رۆژنامەی ھەولێر

دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان؛ بەرەو لووتکەی سەرکەوتن و ستراتیژییەتی بنیادنانی مرۆڤ

گۆران رەزا حسێن
لەگەڵ هەڵاتنی خۆری ڕۆژانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، ئێمە وەک خێزانێکی گەورەی پەروەردەیی، هەست بەو تێکەڵە وێنە جوانە دەکەین کە لەنێوان هیوا و کارکردندا کێشراوە. ئێوە ئێستا لە بەردەم دەرفەتێکی زێڕیندان؛ دەرفەتێک کە تەنها تاقیکردنەوەی زانیارییەکان نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ دروێنەکردنی ئەنجامی ماندووبوونی شەونخونییەکانی ساڵێکی تەواوی خوێندن. ئەم چەند ڕۆژەی پێداچوونەوە، تەنها کاتێکی ئاسایی نین، بەڵکو ساتەوەختی داڕشتنەوەی نەخشەی داهاتوو و دیاریکردنی چارەنووسی خەونەکانتانە.
داواتان لێ دەکەم لەم ساتە هەستیارانەدا، بەوپەڕی تیشکۆیی، ئیرادە و وزەوە مامەڵە لەگەڵ کاتەکانتاندا بکەن. با نمرەی بەرز و نایاب ببێتە ئامانجی لەپێشینەتان، چونکە نمرەی بەرز تەنها ژمارەیەک نییە لەسەر پەڕەی بڕوانامەکان، بەڵکو ناسنامەیەک بۆ ڕەنج و کۆششەکانتان و، شکۆیەک بۆ لێهاتوویی و خۆڕاگریتان دەسەلمێنێت.
کاتێک قوتابی پلەیەکی بەرز بەدەست دەهێنێت، لە ڕاستیدا ڕێز لە ماندووبوونی خۆی و خێزانەکەی و مامۆستاکانی دەگرێت. ئێمە وەک مامۆستایان و پەروەردەکارانتان، کە هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ سەرکەوتنی ئێوە تەرخان کردووە، بە پەرۆشەوە چاوەڕێین بەو نمرە نایابانە زەردەخەنەیەکی قووڵ و پڕ لە شانازی بخەنە سەر لێوی خێزانەکانتان، کە ئەوان بێباکانە هەموو پێداویستییەکیان بۆ دابین کردوون. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم کێبڕکێیە زانستییە، دەبێت ڕاستییەکی گەورەتر فێر ببن؛ شکۆمەندیی ڕاستەقینەی مرۆڤ تەنها لە چوارچێوەی ژمارە و نمرەکاندا کورت نابێتەوە.
پەروەردەی ئێمە لە کۆمەڵگەی بان، تەنها بۆ ئەوە نییە مێشکتان پڕ بکەین لە زانیاری، بەڵکو بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا “مرۆڤی گەورە” و کاریگەر پێشکەشی نیشتمان و مرۆڤایەتی بکەین. دەمانەوێت لەم قوتابخانەیەوە نەوەیەک پێبگەیەنین کە تەنها خاوەن بڕوانامە نەبێت، بەڵکو خاوەن بەها بێت. دەمانەوێت لێرەوە: دکتۆرێکی مرۆڤدۆست بەرهەم بهێنین کە ئازاری نەخۆشەکان وەک ئازاری خۆی ببینێت، ئەندازیارێکی دڵسۆز کە خەمی ئاوەدانکردنەوەی شارستانیەتی وڵاتی بێت، پارێزەرێکی ڕاستگۆ کە ببێتە قەڵایەک بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، مامۆستایەکی خەمخۆر کە چرای زانست بۆ نەوەکانی داهاتوو داگیرسێنێت، ژینگەپارێزێکی بە ئەمەک کە نیشتمان بە باخی خۆی بزانێت و، هاووڵاتییەکی خاکی و دڵسۆز کە بەرژەوەندی گشتی بخاتە سەروو هەموو شتێکەوە.
لای ئێمە، سەرکەوتنی ڕاستەقینە کاتێکە کە زانست و نمرەکانت دەکەیتە پردێک بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و گەشەپێدانی کۆمەڵگە. قوتابیان لەم چەند ڕۆژەدا بەهێز بن، متمانتان بە تواناکانی خۆتان هەبێت و ڕێگە مەدەن دودڵی و ترس ڕێگاتان لێ بگرێت. نمرەی بەرز بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی دەرگای خەونە گەورەکانتان بپێکن و بچنە ناو ئەو بوارانەی ئارەزووی دەکەن. هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا ئەوە بزانن کە نرخ و بەهای ئێوە لای ئێمە زۆر لەوە گەورەتر و بەرزترە کە تەنها لە ئەنجامێکی کاتیی تاقیکردنەوەدا کورت ببێتەوە. ئێوە سەرمایەی نیشتمانن و داهاتووی ئەم وڵاتە لە دەستی ئێوەدایە. بە ئومێدی درەوشانەوەتان لە تاقیکردنەوەکاندا و گەیشتنتان بە لووتکەی سەرکەوتن.