رۆژنامەی ھەولێر

قەیران و پیاوانی قەیران!

فازڵ میرانی
بەستنەوەی چارەسەر بە “پیاوان”، بە مانای ناهەقیکردن لە ژنان نییە؛ چونکە ئەوان خودان ڕۆڵێکی مێژوویی و هاوچەرخ و داهاتوون لە سەرخستنی کاروانی کۆمەڵگەدا.
بەتایبەت هەژموونی پیاوانە بەسەر ناوەندەکانی بڕیاردا، پاساوێکە بۆ بێبەریبوونی ژنان لەو وێرانکارییەی کەسانی دیکە لە کایەی سیاسەتدا خولقاندوویانە.
گەلێک هۆکار بوونە مایەی سەرهەڵدانی ئەو تەنگژانەی بەرۆکی کۆمەڵگەیان گرتووە؛ لێرەدا پێشکەوتن و پاشەکشە بەریەک دەکەون. بە ڕوونی دیارە ناوی «بڕیاربەدەستانی سیاسی» ڕووی لە کەمی کردووە و بڕیاردانیش بووەتە کارێکی ئەستەم؛ چ لە دۆزینەوەی بڕیاری ڕاست، چ لە قبووڵکردن و پابەندبوون پێیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیاری خێراتر دەبینین، کە زۆرجار لە لایەن گرووپگەلێکی بەرژەوەندیخواز و پەردەپۆشکراوەوە دەردەچن، نەک لە پێناو ئەو بەرژەوەندییە باڵایانەی سەرکردە دەگمەنەکان نوێنەرایەتییان دەکرد.
ئەمە پێداهەڵدان نییە بۆ هەر هەڵگرێکی نازناوی «سەرکردە»؛ چونکە ئەم ناوە لە لایەن زۆر کەسەوە زەوت کراوە. مەبەستیش لۆمەکردنی ئەو گرووپانە نییە بڕیارسازن، چونکە هاوبەشی لە بیرکردنەوە و کاردا سیفەتێکی بنەڕەتییە، بەڵام گرنگ ئامانج و لایەنی سوودمەندە. بۆ هیچ قەیرانێک چارەسەر نییە بێ دەستنیشانکردنی وردی دەردەکە و دانپێدانان بە بوونیدا؛ هەروەها سەرزەنشت بەشێک نییە لە چارەسەر. هەر قەیرانێک پێویستی بە بەرنامەی چاکسازی هەیە؛ تەنگژەکان بنمیچێکیان هەیە ئەگەر درێژە بکێشن و بە کۆڵەکەی ڕێکاری کردەیی پشتگیری نەکرێن، ئەوا ئەگەری داڕووخانیان هەیە.
عێراق گیرۆدەی زنجیرەیەک تەنگژەی لێکئاڵاو و گۆڕاو بووە. بەداخەوە، دان بەم قەیرانانەدا نانرێت مەگەر وەک پڕوپاگەندەی نەیارێک دژی نەیارێکی دیکە؛ بۆیە لە کاتی ململانێدا دەتەقنەوە و لە کاتی ڕێککەوتنی بەرژەوەندییەکاندا کپ دەبنەوە.
ئەمانە هەر بەردەوامن، چونکە تا ئێستا نەخراونەتە نێو هیچ بەرنامەیەکی کاریگەری چارەسەرەوە. ئەم دەستە سیاسییەی باسی قەیران دەوروژێنن و هەر خۆشیان دەیکوژێننەوە، جێگەی سیاسییە سەرکەوتووە دەگمەنەکانی پێشوویان گرتووەتەوە. ئەوانە بەرهەمی «دەوڵەتێکی قووڵن» و بڕوایان بە چەمکی دەوڵەت نییە، مەگەر بەو مانا لادەرەی خۆیان، کە دژی بنەما قبووڵکراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ڕەنگە ڕەخنەگرێک بڵێت سەرکردایەتییەکانی پێشووش جۆرێک بوون لە «دەوڵەتی قووڵ»؛ وەڵامەکە ‘بەڵێ’یە، بەڵام حوکمدان لێرەدا دەبێت لەسەر بنەمای خشتەی سەرکەوتن و شکستەکان بێت. لە کۆتاییی میراتی عوسمانییەوە تا هاتنی ئەمریکا (١٩١٤-٢٠٠٣)، حوکمڕانی لە بازنەیەکی داخراودا ماوەتەوە. هەرچەندە لەنێوان سەرکردەکاندا جیاوازی هەبووە، بەڵام کارەکان لە سەرکەوتنی تاکەکەسی تێنەپەڕین و بەهۆی گۆڕانی وەلائەکانەوە لەناودەبران.
