رۆژنامەی ھەولێر

هەندێك لە ئادابی قوربانی و چەند بیرهێنانەوەیەكی گرنگ

عومەر چنگیانی
چونكە گوڵخەرمانی ئەمڕۆمان دەكەوێتە پێش جەژنی قوربان بە ئەركی دەزانم باسی ئادابی قوربانی بكەم، هەر لە سەرتایشەوە بە دووەم ئایەتی سوورەتی”كەوسەر”ەوە دەست پێ دەكەم كە ڕووی گوتاری دەكاتە خودی محەمەد پێغەمبەر دروود و سلاوی خوای لەسەر و، پێی ده‌فه‌رمێت: (نوێژ بكه‌ بۆ په‌روه‌ردگارت و قوربانی بكه‌ بۆی) و لە سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی “حەج”یشدا دەفەرمێت: (سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵه‌كانی قوربانیمان كردووه‌ بۆ ئێوه‌ به‌ نیشانه‌ی به‌ گه‌وره‌گرتنی كاره‌ به‌هاداره‌كانی خوا، كه‌ ئه‌و قوربانیكردنه‌یش، سوود و قازانجی خۆتانی تێدایه‌). لێره‌وه‌ ده‌زانین، پێویسته‌ بڕوادار له‌وه‌ ئاگادار بێت، كه‌ قوربانیكردن سوونه‌تێكی زۆر گه‌وره‌ی پێغه‌مبه‌ره‌ دروود و سلاوی خوای لەسەر و، كه‌راهه‌تی هه‌یه‌ بۆ كه‌سێك بتوانێ بیكا و كه‌مته‌رخه‌می بكات، چونكه‌ وه‌ك ئیمامی بوخاری و موسلیم(ر) بۆمانی ده‌گێڕنه‌وه‌ له‌ ئه‌نه‌سی كوری مالیكه‌وه‌(ر)، كه‌ پێغه‌مبه‌ر – دروود و سلاوی خوای لەسەربێت – بۆ خۆی: (به‌ده‌ستی پیرۆزی خۆی، دووبه‌رانی شاخداری تێر گۆشتی تێكسمراوی سه‌ر بڕی و له ‌كاتی سه‌ربڕینه‌كه‌یدا (بسم الله و الله اكبر)ی كرد).
قوربانی به ‌چی ده‌كرێت؟
قوربانیكردن ده‌بێ به‌ یه‌ك له‌ چوار ئاژه‌ڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بێت، كه‌ بریتین له‌: (حوشتر)، (مانگا و گا و چێل)، (بزن) و (مه‌ڕ)؛ ئه‌ومه‌رجانه‌ی، كه‌ پێویسته‌ له‌و ئاژه‌ڵانه‌دا بێنه‌ جێ، بریتییه‌ له‌ ساغ و سڵامه‌تی، كه‌ چوار مه‌رجی سه‌ره‌كین و له ‌فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ردا هاتوون دروود و سلاوی خوای لەسەر، كه‌ ئیمامی تیرمیزی بۆمانی گێڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌ فه‌رموویه‌تی: ((چوار جۆر هه‌ن، كه‌ دروست نییه‌ بكرێن به ‌قوربانی، ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی یه‌كچاوه‌ و یه‌كچاوییه‌كه‌ی زۆر پێوە دیاره‌؛ ئه‌و نه‌خۆشه‌ی، كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێوه‌ دیاره‌؛ ئه‌و شەلەی كه‌ ده‌له‌نگێ و پێیه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌و لاوازه‌ی، كه‌ زۆركاری كردووه‌ته‌ سه‌ر گۆشته‌كه‌ی. ))
كاتی قوربانیكردن له‌ كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات؟
سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كاتی قوربانیكردن، وه‌ك ئیمامی بوخاری و موسلیم (ر) بۆمانی ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌ دوای نوێژی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر دروود و سلاوی خوای لەسەر ده‌فه‌رمێت: (یه‌كه‌م كارێك كه‌ له‌مڕۆماندا ده‌ستی پێ ده‌كه‌ین، نوێژی جه‌ژن ده‌كه‌ین و پاشان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، قوربانییه‌كانمان سه‌ر ده‌بڕین و گه‌ركه‌سێك ئه‌وها بكات، ئه‌وه‌ وه‌ك سوننه‌تی ئێمه‌ی