رۆژنامەی ھەولێر

لە ڕاڤەکردنی سەروەریدا؛ بوون، نەبوون و وەرچەرخان

فازڵ میرانی
وا دیارە ناونیشانەکە لە واقیعەکە شیکتر و جوانتر بێت؛ ئەگەر ناونیشانەکە بەمشێوەیە هەڵبژێردرابێت و ناوەرۆکەکە بە زمانی شەقام بێت، ئەوا هەرچەندە ڕاستیشبێت، بەڵام ئەمە زمانێکە تێیدەگەین و قسەی پێ ناکەین، ئەوەش لەبەر ڕەچاوکردنی هەستی خەڵک و بەو ئومێدەی کە فەزا بۆ نەوەیەکی خاوەن دیدگای فراوان بکرێتەوە چ بە قەناعەت بێت یان بە ناچاری کە تێبگات پێشەکییە هەڵەکان چۆن دەبنە هۆی ئەنجامە نائومێدکەرەکان.
لە ئەرکەکانی ئەو سیاسییەی بڕیاری دروست دروست دەکات و دەینجوێنیت، ئەوەیە کە لەپەیوەندییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ شەقام، ماڵەکان و شوێنی کار؛ خەڵکی ئەوێ، خەڵکی خۆمانن، ئەوان بارگرانن بە میراتێکی پڕ لە ئازار و مەینەتی، چ لەسیاسەتەکانی ڕابردو و چ لەوانەی دواتر: ترس، جەنگی وێرانکەر، ڕاوەدونانی ئەمنیی دڕندانە، پاشەکشەی بژێوی، قەیرانی کۆمەڵایەتی، نەزانکردنی کۆمەڵگە و تەحەددییەکانی ژیانی ڕۆژانە.
ئەگەر ڕژێمی پێشو سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت، ئەوا بە سێ شت سەرکەوت کە خۆیان لەبنەڕەتدا ،دۆڕان و زیانن، یەکەم، لە کودەتاکاندا سەرکەوت و ژینگەیەکی قێزەونی خولقاند کە هیچ قبوڵکردنێکی جەماوەریی بۆ نەبو؛ دوەم، سەرکەوت لە کێشکردنی وڵات بەرەو ڕوبەڕوبونەوە گەورەکان کە وزەی وڵاتیان تێکشکاند و ئاراستە مرۆییە تەندروستەکەیان بۆ ژیانێکی ئاشتییانە هەدم کرد؛ سێیەم،سەرکەوت لە چاندنی بیرۆکەکانی کە ئێستا بونەتە بنەمای بیرکردنەوەی زۆرینە، ئەمەش بە ڕونی نەک تەنها لە ئەدای هەندێک لە بڕیارە بەدەستەکانی ئەمڕۆدا، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵگەییشدا دەبینرێت.
بەداخەوە، لێکترازانەکان تەنانەت لەناو یەک پێکهاتەشدا ڕەگیان داکوتا و دەرکەوتن؛ ئەمە ئەگەر ئەو پێکهاتەیە بەڕاستی نوێنەرایەتی ئەو ناسنامەیە بکات کە بەرزی کردوەتەوە، حاشا لە عێراقییە ڕەسەنەکان کە ئەمە کردەوەی پێکهاتەکانیان بێت.
دەبێت بگوترێت کە سەروەری کاتێک دەبێتە “بڕیار”، بەدەستهێنانی کارێکی ئاسان نییە و پاراستنیشی ئاسان نییە؛ چونکە پێویستی بە هۆشیاری و کارکردن هەیە بۆ بەدیهێنانی.
تەنها زانینی چۆنیەتی لەدایکبونی سەروەری لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەسە بۆ ئەوەی یەکلایی بکەینەوە کە ئایا ئەمە سەروەرییەکی “بەخشراو” بو یان بە دەستی ناوخۆ “دروستکراو”. بۆ وەڵامی ئەمە، دەبێت بەڵگەنامە نزیکەکان بهێنینەوە؛ چونکە ڕژێمی پێشو سەرەڕای هەمو شەڕەکان دژی و هەمو قوربانییەکان، بەو شێوەیە لەناو نەدەچو کە لەسەر دەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا و پارتی کۆماری و کەسانی دیاریکراو لەو پارتە و ئیدارەکەدا لەناوچو، کە ئەوان زۆر بە سادەیی، بەهێزتر و خێراتر بون لە جێبەجێکردنی ئەوەی لەگەڵ پلانەکانیاندا دەگونجێت.
