رۆژنامەی ھەولێر

لە یادی ٥ ساڵەی کۆچی دوایی شاعیر و گەنجینەی پڕ لە ســــــــــەروەریی نیشتمان

خوێندنەوەیەک بۆ دوایین شیعری ئەحمەد دڵــــــــــــزار
ئــــاری ئـــــاغۆک
بێزارم ڕۆیی زەمەنم، سەدویەک ساڵە تەمەنم
ئای چەند بێتینە تەنم، هەر ئێسک و پێستە بەدەنم
لەگەڵ ئەمانەشا هەموو، زۆر دڵشاد و بەختەوەرم
جا برایان تێکۆشەران، بە بڕوای من ئەو ڕۆژە دێ
کوردستانی گەورە و گران، دەبێتە بەهەشتی جیهان

کاتێ دەڵێین ئێمە مێژوویەکی پڕشنگداری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کولتووریمان هەیە، ئەوا پێویستە نەوەی ئێستا و ئایندە بزانێ بناغەی ئەو مێژووە پڕ لەشکۆ و شانازیە لە ڕێگەی وشە و هەست و قەڵەم و دیدی کەڵەپیاوانی سەدەی ڕابردوو بنیات نراوە، ناکرێ لەیەک گۆشەوەوە لەو ڕابردووە بڕوانین، بەڵکو دەبێ لە هەموو لق و پۆپەکانەوە مێژووی ئەو کەسە جوانانەی نیشتمان بەهەند وەربگرین و چەشنی تابڵۆی شانازی ساڵانە لە یادی ماڵئاوایییاندا بیرەوەریەکان وەبیر خۆمان و دەورووبەر بێنینەوە، تا هەمووان بزانن لە سەردەمی ترس و تۆقاندن ئەوا مێژووی ئەدەبیمان چەندە ڕوناک و پڕ لە چالاکی بووە، بۆیە گرنگە ژینگە و ژیانی ئەو کەسایەتیانە بەووردی شرۆڤە بکەین و گەشتی یادەوەری لەبیرنەکراو بۆ شوێنی لەدایکبوون و پەروەردە و گەورەبوونیان بکەین.
ئەمجارەیان لەم یاد و بیرەوەریەدا دەچینە شاری کۆیە، چونکە بە درێژایی مێژوو شاری کۆیەی دێرین مەڵبەندێکی گەورەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و هونەری بووە، بەهۆی ئەم جموجۆڵ و بزاڤەی وای کردووە کۆمەڵە کەسێکی خەمخۆر بەرانبەر بەخاک و نیشتمان و نەتەوە، لە ڕێگەی وشە و دەربڕینەوە هەڵوێست و دید و پەیامی خۆیان هەر زوو بەدیار بخەن، وێڕای سەختی ژیان و نەبوونی ئازادی بەڵام هەر بوێرانە و ئازادە هاتوونەتە مەیدان.
یەکێک لەو شاعیر و نووسەر و تێکۆشەرانەی نیشتمان (ئەحمەد دڵزار)ە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ لە تەمەنی ١٠١ ساڵی دا ژیانئاوایی کرد.
ئەحمەد مستەفا محەمەد ئاغا حەوێزی ناسراو بە (ئەحمەد دڵزار) یەکێکە لەو شاعیرانەی کە بە پەیڤ و هەڵبەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لە قۆناغێکی زوو کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر هۆشیاریی نەتەوەیی میللەتی کورد.
لە ڕوانگەی هەست و ناسنامەی نەتەوەییدا هەڵبەستەکانی کاریگەری هەبووە،و باسی لە خاك، زمان و مێژووی کورد کردووە. ئەمە وای کردووە خوێنەری کورد هەست بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات، هەروەها لەزمانی شیعریەوە پشتگیری لە خەبات و ئازادی کردووە ئەمەش بەهۆی ناوەڕۆکی هەڵبەستەکانی کە لەناوەڕۆک دا هەستێکی خەباتگێڕی و ئازادیخوازانەی لەخۆگرتووە، کە میللەت هان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە داواکاریی مافەکانیان، جگە لەمەش لە فۆرمی نووسینەکانی دا هەوڵی داوە پاراستنی زمان و کەلتوور بپارێزی ئەمیش بە بەکارهێنانی زمانی کوردی بە شێوەیەکی ڕەوانبێژی جوان و هونەری، کە بۆتە هۆی پاراستن و بەرزکردنەوەی زمانی کوردی، لەگۆشەیەکی دیکەوە هەوڵی دروستکردنی پردی هیوای کۆمەڵایەتی بۆ ئایندە داوە ئەویش لە ڕێگەی هەڵبەستەکانیەوە زۆرجار هیوایەک و ئومێدێک بۆ داهاتوویەکی باشتر دروست کردووە بە تایبەتی لە کاتە سەختەکانی سیاسیدا.
نابێ ئەوەش لەیاد بکەین کە دڵزاری شاعیر یەکێک بووە لەو ڕۆشنبیرانەی هەمیشە لە ڕێگەی هەڵبەستەوە ڕەخنەی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرتووە، بە شێوەیەکی سادە و مانا قوڵی و هونەریی ڕەخنەی لە نادادپەروەری و کێشەکان گرتووە، کە بەدرێژایی حکومڕانیەکەی ووڵات پەیامەکانی دەربڕیوە.
بۆ ئەوەی زێتر ئاشنای ژیان و کار و بەرهەم و دیدگاو تێفکرینی ئەحمەد دڵزار بین، لێرەدا گەشتێکی خێرا بە نێو وێستگەکانی تەمەنی ئەو مرۆڤە مەزنە دەکەین.

