رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژنامەوانی، دیوارێک دژی هەواڵی ساختە

بەختیار شەریف زراری
لە سەردەمێکدا کە هەواڵ و زانیاری بەخێرایی بڵاو دەبنەوە، ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، گوشاری خێرایی بڵاوبوونەوەی زانیاری، پەرەسەندنی میدیای دیجیتاڵ و، زیادبوونی هەواڵی ساختە. ئەم بارودۆخە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر متمانەی گشتی بە ڕاگەیاندن دروست دەکات و ڕۆڵی ڕۆژنامەوانی زیاتر ئاڵۆز دەکات. به‌تایبه‌تی ئەم پیشەیە، تەنها بریتی نییە لەگواستنەوەی هەواڵ، بەڵکو ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و، مرۆیی هەڵدەگرێت، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی هاووڵاتیان و بوارە گرنگەکانی، وەک سیاسەت، ئابووری، پەروەردە و تەندروستی و شتەوە هەیە.
ڕۆژنامەوانی دەنگی کۆمەڵگایە، ئەرکی سەرەکیی ڕۆژنامەوان ئەوەیە ڕاستییەکان بەشێوەیەکی ورد و بێلایەن بگوازێتەوە، پێداویستی و گرفتەکانی هاووڵاتیان بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و، لەهەمان کاتدا بڕیار و ڕێنماییەکانی دامەزراوە فەرمییەکان بگەیەنێتە خەڵک.
ئەمڕۆ، لەگەڵ زیادبوونی هەواڵی هەڵە و پڕۆپاگەندا، گرنگیی ڕۆژنامەوانیی بەرپرسیار زیاتر دەرکەوتووە. بۆیە چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن ستاندارد و ئیتیکی پیشەیی پارێزراو بێت و ئازادیی ڕاگەیاندن بەهێز بکرێت.
لە گرنگترین ئەو ڕێکخراوانە، (UNESCO) ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پاراستنی ئازادیی ڕاگەیاندن و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری. یونسکۆ هەروەها پشتگیری لەسەلامەتیی ڕۆژنامەنووسان دەکات و گرنگیی تایبەت بە پەروەردەی میدیایی دەدات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بتوانێت بە شێوەیەکی دروست لە زانیارییەکان تێبگات.
هەروەها، (International Federation of Journalists) وەک گەورەترین فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا، کار بۆ پاراستنی مافە پیشەییەکان و دژایەتی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان دەکات. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوە ئەوەیە ڕۆژنامەنووسان بتوانن بە ئازادی و بێ ترس کار بکەن.
لە هەمان کاتدا، (Society of Professional Journalists)بەدانانی کۆدی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی ناسراوە. ئەم کۆدە جەخت لەسەر ڕاستگۆیی، بێلایەنی، سەربەخۆیی و بەرپرسیاری دەکاتەوە و بەردەوام هۆشیاری لە مەترسیی هەواڵی ساختە دەدات.
کاری ڕۆژنامەوانی تەنها لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا کۆتایی نایەت؛ ڕۆژنامەوان پێویستە بەدواداچوون و شیکاریی قووڵ بۆ هۆکارەکانی ڕووداوەکان بکات. پشتبەستن بەبنەمای پێنج پرسیاری سەرەکیی هەواڵ ــ «کێ؟ چی؟ کەی؟ لە کوێ؟ بۆچی؟» ــ یارمەتیی دەدات ڕاستییەکان بە وردی ئاشکرا بکرێن و چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەکان دیاری بکرێت.
لە هەمان کاتدا، پابەندی بە ئیتیکی پیشەیی بنەمای سەرکەوتنی ڕۆژنامەوانییە. پشتبەستن بە سەرچاوەی متمانەپێکراو، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساختە، پاراستنی متمانەی خوێنەر و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی کەسان، هەموویان بەشێکن لە بەرپرسیاریی ڕۆژنامەوان.
گرنگترین بنەماکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بریتین لە:
•بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاست و پشتڕاستکراو.
•بێلایەنی لە گواستنەوەی زانیاری.
•پاراستنی سەرچاوەکان.
•ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی تاکەکان.
•دوورکەوتنەوە لە درۆ و هەڵەسازکردن.
•هەستکردن بە بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی.
•پابەندی بە یاسا و ڕێنماییە پیشەییەکان.
لە کۆتاییدا، ڕۆژنامەوانی پیشەیەکی گرنگ و کاریگەرە لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئاگادار و دادپەروەر. ئەگەر ڕۆژنامەوان بە ڕاستگۆیی، بێلایەنی و پابەندی بە ئیتیکی پیشەیی کار بکات، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.