رۆژنامەی ھەولێر

دیپلۆماسیەتی لوتكە لە وەختی تەنگەژەکاندا

‎هاودەنگ فارووق
ناوچەكە بە ئاڵۆزترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێت، دەتوانین بڵێین: هیچ قۆناغێک نەبووە بەم شێوەیە گەلانی ناوچەكە، دەستیان لەسەر دڵیان بووبێت، لە كێشەیەكەوە گلابن و، باجەكەیشی بكەوێتە ئەستۆی هەمووان.
ئەم قۆناغەی ئێستا، قورسەو لەهەموو چركەیەكدا لوولەی تۆپەكان و پەلەپیتكەی تفەنگەكان و هاژەی هاژەكەكان ئامادەن بۆ ئەوەی قسەی خۆیان بكەن و، داناترین دیپلۆماتكارەكانی دنیا بێدەنگ بكەن.. ناوچەكە دەكوڵێت، پڕیشكی ئاگرەكەی وەكوو گڕكان بەهەموو ناوچەكەدا بڵاو دەكاتەوەو، هەمووانیش دەگرێتەوە.
هەمیشە سیاسەتی ئەو وڵاتەی” بێلایەنیی پۆزەتیڤ” بووە. كەچی هەر پریشكی بەركەوت، وەكو ئیماڕات و عومان بەدرۆن هێرشكرایە سەر بەندەرەكانیان.
كوردستان بەحوكمی ئەوەی دەوڵەت نییەو، بەحوكمی جوگرافیاش، كەوتووەتە ناو قووڵایی كێشەكان و، ڕۆژانە لەگەڵ گرووپێكی لەیاسادەرچووی جیاواز مامەڵە دەكات و، هەر ڕۆژە و لەژێر ناوێكدا هێرش دەكرێتە سەری. تەنانەت لەكاتێكدا لە هەموو بەرەكانی جەنگ ئاگربەست ڕاگەیەنراوە، كەچی جەنگ لەدژی كوردستان بەردەوامە و، ڕۆژانە هێرش دەكرێتە سەر كوردستان.
ئەم دۆخە سەخت و ئاڵۆزە، پێویستی بەوە هەیە بەهێمنی بیر لە چارەسەر بكرێتەوە! نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سایكۆلۆژیایەكی هێمن و، كاریزماتیک، دۆسییەكان كۆدەكاتەوەو، لەسەردەمی گوتاری تۆپەكاندا، زمانی لۆژیک دەباتە ڤاتیكان و، پاپا لیۆی چواردەیەم و، سەرۆككۆماری ئیتاڵیا و وەزیرەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە، بەكامی دڵ گوێ دەگرن، ئەو كە دەیەوێت كوردستان وەكو سەنتەری ئارامی و پێكەوەژیان و جیاوازییەكان و، لەسەروی هەموویشیەوە وەكو سەنتەرێكی لێبوردەیی ئایینی و زێدێكی نەگۆڕی كریستیانەكانیش بمێنێتەوە، دەبێتە دەنگی ئەقڵانی و پراگماتیكی كورد لەسەردەمی وتوێژی موشەكەكاندا.
لەكاتێكدا هەمووان بەموشەك یەكتر دەدوێنن، نێچیرڤان بارزانی بە كتێب و تابلۆ و دیپلۆماسیەتی لووتكە، دێت و مەشهەدەكە دەگۆڕێت، كاریزمای خۆی فەرز دەكات، بەهەمووان دەڵێت: ڕاستە كوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام ئەقڵانیترین دەنگی ناوچەكەیە. لە كاتێكدا هەمووان لەسەنگەرەكانەوە موشەک لەیەكتر دەگرن، هەرێمی كوردستان مكوڕتر لەهەموو قۆناغەكانی دی دەستدەگرێت بە فرەیی و پێكەوە ژیانەوە.
سەردانە فەرمییە ئاستبڵندە دیپلۆماتییەكەی نێچیرڤان بارزانی، پێی گوتین: هێشتا پەراوێزێك ماوە بۆ دیپلۆماسیەت و گفتوگۆ، هێشتا پاساوێكی ڕاستەقینە ماوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزەكان.. بۆ پێشكەشكردنی كتێب و، شرۆڤەكردنی تابلۆكانی كوردستان. وێڕای زرمەی تۆپ، كوردستان دەتوانێت لەسەردەمەكە دانەبڕێت و، ئامادەیی دیپلۆماتی خۆی بەهەمووان پیشان بدات. ڕەنگە هەر ئەوەش نهێنی پێشكەوتنی زیاتری پێگەی كوردستان و مانەوەی قەوارەكەی بێت لە كۆتایی قۆناغەكەدا.