ژیاننامە
دکتۆر مارف خەزنەدار لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی بەم شێوەیە باس لە ژیاننامەی ئەم شاعیر و تێکۆشەرەی نیشتمان دەکات:
– ئەحمەد کوڕی مستەفا کوڕی محەمەد ئاغای حەوێزی لە 8ـی کانوونی دووەمی 1920 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، لەتەمەنی حەوت ساڵیدا ماوەی دوو ساڵێک لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی و لە ساڵی 1929 چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی، لە پاشانا قوتابخانەی ناوەندی و لە ساڵی 1941 کۆتایی بەم قۆناغە هێناوە و دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە، لەو کاتەوە کە دەستی کردووە بە شیعروتن نازناوی (دڵزار)ی هەڵبژاردووە و بووە بەو ناوەی کە پێی دەناسرێتەوە.
لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی گێتی (1942) بووە بە سەرباز لە تیپی تایبەتی (لیڤی)، ئەم تیپە سەربازیە لەلایەن ئینگلیزەوە دامەزرابوو لە دوای داگیرکردنی عێراق (1918)، سەربازەکانی لە هەموو میللەت و کەسانی دانیشتوانی عێراق پێک هاتبوو، زۆریان لە ئاسوورییەکان بوون لەناو کوردەواریدا تەیارییان پێ دەڵێن، دڵزار نزیکەی سێ ساڵ و نیو لە ڕێزی ئەم تیپە سوپایە مایەوە، بەشێکی ئەم ماوەیەی لە فەلەستین بردە سەر.
لەو کاتەی لە خزمەتی سوپا ڕزگار بوو لە ساڵی 1946 گەڕایەوە کۆیە، لەو کاتەدا پێوەندی بە کۆمۆنیستانەوە کرد، لە دوای ماوەیێکی کەم لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ یەکەمین جار گیرا، لەوساوە تا ئێستا کارو پیشەی مووچەخۆری نەبووە بۆ دابینکردنی گوزەرانی، بەڵکو کادیرێکی حیزبی بووە، بە ئاشکراو نهێنی لە ڕێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیستاندا کاری کردووە.
دڵزار بۆ جاری دووەم لە ناوەڕاستی ساڵی 1948 گیراوەتەوە، لە کۆیەو ڕەوانەی هەولێر کراوە لە سەرەتای 1949 دادگا فەرمانی شەش مانگ بەندکردنی دەرکردووە و نێرراوە بۆ بەندیخانەی نێوەندیی بەغدا، لەناو بەندیخانە لەسەر جموجۆڵی سیاسی تاوانبار کراوە و دادگا فەرمانی سێ ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکردووە و ناردوویانە بۆ بەندیخانەی کووت، لە هاوینی 1952 ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە بۆ کۆیە، ئیتر دەستی کردووە بە ژیانی نهێنی لە ڕێزی کۆمۆنیستاندا، لە ساڵانی 1952-1953 لە هەولێر بووە، ئینجا نێرراوە بۆ سلێمانی، لە پاشانا لە ئابی 1954 گوێزراوەتەوە بۆ کەرکووک، لەو ماوەیەدا دەسەڵات هەوڵی دەدا بیگرێ، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدەدا، لە دوای ماوەیێک چووە بۆ هەڵەبجە لەوێ گیراوە بە بەندکراوی نێرراوەتەوە کەرکووک، ئینجا بەدەستبەسەری ڕەوانەی بەندیخانەی نوگرەت سەلمان کراوە لە سارای باشووری عێراق، لە ساڵی 1956 ئازاد بووە و گەڕاوەتەوە کۆیە و بە نهێنی ژیاوە تا کوودەتا سەربازیەکەی 14ی تەمووزی 1958ـی بەغدا، لەم ماوەیەدا تا ساڵی 1960 خەریکی کاروباری سیاسی کۆمۆنیستەکان بووە لە کۆیە، لەو ساڵەدا کراوە بە دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (ئازادی) لە بەغدا.
لە دوای کوودەتای 8 ی شوباتی 1963 چۆتە ناو ڕێزی کۆمۆنیستە چەکدارەکان کە بنکەیان لە گوندی کلکەسماق و لە پاشانا لە گوندی ئاوەگرد بووە لە ناوچەی کۆیە، لە ساڵی 1967 بەملاوە چاوی دەسەڵات زۆر بەدوای کۆمۆنیستەکانەوە نەبوو، بەتایبەتی لە دوای بەیانی 11ی ئاداری 1970.
لە ماوەی 1970-1972 بەشداری لە دەورەیەکی ڕۆشنبیری کردووە لە مۆسکۆ لە بارەی فیکری مارکسییەوە، هەروەها لە ئەکادیمیەی بولگاریا لە شاری سۆفیا باوەڕنامەی زانستییە کۆمەڵایەتییەکانی وەرگرتووەو ئینجا گەڕاوەتەوە وڵات لە ساڵانی 1972-1973 بووە بە وانەبێژ لە قوتابخانەی کۆمۆنیستەکان لە گوندی دەرگەڵەو مێژووی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت و بزووتنەوەی کرێکارانی گێتی وتۆتەوە.
لە دوای ئەوەی لە ساڵی 1972 کە دەسەڵاتی عیراق بەدەست پارتی بەعسەوە بوو پەیمانی ستراتیجی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە مۆرکردو لە بەهاری 1974 لەگەڵ شۆڕشی کورد تێکچوو، شایلۆغان و دەست لەملانێ بوو لە نێوان پارتی بەعس و پارتی کۆمۆنیست، بەرەی نیشتمانییان دامەزراند، دڵزار لەگەڵ نۆ کەسی دیکە بەناوی کۆمۆنیستەوە بوون بە ئەندام لە ئەنجوومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان، ئیتر لەو کاتەوە حاڵ و باڵ و گوزەرانی دڵزار و کۆمۆنیستان باش بوو تا ناوەڕاستی ساڵی 1979، لەوکاتەی بەعس لەمانەش هەڵگەڕایەوە، ئیتر دڵزار ناچار بوو چووە پاڵ ڕێکخراوی کۆمۆنیستەکان لە ناوزەنگ و پشتئاشان تا ساڵی 1983، لەو ساڵەوە چووە سووریا، ئینجا بولگاریا لە پاشانا سوید و بوو پەنابەری سیاسی تا ساڵی 1994 و بەیەکجاری گەڕایەوە نیشتمان.

