد! ئیتر بینەری كوردی كە بە چیڕۆكی ڕیالیزمی تەقڵیدی پەروەردەكرابوو، نەیدەتوانی لەو کۆد و هێما جەستەییە ئاڵۆزانە بگات، لە ئەنجامدا شانۆ- هۆڵەکانی چۆڵکرا و دیوارێک لە نێوان شانۆ و خەڵکدا دروستبوو.
(3)
بە بڕوای من (وەك بینەرێكی شانۆ) هەموو ئەو خوێندنەوە ڕەخنانەی كە لە دنیای (شانۆ بەگشتی) قسە لە ململانێی نێوان فۆرمە نەتەوەیی/ واقیعییەکان و ئەزموونگەراكان و شانۆی وێنەیی و شانۆی پاش دراما.. دەكەن؛ پەرچەكردارن، بڕوایان بە داهێنان و جیاوازی نییە.
بە كورتی (شانۆی نەتەوەیی) لەسەر هاوسۆزیی ڕاستەوخۆی گشتی و بەرگری نەتەوەیی كار دەكات؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەنگ بداتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا هۆشیارکەرەوە بێت، نابێت تەنها ببێتە نمایشێکی نەتەوەیی، بەڵكە دەبێت پرۆسەیەکی نەتەوەیی بەردەوام بێ: بۆ خۆدۆزینەوە! واتە كۆی ئەو نیگایانە تێبشکێنێت کە هەموو جارێک نەتەوە وەک ئۆبژەیەکی جوان دەخاتە بەرچاوی بینەر تاوەکو هەست بە خۆبەزلزانی یان خۆپارێزی بکات.. (شانۆی واقیعی) وەک کاردانەوەیەک دژی ڕۆمانسیزم و کلاسیسیزمی باو، ئامانجی ئەوە بوو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەكان.. بخاتەڕوو؛ هەمیشە بۆ ڕاستی ئەمەکداربووە.. (شانۆی ئەزموونگەری) خۆی لە یاخیبوون و شکاندنی قاڵبە باوەکان دەبینێتەوە و دژ بە تەواوی ڕێسا و یاسا چەسپاوەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیستییە..
دەمەوێ بڵێم ئەگەر قسە لە تێز و ئەنتی تێز بكەین، لە شانۆی كوردیدا هەموو ئەو كێشە و بەدحاڵیبوونانە و قسە و باسی ململانێ و دژەكان و زێتریش.. وەک تێز و ئەنتی تێز دەرناكەوێت، وەك هونەری داهێنان و قبووڵكردنی جیاوازی نییە.. هەڵبەتە شانۆی نەتەوەیی- نەریتگەریی كوردی لە داهێنان و جیاوازی لەدایك نەبووە، لەسەر بنەمایەكی قووڵی ڕەخنەی زانستیی و عەقڵانییەتێکی نووسراو بونیاد نەنراوە.. ئایا بەبێ بنەمایەکی مەعریفی، دەتوانرێت چەمكی «دژ» بونیاد بنرێت، كە نازانێت دژی چی دەوەستێتەوە؟! كەواتە نەخۆشییەكە پەیوەندی بە چەمكی ئەنتی شانۆوە نییە، ئەنتی شانۆ لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی و دیالێکتیکی جیاوازە، بەرانبەر سیستمێکی چەسپاو و پتەو.
(4)
هەموو «دژایەتییەک» پێویستی بە «ناسینی بەرانبەر» هەیە؛ بێکێت بۆ تێکشکاندنی کات و زمانی تەقلیدی پێویستی بە مەعریفەیەكی جیاوازی هونەری و هەرسكردنی شانۆیی پێش خۆی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دنیابینی سەردەم هەبوو! دژە-شانۆ تەنها هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو دامەزراندنەوەیە؛ ئەگەر شانۆیەك لەسەر بنەمای فیکری دانەمەزرابێت، ناتوانێت «دژە-شانۆ» بەرهەم بهێنێت.
(5)
لە سەردەمی ئێستادا، پاشەكشەی هونەر و هونەری شانۆیی زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوان دوو هێزی دژبەیەکدا دەژی: هێزی داهێنان و هێزی بازاڕی (بینەر وەك سەپۆرتەر)، نەك ئەنتی شانۆ!! داهێنان لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بینین و هەستکردن و جیاوازی و ژیاندۆستی، داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ بەڵام زۆرجار بازاڕ- بینەر وەك سەپۆرتەر- هەوڵدەدات ئەو تەماشاكردنە ئیبداعییە بۆ کاڵا بگۆڕێت، بۆ شتێک کە بتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و قابیلی قبووڵی چێژی هەمووان بێت و بڵاوبکرێتەوە و بەخێرایی بخوێندرێتەوە؛ واتە (جەماوەر-بینەر) حەز بەو دەق و شێوازە نمایشکارییانە دەکات کە پێشتر دەیانناسێت.
ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ناخی مرۆڤ لە (ئارامیی) و (بێزاری) دابماڵیین؟ زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ئارامییدا بن، پەنا دەبەنە بەر “هەراوهوریای دەرەکی” واتە ناتوانن لەبەرانبەردا بێزاری ناوەخۆیان بکەنە پرسیار، بەو مانایەی كە خودی پرسیاركردن “بێزاری” بۆ “مەعریفە” دەگۆڕێت!
