ئاشنا ناظم
هەر نەتەوەیەک خاوەنی کولتوورێکی تایبەت بە خۆیەتی، کە بووەتە پێناسەیەک بۆ ناسینەوەی ئەو نەتەوەیە. دەتوانین بڵێین؛ وەک چۆن ئاڵا بۆ ناسینەوەی وڵات گرنگە، بە هەمان شێوەش کولتوور بۆ ناسینەوەی نەتەوەکان بایەخی هەیە. کولتوور کۆمەڵێک بیروباوەڕ، شوێنەوار و سیفەتی هاوبەش لەخۆ دەگرێت، وەک: (زمان، دابونەریت، هونەر، خواردن، ئایین و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی).
پێکهاتە سەرەکییەکانی کولتوور بریتین لە:
١. بەها و بیروباوەڕ.
٢. دابونەریت.
٣. زمان.
٤. کەلوپەل و شوێنەوارە مێژووییەکان.
٥. سنووری تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی.
کولتووری ئێمەی کورد تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کە ساڵانە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژوویی دەیپارێزین. بەتایبەت لە ٢١ی ئازاری هەموو ساڵێکدا، کچان و کوڕان، پیر و لاوان بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم کولتوورە مێژووییە، بە کردنەوەی ئاگری (جەژنی نەورۆز) یادی دەکەنەوە.
ساڵانە چەندین دیپلۆماتکار، کونسوڵ و هاووڵاتیی بیانی لە هەرێمی کوردستان بەشداری لەگەڵمان دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ئەم یادە مێژووییە؛ بەتایبەت بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی کە یەکێکە لە دیارترین ڕەگەزە کولتوورییەکانی نەتەوەکەمان. بۆیە زۆر پێویستە هەموومان ڕێز لە کولتووری نیشتمانمان بگرین، بیپارێزین و نەوەکانی داهاتووشمان فێر بکەین کە وڵاتەکەیان خۆش بوێت و ڕێز لە بەها پیرۆزەکانی کولتوورەکەیان بگرن.