دوایین شیعری دڵزار
لەگەڵ ئەوەی بەدرێژایی سەدو یەک ساڵەی تەمەنی و ٨٠ ساڵەی نووسینی پڕ لە بەخششی، دڵزار خاوەن چەندین دەقی ئەدەبی یە، کە لەمێژووی ئەدەبیاتی کوردی بە بایەخەوە خوێندنەوە و توێژینەوەی بۆ کراوە، لێرەدا نموونەیەک لەشیعرێکی دێنینەوەو هەوڵ دەدەین شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین، چونکە ئەم هەڵبەستە جیایە لە هەڵبەستەکانی دیکەی، هەرچەندە لە زۆربەی دەقەکاندا باس لە ژین و ژیانی خۆی دەکات لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەییەوە، بەڵام لەم شیعرەدا کە بەر لە مانگێک لە کۆچی دوایی، لە ڕێکەوتی ١٥-٣-٢٠٢١ نووسیویەتی باس لە واقیعێکی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت:
بێزارم ڕۆیی زەمەنم، سەدویەک ساڵە تەمەنم
ئای چەند بێتینە تەنم، هەر ئێسک و پێستە بەدەنم
لەگەڵ ئەمانەشا هەموو، زۆر دڵشاد و بەختەوەرم
جا برایان تێکۆشەران، بە بڕوای من ئەو ڕۆژە دێ
کوردستانی گەورە و گران، دەبێتە بەهەشتی جیهان