كردووه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش به‌ر له ‌نوێژی جه‌ژن سه‌ری بڕیبێت، ئه‌وه‌ گۆشتێكه‌ پێشكه‌شی كردووه‌ به‌ ماڵی خۆی و په‌یوه‌ندی به‌ قوربانییه‌وه ‌نییه‌). ده‌بێ له‌وه‌یش ئاگادار بین، كه‌ سوننه‌ته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی قوربانییه‌كه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر بتوانێت بۆ خۆی سه‌ری ببڕێت و (بسم الله والله اكبر) بكات و به‌ ده‌م بڵێت: خوایه‌ ئه‌مه‌ له‌باتی خۆم، یان له‌باتی ئه‌و كه‌سه‌ی، كه‌ بۆی سه‌ر ده‌بڕێت، ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵكی ده‌كرد، چونكه‌ وه‌ك ئه‌بوداوود بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌، پێغه‌مبه‌ر دروود و سلاوی خوای لەسەر، له‌ كاتی سه‌ربڕینی قوربانیه‌كه‌یدا ده‌یفه‌رموو: (به ‌ناوی خواوه‌ و خوا له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تره‌؛ ئه‌ی خوای من، ئه‌مه‌ له‌باتی خۆم و له‌ بریتی هه‌ركه‌سێك له‌ شوێنكه‌وتووه‌كانم، كه‌ نه‌یانتوانی قوربانی بكه‌ن). ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی قوربانییه‌كه ‌ده‌كات بۆ خۆی نه‌یتوانی سه‌ری ببڕێت، با له ‌كاتی سه‌ربڕینه‌كه‌دا، ئاماده ‌بێت.
دابه‌شكردنی گۆشتی قوربانی
سوننه‌ت وه‌هایه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قوربانی ده‌كات، بۆ خۆی له ‌قوربانییه‌كه‌ی بخوات و به‌ دیاری بۆ خزم و دراوسێكانیشی بنێرێت و، لێیشی بكات به ‌خێر و بینێرێت بۆ هه‌ژاران، چونكه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: (ئێوه‌ له‌ قوربانییه‌كانتان بخۆن و به‌شی هه‌ژاران و بێده‌ره‌تانه‌كانیشی لێ بده‌ن. ) ٢٨ حەج
له‌ ئایه‌تێكی دیكه‌دا ده‌فه‌رمێت: (ئێوه‌ له‌ قوربانیه‌كانتان بخۆن و به‌شی ئه‌و هه‌ژارانه‌یشی لێ بده‌ن، كه‌ داوای ده‌كه‌ن و به‌شی ئه‌وانه‌یش، كه‌ خۆیانتان نیشان ده‌ده‌ن و روویان نییه‌ داوا بكه‌ن. ) ٣٦ حەج
هه‌ندێك له‌ یاران ده‌چوون قوربانییه‌كەیان ده‌كرده‌ سێ به‌شه‌وه‌ و به‌شێكیان بۆ خۆیان داده‌نا و به‌شێكیشیان ده‌دا به ‌دیاری بۆ زه‌نگینه‌كان و به‌شی سێیه‌میشیان ده‌دا به‌ هه‌ژاران، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك، نابێ له‌ بریتی ماندووبوون و هه‌قده‌س، به‌شی قه‌سابه‌كه‌ی لێ بدرێت. لێره‌دا به ‌پێویستی ده‌زانم به‌ندی هه‌شته‌می یاسای (ده‌سته‌به‌ربوونی ئازادیی ئایینی، بۆ خه‌ڵكانی دیكه‌) له‌نێو كۆمه‌ڵگای موسڵماناندا وه‌بیر بێنمه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت: ئایینی ئیسلام رێگه‌ی ئه‌وه‌ی پێ داوین، كه‌ سه‌ردانی ماڵی (ئه‌هلی كیتاب) بكه‌ین و بچینه‌ لای نه‌خۆشیان و دیاریان بۆ ببه‌ین و كڕین و فرۆشتن و هه‌ر جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوشێوه‌یشیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین و هه‌ر بڕوادارێك ئاگای له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ی پێغه‌مبه‌ر دروود و سلاوی خوای لەسەر، دواكۆچی كرد، زرێ (دیرع)ـه‌كه‌ی، به ‌بارمته‌ لای كابرایه‌‌كی جووله‌كه‌ بوو، كه‌ له‌بریتی