پرسی ناسنامە لە عێراقدا، هۆکارێکی گەورەی قەیرانەکان بووە؛ هەندێک ناسنامە بۆ پاراستنی بوونی خۆیان و هەندێکی تریش بۆ هەیمەنە و پەراوێزخستنی بەرامبەر
ململانێ دەکەن. ئەم شێوازە، قاڵبێکی ژیانیی ئازاربەخشی خوڵقاندووە و بووەتە نەخۆشییەکی پڕ مەترسی.
ڕژێمی پاشایەتی هەوڵی دا عێراقییەکان لەژێر چەتری ناسنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیردا کۆبکاتەوە. بەڵام کودەتا سەربازییەکان «ڕای سیاسی» و ئینتیمای مەزهەبی و نەتەوەیییان خستە پێش ناسنامەی عێراقی. کارلێکی دەسەڵات لەگەڵ ئەم ئاڕاستەیە، زیانی بە گەشەی کۆمەڵایەتی گەیاند؛ وەک سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە پێکهاتەیەک بە پاساوی پاشکۆیەتی بۆ بێگانە. ئەم پڕۆسە تاوانکارییە، لای دەسەڵات وەک ڕێکارێکی دروست دەبینرا.
توێژەران دەبینن کێشەکانی ئێستای نێوان بەغدا و کورد (مووچە، نەوت، ماددەی ١٤٠، قەرەبووی قوربانیان) دەرهاویشتەی واقیعی دەسەڵاتە چەوتەکانی پێشوون.
جیاوازییەکە ئەوەیە سەرۆکەکانی پێشوو، هەرچەندە نەیاریشیان بووین، بەڵام سەرچاوەی بڕیار بوون و ڕووکەشی کەس نەبوون. دوای ٢٠٠٣ دەبوو بونیادی دەوڵەت نۆژەن بکرایەتەوە، نەک هەمووی وێران بکرێت و بکرێتە قوربانیی دەموچاوە شاراوەکانی دەوڵەتی قووڵ.
تەنیا ئێمە گیرۆدەی قەیرانەکان نین، بەڵام کێن ئەو پیاوانەی کۆتایی بەم دۆخە دەهێنن؟ قەیران بە سەرۆک وەزیرانێکی بێ بەرنامەی چاکسازی چارەسەر نابێت؛
بەرنامەیەک تەنیا گەلێکی دابڕاو و جەماوەرێکی دەسەڵاتخواز بەرهەم بهێنێت، شکستی هێناوە. پێویستە پێداچوونەوە بەو ئەدایەدا بکرێت، کە جیاکاری لە نێوان بەرژەوەندیی حزبی و کاروباری گشتیدا ناکات. هەر بیروباوەڕێک دادپەروەری بەدی نەهێنێت، لای خەڵک ڕەتدەکرێتەوە. ئەو تاقمەی سوکایەتییان بە عەقڵی چاکسازیخوازان کرد، ڕێگرن لە لەدایکبوونی پیاوانی دەوڵەت. هەر نموونەیەکی کۆمەڵگە وەربگرن و بیپێون بەوەی چی هەیە و لە چی بێبەشە، ئەو کات سوودمەندی ڕاستەقینە دەناسن.