کاتێ ئەحمەد دڵزار ئەم هەڵبەستەی نووسیوە، هەوڵیداوە لەڕۆحی هەڵبەستی نەتەوەیی و مرۆییدا هارمۆنیەتیەک جوان لە (خەم، ماندووبوون و، هیوای نەتەوەیی و خەون و خۆزگە) نیشان هەمووان بدات، کە لەچەندین ڕەهەندی جیاوە مەبەستەکان دەخاتەڕوو:
*گەڕانەوە بۆ ئەوسا و لاوازی تەمەن.
-بێزارم ڕۆیی زەمەنم، سەدویەک ساڵە تەمەنم
لەگەڵ ئەوەی شاعیر خۆی وەک کەسێکی پیر و بەتەمەن نیشان دەدات ئەم هەستەوە وەک وێنەیەکی ئەدەبی پێمان دەڵێت: (سەدویەک ساڵ) نیشانەی هەناسەی بەردەوامی و درێژی خەبات و هیلاکی ژیانە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئەوا ڕاستەوخۆ هەستێکی بێزاری و خەمگینی لەسەر ڕابردووی دەخوێنرێتەوە.

* ڕوانین لە وێنەی جەستەیی و هیلاکی تەمەن
– ئای چەند بێتینە تەنم، هەر ئێسک و پێستە بەدەنم.
لەم دێرە شیعرەدا ئەحمەد دڵزار، لەگەڵ ئەوەی لەڕووی جەستەییەوە خۆی وەک کەسێکی زۆر لاواز نیشان دەدات، چونکە (ئێسک و پێست) گوزارشتە لە ماندووبوون و هەوراز و نشێوی ژیان و ململانێ و جەنگی دەروونی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئەم پەیامە تەنیا باسکردن و نیشاندانی جەستە نیە، بەڵکو وێنەیەکە بۆ مەحرومیەتی نەتەوەیەکی ئازارچەشتە، بەڵام هەمیشە بە هێز و تواناوە دەبینرێ.