قه‌رزێك دانرابوو، كه‌ هی كابرای جووله‌كه‌ بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له ‌یارانی پێغه‌مبه‌ر دروود و سلاوی خوای لەسەر، ئه‌گه‌ر مه‌ڕێكیان سه‌ر ببڕیایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌، به ‌منداڵه‌كانی ده‌گوت: بچن له‌پێشدا به‌شی فڵان دراوسێی جووله‌كه‌ی لێ بده‌ن و له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن) بڕوانه‌ (فقه السنه‌)دا، سید سابق، به‌رگی ٢، لاپه‌ڕه‌ ٦٠٣_٦٠٦
ئه‌وه‌ی قوربانی ده‌كات خۆی له‌ چی بپارێزێت؟
ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ مسوڵمانه‌ و به‌نیازی قوربانیكردنه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ری هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای مانگی زیلحیجه‌وه‌، تا قوربانییه‌كه‌ی ده‌كات، خۆی له‌وه‌ بپارێزێت، كه‌ موو، یان، نینۆك، له ‌خۆی بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان كه‌وتن و وه‌رین، یان شكان، گوناهی ناگات، چونكه‌ ئیمامی موسلیم و ئیمامی ئه‌حمه‌د (ر) له ‌ئوموسه‌له‌مه‌وه ‌(ر) بۆمانی ده‌گێڕنه‌وه‌، كه‌ پێغه‌مبه‌ر دروود و سلاوی خوای لەسەر، وای فه‌رمووه‌، به‌ڵام خانه‌واده‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ قوربانییه‌كه‌ ده‌كات، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی قوربانییان بۆ ده‌كرێت، بۆیان هه‌یه‌، نینۆك و موو، له‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌.
تێبینی: بۆ گوتاری هەینیەکەی ڕابردوو ئەم بیرهینانەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێرمان پێ گەیشت، وێڕای ئەوەی لە گوتارەكەدا باسم كرد بە پێویستیشی دەزانم لێرەدا بیخەمە بیری خوێنەرە بەڕیزەكانی گۆشەكەم:
(سڵاوی خوداتان لێ بێت مامۆستایانی خۆشەویست. مامۆستایانی بەڕێز، جەژنی قوربانی پیرۆز نزیکە و وەرزی دروێنەش دەست پێ دەکات، بۆیە داواتان لێ دەکەین لە پەراوێزی ناونیشانی وتاری ھەینی، ئەم دوو خاڵە گرنگە بخرێتە ڕوو. یەکەم: ڕێنوێنیی دووکاندارەکان بکەن، تەقەمەنی و ئاگرەکلێ (یاری ئاگرین)ـی منداڵان نەهێنن و نەیفرۆشن و، داوا لە باوک و دایکان بکرێ منداڵەکانیان ئامۆژگاری بکەن و ڕێگە نەدەن بیکڕن و بەکاری بهێنن، چونکە کارەسات دەنێتەوە، لە ماوەی ڕابردووشدا بینراوە. بۆ مەبەستی سەرەوەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان بە نووسراوی فەرمی داوا لە پارێزگای ھەولێر دەکات ئەم دیاردەیە قەدەغە بکرێت. دووەم: جەخت لە پاراستنی ژینگە بکرێتەوە، چونکە وەرزی دروێنە دەست پێ دەکات، کە هاووڵاتییان دەچنە گەشت و سەیران، نەکەن ئاگر بکەنەوە و بەجێی بهێڵن؛ دەبێ دوای خۆیان بیکوژێننەوە، چونکە ئەگەری هەیە کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێ، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا، چەندین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە و، زەرەر و زیانێکی زۆری بە جووتیاران و ڕەز و باخی هاووڵاتیان گەیاندووە. هاوکات، شتێک نەسووتێنن کە زیانی بۆ ژینگە هەبێت وەک تایە و نایلۆن و، هتد.)