فەزیلە شۆرش
شکۆی مرۆڤ بەهاترین و بەهێزترین پایەی مانەوەیەتی بە سەروەری و سەربەرزی. ئەوەی گرنگە لە هەر کاتێکدا، چ لە دۆخی شەڕدا بێت یان لە ئاشتیدا، پێویستە شکۆی مرۆڤ پارێزراو بێت. نەتەوە زوڵم و غەدرلێکراوەکان بە شێوەی جیا جیا قوربانی دەدەن بۆ پاراستنی شکۆمەندییان؛ قوربانیدان فاکتەرێکی گرنگی خۆڕاگرییە بۆ پاراستنی شکۆ. کورد وەک میللەتێکی زوڵم لێکراو، شۆڕش و خەباتی بۆ ئازادی و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی بووە و بە ورەیەکی پۆڵایینەوە شەڕی مانەوە و پاراستنی ناسنامەی کوردی دەکات.
بێگومان کاتێک کەسایەتییەکی وەک سەرۆک بارزانی، کە پێشمەرگە و داکۆکیکەری سەرسەختی نەتەوە و نیشتمانە، پێشڕەو و مەرجەعمان بێت، ئەوا شکۆی نەتەوە و کوردستانیان پارێزراو دەبێت و تاکی بوێر و خۆڕاگری لێ دروست دەبێت. تاکی کورد لە فێرگەی ڕێبازی بارزانییەوە فێربووە کە هەر مرۆڤێک و گەلێک خاوەن شکۆیە و گرنگە بە شکۆوە سەیری هەموو کەس و نەتەوەیەک بکرێت.
هەر لەم سۆنگەیەوە، ئافرەتی کورد بەشێکی دانەبڕاو و پێکهاتەیەکی گرنگی گەل و نەتەوەیە. شکۆی ئافرەت لە شکۆی گەل و نەتەوەدایە، لە هەمان کاتدا ئافرەت خۆی پارێزەری ئەم شکۆیەیە. مێژوو و تەواوی گەل گەواهی بوێرییەکانی ئافرەتی کورد دەدەن لە پاراستنی شکۆی نەتەوەیی لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا. زۆرن ئەو شێرەژنانەی کە نموونەی بوێری و چاونەترسین و بە سەربەرزی لە مێژووی کورد و جیهاندا تۆمار کراون. بڕوای تەواومان هەیە کە ئیرادەی ئافرەتی کورد لە پەتی سێدارە و جەلادەکانی بەعس بەهێزترە؛ دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیش، نموونەی وەک بووکی نەمری کوردستان “لەیلا قاسم” و شۆڕشگێڕ و قوربانیی ئەنفال “خاتوو فەزیلە”، جوانترین نموونەی بوێری و پاراستنی شکۆن.
کورد بە گشتی و ئافرەتی کورد بەتایبەتی، ڕەهەندی ڕۆحی، ئەخلاقی و سەروەری بە فاکتەرە سەرەکییەکانی مرۆڤبوون دادەنێن بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ. بۆیە بە خاوەنشکۆیی و تێکۆشەرانە لە پێناو ئازادی و سەروەریی نەتەوە خەباتیان کردووە. ئافرەتان لە پاڵ پێشمەرگە قارەمانەکاندا توانیویانە بە بەردەوامی خەونی دوژمنان و ناحەزان لەبار بەرن و بیلمێنن کە پاراستنی شکۆی گەل تایبەت نییە بە ڕەگەز، بەڵکو لێهاتوویی، بوێری و کاریگەرییە ئەرێنییەکان پێوەرێکی سەرەکین بۆ بوونە قەڵغانی شکۆی گەل و خاک. بەم گیانفیداییە لە پێناو خاک و پاراستنی سەروەری و شکۆی نیشتمان، ئاسۆی نەوەکان ڕوونتر دەبێت و هەنگاوەکان بەرەو دەوڵەتبوون نزیکتر دەبنەوە.