*چەمکی دڵشادبوون
-لەگەڵ ئەمانەشا هەموو، زۆر دڵشاد و بەختەوەرم.
سەرەڕای ئەو هەموو ماندووبوون و خەم و ئازارەی تەمەنی ڕابردووی، بەڵام شاعیر هێشتا دڵشاد و بەختەوەرە، بێگومان ئەمەشیان نیشانەی هێزی ناوەوە و بڕوا و ئایدیای بەهێزە، بەومانایەی ڕاستە جەستەم لاوازە، بەڵام ڕۆحم بەهێزە و دەدەم ڕوونە.

*ڕێزگرتن لە تێکۆشەران
-جا برایان، تێکۆشەران
لەو دێرەدا شاعیر بە زمانیکی سادە، بەڵام قوڵ مانا ئاماژە بەو کەسانە دەکات کە بۆ نەتەوە و ئازادی تێکۆشاون، چونکە وشەی (برایان) گوزارشتە لە هەستێکی پتەوی هاوڕێیەتی و برایەتی و یەکگرتوویی.

*ئومێدی ئایندە
-بە بڕوای من ئەو ڕۆژە دێ
ئەمەیان گرنگترین ڕەهەندی هەڵبەستەکەیە، چونکە شاعیر یەقینێکی تەواوی بە داهاتوویەکی باش و ئومێدێکی زۆری بۆ ئایندە هەیە، بێگومان ئەم ڕستە شیعریە نیشانەی ئومێد و باوەڕی نەتەوەییە.

* خەونێکی گەورە بۆ نیشتمان
– کوردستانی گەورەو گران، دەبیتە بەهەشتی جیهان
ئەم دێرە وێنەیەکی زۆر جوانی ریالیزمییە کە خەونی گەورەی هەر تاکێکی کۆمەڵگە بریتیە لە حەسانەوە لە بەهەشتی نیشتمان، بۆیە لەم تێکستەدا بەهەشتی جیهان یەکسانە بە ئاماژەی ئاشتی و ئازادی و خۆشبەختی و سەربەخۆیی. دواجار ئەمەشیان دوماهیەکی ئومێد بەخشە بۆ فۆرمی نووسینی ئەم تێکستە.
لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەم هەڵبەستە، سەرەتا بە زەمەنی هیلاکی و خەم و ماندووبوونی کەسێک دەست پێ دەکات، بەڵام ئەم کەسە دەکرێ (من، تۆ، ئەو، ئەوان و، هتد) بێت، وێرای ریتمی بەرزی و نزمی بەڵام هەر بە بڕوا و هێز و ووزەی نوێوەوە بەردەوام دەبێت، دواجار بە هیوا و خەونی نەتەوەیەک کۆتایی دێت. ئەمەشیان ئەو مانا قووڵە دەگەیەنێت کە لە نێو هەناوی سەخت و دژوار و هیلاک و ماندووبوونیشدا بەڵام هەرگیز چرای ئومێدی نەتەوەیی ناکوژێتەوە.

*ژیانئاوایی
دوای ١٠١ ساڵ تەمەنی پڕ لە سەرەوەری و تێکۆشانی نیشتمان، شاعیری گەورە و شۆرشگێر مامۆستا (ئەحمەد دڵزار) لە ڕێکەوتی ١٠-٤-٢٠٢١ لە شاری هەولێر ژیانئاوایی لە وشە و شیعر و نووسین کرد، لە شاری کۆیە لەگۆرستانی دەروێش خدر بەخاک سپێردرا.

سەرچاوە:
1. مێژووی ئەدەبی کوردی، دوکتۆر مارف خەزنەدار، بەرگی حەوتەم ١٩٤٥-١٩٧٥.
2. بەرنامەی دیداری تایبەت، کەناڵی ڕەسەن، ئامادەو پێشکەشکردنی: ئاری ئاغۆک، یادی ١٠١ ساڵەی ئەحمەد دڵزار، ٨-١-٢٠٢٠