رۆژنامەی ھەولێر

لە یادی ئەنفالکردنی کوردستاندا

عارف ڕوشدی
ئەو گەلانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، ئاستی پابەندبوونیان بە بنەماکانی ناسنامەی (نەتەوەیی و نیشتمانی) لە هەڵکشاندایە؛ چونکە ئەمە تەنیا هۆکاری مانەوەیانە. بۆ نموونە: (جوولەکە، ئەرمەن و کۆسۆڤۆییەکان)، بەدەر لەوە هیچ دەرفەتێکی دیکەی ڕزگاربوونیان نەبووە؛ بۆیە ئەو گەلانە لە ڕێگەی خەباتێکی هەمەلایەنەی نەتەوەییەوە توانییان بە مافی چارەی خۆنووسین شاد ببنەوە و لە وڵاتێکی سەربەخۆدا پارێزراو بن و بەشدار بن لە کاروانی شارستانییەتی گەلاندا.
وەلێ بەداخەوە، سەرەڕای ئەنفالکردنی گەل و وڵاتەکەمان، هێشتا لە کۆمەڵگەی سیاسیی کوردەواریدا ڕەوتێکی سازشکاری لادەر بوونی هەیە، کە نەک هەر لە گوماوی گومڕایی و تێکشکاویی دەروونی و ئەخلاقی ڕزگاری نەبووە، بەڵکو لە هەوڵ و کۆششدایە بتوانێت بەشێکی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی پیلانی هاوبەشی دوژمناندا و لە پێناوی خواستێکی ڕسوادا ماندوو بکات. ئەم ڕەوتە بە هەڵمەتی لەخشتەبەر و پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆژەی نەتەوەسازی و خواستی ژیانێکی ئازاد و سەرفرازی نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
بەڵام هاوتەریبی گۆڕانکارییەکان و ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان، بڕوای گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی پتەوتر کردووە و ئاستی هۆشیاریی گەلی کوردستانی باڵاتر کردووە؛ گەل لە پیلان و کایەبازییەکانیان بەئاگاتر و بەهێزتر بووە. وەک ڕاستییەکی چەسپاو، گەلەکەمان خاوەنی ویژدانێکی لێوانلێو لە کەرامەتی نەتەوەیی و ژیاندۆستییە، بۆیە ئەو ڕەوتە خۆڕادەستکەرە نوشستی هێناوە و بەرەو هەڵدێری مێژوویی هەنگاو دەنێت.
دروود بۆ گیانی شەهیدانی ئەنفالە بەدناوەکان، ڕسواییی هەمیشەیی بۆ ئەنفالچییە گۆڕبەگۆڕەکان و هاوبیرەکانی ئێستایان.