هەر کە گۆڕانکاری لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕویدا، بێ هیچ گومانێک ئەوە چەسپا کە ئەو هێزەی دەسەڵات لە ڕژێمێکەوە بۆ ڕژێمێکی تر دەگوازێتەوە، کاریگەری خۆشی دادەنێت؛ ئەو هێزە تەنها بۆ ئەوەی کە خەرجی کردوە لە چەک و خوێن و پارە وەفادار نییە، بەڵکو بۆ ناوبانگ و بەرپرسیارێتی خۆشی لە دروستکردنی ڕوداوەکان کار دەکات. ڕەنگە هەندێک وا تێبگەن کە کاریگەری هەمیشە بە واتای “سەپاندن و دیکتەکردن” دێت، بەڵام ئەمە حوکمێکی دروست نییە؛ چونکە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەندێک جار وا دەخوازن کە دان بەخۆدا بگرن لە بەرامبەر ئەدای هەڵەی هاوپەیمانەکانیان، چ بۆ تێگەیشتن لە ئاستی هۆشیارییان یان بۆ دەرخستنی مەیلی شاراوەیان کە پێشتر دیارنەبوە.
پێش هەمو ئەمانە، پرۆسەی گۆڕانکاری لە عێراقدا پرۆسەیەک بو کە حیساباتی بۆ کرابو بۆ ئەوەی سود بە ئاراستە ناسراوەکان بگەیەنێت لە یەکلاییکردنەوە و ئاراستەکردنی ململانێ یەبەدوای یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ واتە بە واتایەکی تر، ئەو پرۆسەیەی عێراق بەخۆیەوە بینی، پرۆسەیەکی ڕێکخستنی نێودەوڵەتی بو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کە چاوەڕوان دەکرا دوای بێلایەنکردنی، ببێتە ناوچەیەکی ئارام.
مەرج نییە ئەو دەوڵەتانەی ڕوبەڕوی هێرشی سەربازی دەبنەوە، بە ناچاری پاشکۆ بن، تەنانەت ئەگەر کاریگەری هۆکارە نێودەوڵەتییەکان لە گۆڕانکارییە سەرەکییەکاندا فەرامۆش نەکەین؛ پاشکۆیی لێرەدا لە نێوان “بڕیار” و “ناچاری” دایە. بەڵام ئەوەی دورە لە ڕاستی، ئەوەیە کە خاوەن بڕیار بانگەشەی سەربەخۆیی بڕیار بکات، بەڵام لە ڕاستیدا دەستەوەستان بێت یان نەیەوێت سەربەخۆ بێت.
لە چوارچێوەی ئەو وەرچەرخانە تێگەیشتوانەی لە ڕەوتی سیاسی عێراق دوای ٢٠٠٣ ڕویاندا، گەیشتنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕژێمی پێشو بو بۆ دەسەڵات. بەڵام ئەو ئەدایەی کە باڵادەست بو – کە هۆکاری خودی و بابەتیی تێدابو – ئەدایەک بو کە دەبوە هۆی دوبارەبونەوەی ئەو قەیرانانەی کە هیچ هۆکارێکی بابەتییان تێدا نییە. کاتێک دەورەکان گۆڕان لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات، بەرپرسیارێتییەکان کورتیی تێگەیشتنێکی ڕونیان نیشاندا؛ سەختە دیاری بکرێت ئایا ئەمە بە ئەنقەست بو یان لە نەزانییەوە. ئەنجامەکەش شێواندنی کارەکان و تێکەڵبونی میزاج و کەڵەکەبوەکانی ڕابردو بو لەگەڵ ئەو ڕێڕەوەی کە دەبو بگیرێتەبەر؛ جەمسەرگیری، شکاندنی یەکتر، سەنگەرگرتنی فرەلایەنە و ناسەقامگیری، بونە شۆک بۆ هاوبەشەکان و شۆک بۆ هەمەجۆریی گەلان.
لە نێوان ئەو شتانەی زیانیان بە مێژو و ناوبانگی خەباتی ئۆپۆزسیۆن گەیاند، ئەو کارانە بون کە خەڵکیان ناچار کرد بەراورد لە نێوان دو سەردەمدا بکەن؛ ئەمە کارێک بو کە نەدەبو لەوانە بوەشێتەوە کە بانگەشەی پڕۆژەیەک بۆ عێراقێکی باشتر دەکەن. هەروەها بەشێکی زۆری ڕەفتارەکان وایکرد سەربەخۆکان پەراوێز بخرێن، ئەمەش وایکرد وێنەیەک دروست بێت کە بڕیاری سیاسی بڕیارێکی “تەسفیە حیساب” و سڕینەوەیە. پاشان فراوانبونی پێکهاتەیی بە شێوەیەکی تاکلایەنە بۆ هەر گروپێک دەستی پێکرد، و مەترسیدارتر لەوەش، یاری کردن بو بە ئامرازەکانی دیموکراسی بۆ ئەنجامدانی کارێکی نادیموکراسی، وەک گەڕان بەدوای کەلێنەکاندا بۆ یاساییکردنی کارە هەڵەکان.
