یاسین قادر بەرزنجی
ناوەڕاستی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو و ساڵانی دواتر، چایخانەی مام عەلی کە دەکەوتە بەرامبەر دەرگای سینەما سیروان، شوێنی دانیشتن و دەمەتەقێ و کاتبەسەربردنمان بوو، لەگەڵ چای دەستی مام عەلی (باوکی چیرۆکنووسی ڕەوانشاد ئەکرەم عەلی)ـدا، گوێقوڵاخی قسە بەنرخ و گەوهەرینەکانی مامۆستامان دڵشاد مەریوانی دەبووین، کاک دڵشاد شاعیر و چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و توێژەر و وەرگێڕی هەرە دیار و خاوەن بەخشش بوو، ئێمەی تازە نووسەر، رەشنووسی بەرهەمی ئەو سەرەتایەمان پیشانی مامۆستاکەمان دەدا، بەتایبەت هەمزەی عەلی دەدە و ئەکرەم و من، ئەویش زۆر بە وردی و دڵسۆزییەوە سەرنجی پێ دەداین و زمانەکەشی بۆ ڕاست دەکردینەوە، لەو سەردەمەوە ئێمە قوتابی و هاوڕێی کاک دڵشادی زمانشیرین و ڕووخۆش و دەمبەزەردەخەنە بووین.
(حاجی محەمەدئەمین)ـی باوکی لە سییەکانەوە لە مەریوانەوە هاتبووە پێنجوێن و لەوێشەوە بۆ سلێمانی، ئەو پیاوێکی دانا و هۆشیار بووە، بە کەسابەت ماڵ و منداڵی بە باشترین شێوە بەخێو کردووە و ژمارەیەک کوڕ و کچی ژیر و خوێندەواری پێشکەش بە کۆمەڵی کوردەواری کردووە؛ کاک دڵشاد برا گەورە و رێنیشاندەریان بووە، دوای تەواوکردنی ئامادەیی، ساڵی ١٩٦٨ چووەتە بەشی کوردیی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا و سەرکەوتووانە خوێندنی تەواو کردووە، دواتر بۆ ماوەیەک وانەبێژی بەشی کوردیی زانکۆی سلێمانی بووە و هاوکات مامۆستا بووە لە خوێندنگاکانی شارەکەیدا.
لە هەڕەتی لاوییەوە ڕوو لە خەباتی کوردایەتی بووە و کۆتایی پەنجاکان چالاکانە لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیاندا کاری کردووە؛ لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی کورددا تەواو تێکەڵی سیاسەت بووە و لەو پێناوەشدا ئازاری دەربەدەری و زیندان و ئەشکەنجەی چەشتووە، لە شۆڕشەکانی ٦١ و ٧٦دا خەباتی پارتیزانیی ناو شاری سەربەرزانە ئەنجام داوە، ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ خاتوو (شیرین ک.)ـدا هاوسەرگیری کردووە، ئەویش یەکێکە لە قەڵەمە دیارەکانی بواری ئەدەب و ڕۆژنامەگەری.
لە ٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨دا بە تۆمەتی فێرکردنی خوێندکارەکانی بە ئەلف و بێی لاتینی، کە بەلایانەوە دژ بە بەهاکانی ئیسلام و عەرەب بووە، لە لایەن ئەمنە بەدناوەکەی سلێمانییەوە دەستگیر کراوە و دوای ئازار و ئەشکەنجەدانی، ڕۆژی ١٣ی مارتی ١٩٨٩ بەدەستی فاشیستەکان شەهید کراوە و تا ئێستایش شوێنی گۆڕەکەی نەزانراوەتەوە.
مەریوانی خاوەنی چەندین چاپکراو بووە، لەوانە کۆمەڵەشیعرەکانی: فرمێسک و زەردەخەنە ١٩٦٨، ببن بە تیشک، سەمفۆنیای وەنەوشە، لەگەڵ کۆمەڵەچیرۆکەکانی: دڵدارانی شۆڕش، بە پەنجەکانم دەتبینم، لەگەڵ پەخشانەکانی بە ناوی: یەکەم هەنگاو.
دوای ڕاپەڕینیش رۆمانێکی چاپ کراوە بە ناوی یادداشتی هاوڕێکەم، لەگەڵ کۆمەڵەشیعری پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن، ئەمانە وێڕای (کۆبەرهەم)ـەکەی کە لەلایەن دەزگای ئاراسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم ئەدیبە گەورەیەمان، لە زووەوە خولیای هونەری شانۆی هەبووە و ساڵی ١٩٧٣ شانۆنامەی (چاوی ڤێتنام)ـی ئامادە کردووە و پاشان لەسەر شانۆ و شاشەی تەلەڤیزیۆنەوە لەلایەن کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردییەوە نمایش کراوە و، بەندەش یەکێک بووە لە ئەکتەرەکانی لە رۆڵی کچە شۆڕشگێڕێکی ڤێتنامیدا. هەر لەو ساڵەدا سەرکەوتووانە کاراکتەری (قوتبەدین)ـی لە درامای (لانەوازان)دا بەرجەستە کردووە و ساڵی ١٩٧٤یش بەشداریی شانۆگەری (پردی وڵات)ـی تیپی پێشڕەوی کردووە کە لە یەکەمین میهرەجانی هونەری کوردیدا لە بەغدا نمایش کراوە.
هەزاران جار یادت بەخێر قەڵەمە گەورەو شەهیدەکە، ئەدیب و هونەرمەندە هەڵکەوتووەکە، مامۆستا بوێرو ڕچە شکێنەکە، دڵشاد مەریوانی برا گەورەو مامۆستامان، یادت بەخێر.

