رۆژنامەی ھەولێر

ئافرەتان، هاوسەنگیی کۆمەڵایەتین

فەزیلە شۆرش
ئەوەی بۆ پێگەی ئافرەتان گرنگە، ڕاگرتنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتییە لە هەموو کایەکانی ژیاندا. بەداخەوە، لەگەڵ بوونی پێشکەوتنێکی جیهانی بەتایبەتی لە دۆزی ئافرەتاندا، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە مافەکانی ئافرەتان و یەکسانییان لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی دروست دەستەبەر بکرێت. کاتێک یەکسانی کۆڵەکەی هاوسەنگییە، ئافرەتان لە جیهاندا ڕووبەڕووی جیاکاری، سنووردارکردنی ئازادی و جیاوازی لە مووچەدا دەبنەوە. بۆیە هەر فشارێکی کۆمەڵایەتی بە شێوە دروستەکەی بۆ باشترکردنی دۆزی ئافرەتان، دەبێتە هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی، تاوەکو پێگەی ئافرەتان بە هاوسەنگی بمێنێتەوە یان هاوسەنگی بەدەست بهێنرێت.
بێگومان خەباتی ئافرەتان بۆ بەرقەرارکردنی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ئاستەنگەکان بەردەوام دەبێت، چونکە ئافرەتان نەک هەر بەشێکی سەرەکی، بەڵکو کۆڵەکەی هاوسەنگیی کۆمەڵایەتین. سەرەڕای هەموو سەختییەکان و دروستکردنی چەندەها لەمپەری نابەجێ، ئافرەتان هێزێکی پاڵنەریان هەیە بۆ ئەوەی بەردەوام بن و لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانیان بێدەنگ نەبن.
ئافرەتانی بەهێز پێویستییەکی زۆر گرنگن بۆ بنیاتنانی خێزان و ژیانێکی کۆمەڵایەتیی تەندروست، چونکە کاتێک ئافرەت بەهێز دەبێت، بێگومان هەموو کۆمەڵگە بەهێز دەبێت. بۆیە گرنگە یاسا و ڕێسای زیاتر لە بەرژەوەندیی ئافرەتان دابڕێژرێت تا چیتر مافەکانیان پێشێل نەکرێت. هەلی کار و کارکردن یەکێکە لە مافەکانیان، بە مەرجێک سەروسیمای ئافرەتان ڕۆڵی نەبێت لە دامەزراندنیان، بەڵکو توانا کانیان پێوەر بێت.
هەروەها پێویستە دەرفەتی زیاتر بدرێتە ئافرەتان لە پێشەنگایەتیدا، چونکە ئافرەتان توانایەکی خۆڕاگرانەی سروشتییان هەیە بەرامبەر ماندووبوون و هیلاکیی دەروونی و جەستەیی. وەک دەبینین لە یەک کاتدا چەندەها ڕۆڵی گرنگ پێکەوە جێبەجێ دەکەن؛ وەک دایک، هاوسەر و کارمەند لە دەرەوە یان لە ناو ماڵدا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان. لە پاڵ ئەمانەشدا، بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ بە زۆری لە ئەستۆی دایکدایە. بێگومان ئەمە پێویستی بە توانا و هێزێکی زۆر هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو هەموو ئەرکانە لە یەک کاتدا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئافرەتان توانایەکی پۆڵایینیان هەیە.
ئافرەتان پێکهێنەری سەرەکیی خێزانن و خێزانیش جەمسەرێکی گرنگی بەخشینی ئاسوودەیییە لە نێوان تاک و کۆمەڵگەدا. هەر هەوڵێک بۆ نەمان یان کەمبوونەوەی بەرچاوی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە، هەنگاوێکە بۆ بەرقەراربوون و پاراستنی هاوسەنگیی تەواوی کۆمەڵگە.