سەرگەردانی لە نێوان مەرجەعیەتی دەستور و لۆژیکی جوڵاندنی جەماوەر بە دروشمی زۆرینە و کەمینە، و بارکردنی کەسانی بێتاوان بە زوڵمی تاک یان گروپێکی مەزهەبی و نەتەوەیی، ئەو کارانەن کە وڵات بەرەو قەیرانی وا دەبەن کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە. زۆر سروشتییە کە لە سایەی ئەم دۆخەدا، سەروەری ببێتە “سەروەرییەکی جێگرەوە”، واتە سەروەریی لایەنێکی دەرەوەی سنورەکان. هەروەها سروشتییە کە تێگەیشتنەکە چەوت بێت ئەگەر هەرەمەکە لە دەرەوەی یاساکانی ماتماتیک ڕێکخرابێت، بۆیە هێزەکان بە لەرزی و ناسەقامگیری دەردەکەون، ئەمەش ڕۆژانە لە ژیانی هاوڵاتیاندا ڕەنگ دەداتەوە؛ ئەوان لە قەیرانێکەوە دەچنە ناو قەیرانێکی تر، و بەراورد دەکەن لە نێوان واقیع و ئەو پرۆپاگەندە ناوخۆییەی ئاراستەیان دەکرێت لەگەڵ ئەو ڕاڤە سیاسییە دەرەکییانەی بۆ کاروباری ناوخۆیان دەکرێت، ئەمەش وادەکات متمانەیان بە ڕاڤە دەرەکییەکان هەبێت و بێ متمانەیی تەواویان بەرەو ڕوی ناوخۆ هەبێت.
وەرچەرخانی چەمکی “هاوبەشی بۆ “بەشداریکردن کە تەنها دابەشکردنی پشکەکانە، بەپێی ئەو داتایانەی ڕویاندا، دەسەڵاتی لە فیکرە و پەیوەندی خاڵی کردەوە؛ فیکرەی حوکمڕانیی ڕەشید و پەیوەندیی سودبەخش کە دەبێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا بێت.
ئەو هاوڵاتییەی کە لە دەستوردا پێگەیەکی هەیە بەڵام لە واقیعدا دۆخەکەی جیاوازە. ئەو هاوڵاتییەی کە خەمی بوەتە دۆزینەوەی کارێک کە سودی بۆ ئەوانی تر هەبێت و موچەیەکی دەست بکەوێت کە ژیانێکی شکۆمەندانەی بۆ دابین بکات؛ ئەو هاوڵاتییەی کە لەلایەن لایەنێکی نادیارەوە تیرۆر نەکرێت؛ ئەو هاوڵاتییەی کە ماڵەکەی بە موشەک یان فڕۆکە بۆردومان دەکرێت و بکوژەکە دیار نییە؛ ئەو هاوڵاتییەی کە جوتیارێکی بێ ئاوە و بەرهەمەکەی ساغ نابێتەوە؛ ئەو هاوڵاتییەی دەناڵێنێت بەدەست دابەزینی نرخی دراو و بەهۆی هەژارییەکی نوێوە دەمرێت، و ناتوانێت شوێنی نیشتەجێبون و بژێوی ژیانی دابین بکات.
ئایا نابینیت کە بنەمای سەروەریی بڕیار، هاوڵاتییەکە کە سەر بە دەوڵەتێک بێت کە خەمی بێت؟ دوبارەکردنەوەی هەڵەکان یاری کردنە بە چەمکی سەروەری و بوەتە هۆی نەمان و لەناوچونی؛ هەروەها وەرچەرخانێکی تێدا دروست کردوە کە وایکردوە هێزە کاریگەرەکان ئەوانە بن کە سەروەریی بڕیاریان بەدەستەوەیە – چ بە تەواوی یان بە نیوەیی یان بە ڕێژەیەکی دیاریکراو – بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکە دیاری بکەن. ئەمەیە ئەوەی ڕودەدات، و ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە نە ئاسان دەبێت و نە ئارام، ئەوەش بەهۆی سوربون لەسەر دژایەتیکردنی ئەو ڕاستیەیە.

وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی