شێرکۆ حەبیب
لە کاتێکدا تەپڵی شەڕ لە ناوچەکەدا لێدرا و تاڵییەکانی ململانێی نێودەوڵەتی بە هۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانەوە تێکەڵ دەبن، و وڵاتانی دەوربەر و ناوچەکە بەتایبەتی کەوتنە نێوەندی ئەو گرژییە، زیانێکی زۆری ژێر خانی بەو وڵاتانە کەوت، کە کاریگەری لەسەر ئابووری تا ئایندەیەکی نادیار دەبێت، جگە لە پێدانی مسروفاتی ئەو بەرگرییەی ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی مووشوک و درۆنی ئیرانی دژ بەو وڵاتانە.
لەم جەنگ و پێکدادانە هەندێ لایان لە ناو عێراق ویستیان عێراقیش پەلکێش بکەن بۆ لایەنگری لایەنێک، بەڵام حکوومەتی عێراق تا رادەیەک توانی خۆی بە نیمچە بێلایەنێک بهێلێتەوە، تەنیا هەندێ میلشیا و گرووپی لەیاسا دەرچوو نەبێ شارەکانی کوردستانیان کردە ئامانج بۆ ئەوەی کورستانیش وەڵام بداتەوە و ببێتە بەشێک لەو جەنگە وێرانکارییە.
هەرکەسێک بیر لە مێژووی هەرێمی کوردستان و حیکمەتی سەرۆک بارزانی بکاتەوە، تێدەگات کە ئەوەی ئەمڕۆی ئەزموونی کوردستان ڕێکەوت نییە، بەڵکو بەرهەمی عەقیدەی سیاسیی ستراتیژییە کە لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری و بێلایەنی و پاراستنی ئەزموونی دیموکراسییە.
هەر لەسەرەتاوە سەرۆک بارزانی ڕەتیدەکردەوە کورسستان ڕابکێشنە ناو ئەو سەرگەرمییە سەربازییانەی کە خزمەت بە هەرێم ناکەن بەڵکو دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی کوردستان. سەرەڕای ئەوەش، سەرۆک بارزانی داوای چارەسەری سیاسی و پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی دەکات، چ لە سەر ئاستی کوردستان، یا لە سەر ئاستی عێراق بە گشتی، بۆ ئەوەی کوردستان نەکەوێتە ناو چارەنووسە نادیار نەزانراوەکانەوە.
بێگومان ئەم دید و بۆچوونانەی سەرۆک بارزانی لە ئەزموونی زیاتر لە نیوسەدە لە خەباتی چەکداری و سیاسی سەرچاوە وەردەگرێت، کە هەردەم هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ بەرقەرار بوونی ئارامی و هێوری و ئاشتی لە ناوچەکە، و دوربوونی کوردستان لە هەر گرژییەک کە زیانی میللەتی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام هەرگیز ئەوەی رەت نەکردۆتەوە کە پاراستن و بەرگری کوردستان لە دژی هەر هێرش و دەستدرێژیەک ئەرکێکی نیشتمانییە.
ئەمڕۆ کوردستان بەڕوونی ڕەتیدەکاتەوە ببێتە سووتەمەنی بۆ شەڕی ئەوانی تر. سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتیەک ئاشتی هەڵبژاردووە نەک ململانێ. جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزی ڕاستەقینە لە توانای کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیانە لەناو هەرێمێکدا کە لە هەموو لایەکەوە بە بڵێسەی ئاگر گیراوەتەوە.
کوردستان هەردەدم پێگەی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیانە و هەردەم لە هەوڵی دابینکردنی پەناگای ئارامە نەک هەر بۆ میللەتەکەی بەڵکو بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و لە ترسی تیرۆر و ناداپەروەری هانای بۆ دێنن، کە ئەمەش دید و بۆچوونەکانی سەرۆک بارزانی ئەو بوارە ئارامەی ڕەخساندووە.