بەمجۆرە کاتێک دەق، شانۆ، فیلم، یان تابلۆیەک خەریکی تێکدانی ئارامیی هونەری بینین و بیستن و ڕامان.. دەبێ، ئەوا (حەزی بازاڕ)ی دەكەوێتە سەر و هەوڵی كۆپیكردن و بە بازاڕكردن و دووبارە سەپۆرتكردنی دەدات، چونكە بازاڕ زیاتر حەزی لە (شپڕزەییە) تا بتوانێت بە شێوەی جیاواز و بە خێرایی پارە بەدەست بهێنێ، بڕوای بە تێز و ئەنتی تێز نییە، نایەوێت پرسیار دروست بکات! لێرەوە (نرخی كڕین) شوێنی (پرسیاركردن) دەگرێتەوە؛ بەڵام ئایا ئاستی داهێنانی هونەریی و فیکری و ئەدەبی لە مامەڵكردنی بازاڕدا كورت دەكرێتەوە؟!
كەواتە کێشەکە ئەنتی شانۆ نییە، بەڵكە ئەوەیە كە هونەر نابێتە پردی نێوان ئارامیی و بێزاری، هەر زوو بە بازاڕ دەكرێ، واتە مامەڵەكردنی بازاڕی هونەرە جیدییەکانیش هەڵدەلوشێنێت و دەیانکات بە مۆدێلێکی دووبارەکراوە، ئەوەی سەرەتا وەک شۆک، نوێکاری یان شکاندنی باو و دابڕانێکی مەعریفی تەماشا دەكرا، دواتر لە بازاڕدا دەبێتە ستایلێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و كۆپیكردن و و زڕەوێنە.. زۆرێک لە شۆڕشە ئەدەبی و هونەرییەکان، لە سوریالیزمەوە تا پۆستمۆدێرنە، دوای ماوەیەک لەلایەن بازاڕەوە هەرسکراون و بوونەتە بەشێک لە سیستەمی فرۆشتن! واتە بازاڕ توانایەکی گەورەی هەیە، لەوەی نەك ئەرێنییەكان تەنانەت نەرێنییەکانیش بخاتە ناو ئابووریی خۆیەوە.
(6)
ئایا دەتوانین دژ بە ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن، بیر بكەینەوە و بەردەوامیش بین؟! یان دەبێ ملكەچی بینەر و جەماوەر بین و ئاستی زمان و شێوازی داهێنەرانە لەگەڵ داواکارییەكانی خوێنەر و بینەر و بازاڕی دامەزراوەکاندا بگونجێنین؟! هەڵبەتە ڕەزامەندیی بازاڕی هەمیشە دیالۆگی بەرهەمهێنەرانەی نێوان ئارامیی و بێزاری بە كۆپیكردنەوە دەسپێرێ، لەسەر ئەو بنەمایەی كە پرسیاركردن ئارامیی تێکدەدات.
كەواتە لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان ئارامیی و بێزاری پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕامانە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بەرهەمە بازرگانییەکان بەر لەوەی هونەری ڕاستەقینە بن و هۆشیاریی بینەر بریندار بكەن، وێنەی بێهۆشکەری كۆپیكراو بن و بە شێوەیەكی كاتی گرژییەکانی ناوەوە بەتاڵ بکەنەوە؛ بەو مانایەش مەترسییە گەورەكە ئەوەیە کە ئارامیی ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی دەستبەجێ، نەك بێزاری و گومانكردن و بیركردنەوە.
وەك دەزانین کاری داهێنەرانە ئەو كاتە دەردەكەوێت کە بتوانێت ڕەزامەندیی كۆ و ئاشنایی تێپەڕێنێت؛ کاری داهێنەرانە پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، پێویستی بەوە نییە لەپێناو زەرورەتی كۆمەڵگا و سەپۆرتكردن، واقیع بۆ وێنەیەک بگۆڕێت کە تەنیا بۆ سەیرکردن و کڕین شیاوە؛ بەڵكە دەبێ شتێک بخاتە جیهانەوە کە پێشتر بوونی نەبووە؛ نەك بە گوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکارهێنان کاربکات.
(7)
لە چەمکی ڕەزامەندیی بازاڕیدا زۆرجاران داهێنان پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی قووڵی هونەری، دەبێتە بابەتی ترێند و سەرنجڕاکێشان، لایک، بینین، هاوبەشیکردن و ئامار؛ هەموو ئەوانە بە هێواشی جێگای هەڵسەنگاندنی هونەری دەگرنەوە! ئەوەش وایکردووە هەندێک بەرهەم زیاتر لەوەی بۆ پرسیار و گومان و بیركردنەوە دروست بکرێن، بۆ خێراییی سەرنج دروست کرێن؛ بەڵام داهێنانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن سەرهەڵدەدات، چونکە داهێنان پێویستی بە بیركردنەوە و کات و ئارامیی و ئەزموونكارییە؛ لەکاتێکدا بازاڕ پێویستی بە خێرایی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
دواجار پەیوەندیی شانۆ و دژە شانۆ، وەك پەیوەندی داهێنانی هونەریی و بازاڕی سوودگەرایی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژبەیەکە؛ وەك چۆن بازاڕ دەتوانێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی هونەر بێت، بەهەمان شێوە ئەنتی شانۆش دەتوانێت مامەڵەكردنی هونەریی و كۆپیكردنەوە بتەقێنێتەوە! دەشێ هونەری ڕاستەقینە لە ناو گەرمەی بازاڕیش دەستپێبکات و بینەر وەک هاوبەشی داهێنان، (هاوسەنگی نێوان ئارامیی و بێزاری) بپارێزێت.

